سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، هێرشی توندی کردە سەر هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا و رایگەیاند، رۆژئاوا چیتر ناتوانێت جیهان وەک یەک جەمسەر بهێڵێتەوە.

لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "برێکس" ئاماژەی بەوە کرد، ناتۆ پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبووە کە بە روسیای دابوو سەبارەت بە بڵاونەبوونەوەی بەرەو رۆژهەڵات. وتیشی، یەکێتیی ئەوروپا بە تەواوەتی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی رۆژئاوا و ئێستا "لە قۆناغی لەناوچووندایە".


وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی کردەوە، رۆژئاوا هەوڵ دەدات جیهان لەسەر بنەمای رۆڵی دۆلار و ئەو دامەزراوانەی خۆی بونیاتی ناون بهێڵێتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەمە مەحاڵە و ناتوانرێت رێگری لە گەشەی هێزە نوێیەکانی وەک چین، هیندستان و بەرازیل بکرێت.


لاڤرۆڤ وتیشی، ڤلادیمێر پوتن چەندین جار باسی لە شکاندنی جیهانی تاک جەمسەری کردووە و لە ئێستاشدا روسیا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی چین و هیندستان و ناوچەکانی دیکە بەهێزتر کردووە.

ئەم لێدوانانەی لاڤرۆڤ لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی رابردوودا بەرپرسانی روسیا بەردەوام رەخنەی توندیان لە هەڵوێستەکانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا گرتووە، بەتایبەت لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراین و سەپاندنی سەدان سزا بەسەر مۆسکۆدا، کە روسیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی تەماشای دەکات.