ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی و خاوەنی کۆمپانیای (SpaceX)، گۆڕانکاریی گەورەی لە ئامانجە ئاسمانییەکانیدا کرد و رایگەیاند کە ئێستا لەپێشینەی کارەکانی کۆمپانیاکەی، بونیاتنانی شارێکی گەشەسەندوە لەسەر رووی مانگ، نەک مەریخ.

مەسک لە رێگەی پلاتفۆرمی (X)ـەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی پاراستنی ئایندەی شارستانییەتە و مانگ رێگەیەکی خێراترە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. روونیشی کردەوە کە بونیاتنانی شارێک لەسەر مانگ دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی هەمان پلان بۆ مەریخ پێویستی بە زیاتر لە 20 ساڵ هەیە.

سەبارەت بە جیاوازیی نێوان هەردوو گەشتەکە، مەسک وتی: "گەشتکردن بۆ مەریخ تەنیا 26 مانگ جارێک و لە کاتی گونجابوونی شوێنی هەسارەکان دەکرێت و 6 مانگی پێ دەچێت، بەڵام بۆ مانگ دەتوانین 10 رۆژ جارێک گەشت بکەین و تەنیا 2 رۆژیش دەخایەنێت."

ئەم بڕیارە نوێیەی مەسک لە کاتێکدایە کە ساڵی رابردوو پڕۆژەی (Artemis)ـی ئاژانسی ناسای بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ بە "سەرلێشێوان" وەسف کردبوو و رایگەیاندبوو کە دەبێت راستەوخۆ بەرەو مەریخ بڕۆن. بەڵام ئێستا پێ دەچێت مەسک هاوشێوەی پلانی حکومەتی ئەمریکا، کە لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپـەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە، مانگ وەک بونیاتێکی سەرەکی بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی ببینێت.

سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە، مەسک جەختی کردەوە کە هێشتا کۆمپانیاکەی پابەندە بە دروستکردنی شارێک لەسەر مەریخ، بەڵام دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ 5 تا 7 ساڵی دیکە دواخراوە. هاوکات بڕیار وایە لە کۆتایی ساڵی 2026ـدا یەکەم کەشتیی ئاسمانیی بێ سەرنشین لەسەر رووی مەریخ بنیشێتەوە.

ئەم گۆڕانکارییانەی مەسک دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو کۆمپانیای (SpaceX) کۆمپانیای (xAI)ی کڕی، ئەمەش بوە هۆی تێکەڵکردنی دوو لە گەورەترین کۆمپانیاکانی مەسک و گۆڕینیان بۆ بەهێزترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە جیهاندا.