زیلینسکی: ئەمریکا مۆڵەتی تا مانگی حوزەیرانی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ
محەمەد رزگار
٧ی شوباتی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئۆکراین، وردەکاری نوێی دەربارەی فشارەکانی واشنتۆن بۆ راگرتنی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و روسیا ئاشکراکرد و دەڵێت؛ ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت تا پێش دەستپێکردنی وەرزی هاوین ئەم دۆسیەیە دابخات.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئەمریکا تا مانگی حوزەیرانی داهاتووی وەک مۆڵەت دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بە پێچەوانەوە فشاری توند دەخاتە سەر کیێڤ و مۆسکۆ بۆ سازشکردن.
وتیشی، واشنتۆن بۆ یەکەمجار پێشنیازی کردووە میوانداری گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئۆکراین و روسیا بکات، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە شاری "میامی" بەڕێوەبچێت.
زیلینسکی ئەوەی خستەڕوو، هیچ رێککەوتنێک لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ بەبێ ئۆکراین قبوڵ ناکەن و دەبێت هەر بڕیارێک بدرێت لەگەڵ دەستوری وڵاتەکەیدا بگونجێت.
سەبارەت بە خاکە داگیرکراوەکانی وڵاتەکەی سەرۆکی ئۆکراین ئاشکرایکرد، لە ئێستادا روسیا ٪20ـی خاکی ئۆکراین لەژێر دەستدایە و داوای کشانەوەی هێزەکانی کیێڤ دەکات لە "دۆنباس"، کە ئەمەش وەک مەرجێکی قبوڵنەکراو دەبینن.
ئەم جموجۆڵە دپلۆماسییە نوێیەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە خولی پێشوی گفتوگۆکان لە "ئەبوزەبی" بێ ئەنجام بوو، ئێستاش ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە میوانداریکردنی گفتوگۆکان لە ناوخۆی ئەمریکا، گۆڕانکاریی جدی لە هاوکێشەکەدا دروست بکات.



