شا چارڵزی سێیەم بۆ یەکەمجار هاوکاری پۆلیس دەکات لێکۆڵینەوە لە براکەی بکات
محەمەد رزگار
٩ی شوباتی ٢٠٢٦
باکنگھام بێدەنگی شکاند؛ شا چارڵز هاوکاری پۆلیس دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە شازادە ئەندرۆی برای و پەیوەندییەکانی بە ئێپستینەوە.
شا چارڵزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، بە رەسمی پشتیوانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس لەبارەی پەیوەندییەکانی "ئەندرۆ"ـی برای و "جێفری ئێپستین"ی سەرمایەداری ئەمریکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکن بۆ دەرخستنی راستییەکان.
کۆشکی باکنگھام لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشا چارڵز نیگەرانییەکی قووڵی بەرانبەر ئەو تۆمەتە نوێیانە هەیە کە ئاڕاستەی "ئەندرۆ مۆنتباتن-ویندزۆر" کراون، لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەرچەندە پێویستە خودی ئەندرۆ وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە، بەڵام خێزانی شاهانە وەک ئەرکێکی یاسایی، ئامادەی هەماهەنگی تەواوە لەگەڵ پۆلیس بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەک کە پێویست بێت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، پۆلیسی "تەیمز ڤالی" لێکۆڵینەوەی لە کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی نوێ دەستپێکردووە، کە باس لەوە دەکەن لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2011، شازادە ئەندرۆ کاتێک وەک نوێنەری بازرگانی بەریتانیا کاری کردووە، کۆمەڵێک زانیاری و راپۆرتی نهێنیی دەربارەی وەبەرهێنان لە ئەفغانستان و گەشتە دیپلۆماسییەکانی بۆ وڵاتانی ئاسیا، رادەستی جێفری ئێپستین کردووە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی "سکای نیوز" ئاشکرای کردووە، ئەو بەڵگانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە، گومانی ئەوەیان دروست کردووە کە شازادە ئەندرۆ پۆستە رەسمییەکەی بۆ بەرژەوەندیی ئەو سەرمایەدارە ئەمریکییە بەکارهێنابێت، کە پێشتر بە تاوانی ئەخلاقی سزادرابوو.



