ترەمپ لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) ئاماژەی بەوەکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی (ئێف بی ئای) ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە ھاوینەھەواری (ماری ئای لاگۆ) لە ویلایەتی فلۆریدا و گەمارۆیان خستووەتەسەر.

ترەمپ رەفتاری کارمەندانی نوسینگەی فیدراڵی بە پێچەوانەی یاسا ناوبرد و رایگەیاند، چەپە توندڕەوەکانی ناو دیموکراتەکان سیستمی دادوەری وەک چەکێک بۆ پەلاماردان بەکاردەھێنن و رێگەنادەن خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ کاندید بکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەر رووداوی ھەڵکوتانە سەر بینای کاپیتۆڵ لە ٦ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١، کۆنگرێس و وەزارەتی دادی ئەمریکا چەندین دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ ترەمپ کردووەتەوە و لەماوەی رابردووشدا تۆمەتبارکرا بەھەوڵدان بۆ کودەتاکردن بەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.