ڕۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ھیچ وەفدێکی ئەمریکی بە نھێنی نەچووەتە سوریا، بەڵام "جۆی ھۆد" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ خۆرھەڵاتی نزیک، قسەی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" کردووە و دڵنیای کردووەتەوە، کە سوریا جیاوازە لە ئەفغانستان و ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ھاوکاریکردنی ھەسەدە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی ئەو گرووپە، چونکە تا ئێستاش داعش مەترسیەکی گەورەیە لە سوریا.
سەرچاوەکە وتیشی، ھەسەدە ھاوبەشێکی سەربازی ڕێزلێگیراوە بۆ ئەمریکا، بەڵام بە بێ ھاوکاری واشنتۆن ناتوانێت بەردەوام بێت لە بەرەنگاربوونەوەی داعش یان ڕاگرتنی ھەزاران دەستگیرکراوی داعش و خێزانەکانیان.
ئەوە لە کاتێکدایە دەنگۆی چوونی وەفدێکی باڵای ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی جۆی ھۆد بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە بڵاوکرایەوە، کە بە پێی زانیارییەکان مەزڵوم کۆبانێ داوای لە جۆی ھۆد کردووە، ئەمریکا ناوچەیەکی دژەفڕین لە ڕۆژئاڤای کوردستان دروست بکات و دان بە خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریادا بنێت.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەكی هاوبەشی نێوان ناوەندی ئەمریكی بۆ توێژینەوەی سیاسی لە زانكۆی هارڤارد و سەنتەری زەهاریس پۆڵ ماوەی دوو رۆژی خایاندووە و 1578 كەس دەنگیان داوە، 48%ی بەشداربووانی راپرسیەكە بۆچوونێكی ئەرێنیان بەرامبەر دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا هەیە 46 و % بیروبۆچونێكی ئەرێنیان بەرامبەر جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا هەیە،
هەر بەپێی راپراسییە 49% بەشداربووان لە كارەكانی جۆبایدن رازی نین. و لەبەرامبەردا كەمتر لە 47% لە كارەكانی دۆناڵد ترامپ رازی نین.
هاوكات دۆناڵد ترامپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رایگەیاند، لە داهاتوویەكی نزیكدا بەهۆی قەیرانی كۆچبەرانەوە، ئەمریكا دەبێتە یەكێك لە وڵاتانی جیهانی سێیەم.
لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن بۆ كۆشكی سپی رێوشوێنەكانی بەرامبەر كۆچبەران سوككرد و بەهۆیەوە رێژەی چوونی كۆچبەران بۆ ئەمریكا بەرزبۆوە.
زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، دوو کەس کە یەکێکیان لە ولایەتی پەنجشیرە بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەکانی بازرگانی و تەندروستی دەستنیشانکردووە، لەگەڵ دامەزراندنی ١١ جێگری وەزیری نوێ بۆ کابینەی حکومەتە کاتیەکەی ئەفغانستان. ڕاشیگەیاند، کچان لە کاتێکی گونجاودا دەگەڕێنەوە بۆ ناو خوێندنگەکان.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی فەڕەنسا کۆبوونەوەی فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لەگەڵ بێن واڵاس ھاوتا بەریتانییەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئۆسترالیا و ئەمریکا و بەریتانیا کە بووە ھۆی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان کانبێرا و پاریس بۆ دروستکردنی ١٢ کەشتی ژێردەریایی بۆ ئوسترالیا.
ھەفتەی رابردوو، بەریتانیا و ئەمریکا و ئوسترالیا رێکەوتنێکیان بۆ کڕینی چەند کەشتییەکی ژێردەریایی کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکەن، ئیمزاکرد و دواتر ئوسترالیا لەو گرێبەستە کشایەوە کە بڕیار بوو بە بەھای ٦٦ ملیار دۆلار ١٢ کەشتی ژێردەریایی لە فەڕەنسا بکڕێت.
موتیعوڵا رۆحانی وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، پێشوازی لە ھەر جۆرە ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی ئەفغانستان دەکەن.
وتیشی، ئەو ھاوکارییانە دەتوانرێت لە چوارچێوەی سەرمایەگوزاری و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، یاخود پێشکەشکردنی یارمەتی و ھاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی ئەفغانستان بەکاربھێنرێن.
داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد ھاوکاری بزوتنەوەی تاڵیبان بکەن بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەفغانستان.
محەمەد رەزا ئاشتیانی وەزیری بەرگری ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی وەزارەتەکەی رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە، تەنھا بۆ پاراستنی سنورەکان و وەڵامدانەوەی ھەڕەشە و دەستدرێژییەکان، کەڵک لە چەکە پێشکەوتووەکان و تەکنەلۆژیای نوێ وەردەگرێت.
وتیشی، دوژمنانی ئێران بەرامبەر ھەر جۆرە بڕیارێکی ھەڵەشە و نەزانانە، وەڵامێکی تێکشکێنەر وەردەگرنەوە و باجێکی قورس دەدەن.
ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری ئێران دوای ئەوە دێت نەفتالی بینیت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران لە بەرھەمھێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە و ئەگەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی رێگەی لێنەگرێت، خۆیان ئەو کارە دەکەن.
ئەندریا تورچاک ئەمینداری ئەنجومەنی گشتی حزبی روسیای یەکگرتوو رایگەیاند، بەپێی ئەو دەنگانەی تا ئێستا جیاکراونەتەوە، لە ھەڵبژاردنی پەرلەماندا بە بەدەستھێنانی سێیەکی دەنگەکان سەرکەوتوو بون و لە کۆی ٤٥٠ کورسی پەرلەمان، ٣١٥ کورسیی بەدەستدەھێنن، بەو شێوەیەش زۆرینە دەمێننەوە و دەتوانن بەبێ رەزامەندی حزب و لایەنەکانی تر دەستور ھەموار بکەنەوە.
لیژنەی ھەڵبژاردنی ناوەندی روسیاش رایگەیاند، تا ئێستا رێژەی لەسەدا ٧٠ی دەنگەکانیان جیاکردووەتەوە و حزبی روسیای یەکگرتوو تا ئێستا لە پێشەوەیە و رێژەی لەسەدا ٤٨ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و حزبی شیوعیش بە بەدەستھێنانی لە سەدا ٢٠ی دەنگەکان لە پلەی دوەمدایە.
لە دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ یەکەمجارە کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەکگرتوەکان راستەوخۆ و روبەڕوو بەڕێوەبچێت و ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و لێپرسراوانی وڵاتان بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکاندا گەیشتونەتە نیویۆرک، بەرھەم ساڵح سەرۆکی عێراقیش لە نیویۆرک بەشداری لە کۆبونەوەکاندا دەکات، ھەندێک لە سەرۆکەکانیش لە رێی ڤیدیۆوە بە ئۆنلاین بەشدار دەبن.
لە کۆبونەوەکانی ئەمساڵدا، روبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا و زیادکردنی ھەوڵەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوتوێ دەکرێن.
ساڵی رابردوو بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
جانێت یلین وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندوە، پێویستە کۆنگرێس ئاستی قەرز بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبونی قەیرانێکی ئابوری گەورە و مێژوویی بکات کە ھەڕەشەی لەسەر ئەمریکا دروستکردوە.
وتیشی، ھیچ کات ئەمریکا لە دانەوەی قەرز دوا نەکەوتوە، چونکە ئەگەر کارێکی لەو شێوە بکات قەیرانەکان گەورەتر دەبن.
بەپێی یاسای قەرز کە لەلایەن کۆنگرێسەوە دانراوە، ئەمریکا ناتوانێت لە ٢٨ ترلیۆن و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار زیاتر قەرز بکات، بە وتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش ئەگەر ئەو بڕە زیاد نەکرێت، لەماوەی داھاتوودا ملیۆنان ئەمریکی بێ پارە دەبن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، تورکیا نابێتە شوێنێک بۆ راگرتنی ئەو سەدان ھەزار کۆچبەرەی کە دەیانەوێت روو لە وڵاتانی ئەوروپا بکەن و پێویستە بە زووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.
وتیشی، ئێستا وڵاتەکەی چوار ملیۆن و نیو کۆچبەری لەخۆگرتووە و ئامادە نین ببنە خزمەتکاری دراوسێکانیان و دەبێت بە ھاوبەشی ئەو دۆسیە یەکلا بکەنەوە.
ھاوکات کیریاکۆس میتسوتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان رایگەیاند، لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران کردووە و تورکیاش بۆ یۆنان ھاوبەشێکی گرنگە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەردۆغان و میتسوتاکیس لە پەراوێزی چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆببنەوە.
پێشتریش جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری بانگھێشتکردنەوە و کشانەوەی باڵیۆزەکان لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە دراوە، چونکە ماکرۆن پێی وایە ئەوەی ئوسترالیا و بەریتانیا و ئەمریکا کردوویانە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر وڵاتەکەی.
دوای کشانەوەی باڵیۆزەکانی فەڕەنسا، نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، فەڕەنسا ھاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئەمریکایە و بە ھیوایە لە ڕۆژانی داھاتوودا لەسەر ئاستی باڵا گفتوگۆ لەسەر ئەو دۆسیەیە بکەن.
نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە تەلەفیزیۆنی سی ئین ئێنی ڕاگەیاندووە، ھاتنە ناوەوەی سوتەمەنی ئێران بۆ خاکی لوبنان پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیەتی، چونکە ئەو کارە بە بێ پرس و ڕاوێژی حکومەتی لوبنان کراوە و ئەوەش نیگەرانی کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکەم بارە سوتەمەنی عێراق گەیشتە لوبنان کە بە پێی ڕێککەوتنی نێوانیان بڕیارە بەغداد یەک ملیۆن تۆن سوتەمەنی ھەناردەی بەیروت بکات.
دوو ساڵ زیاترە لوبنان بە دەست قەیرانی سوتەمەنییەوە دەناڵێنێت و تەنھا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا نرخی سوتەمەنی چوار ھێندە بەرزبووەتەوە.