جەی دی ڤانس: هیچ هێڵێکی سور لەبەردەم رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا نییە
محەمەد رزگار
٩ی شوباتی ٢٠٢٦
ئەمریکا خوازیاری رێککەوتنێکی نوێیە لەگەڵ ئێران و جەختیشدەکاتەوە، رێککەوتن لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن خوازیاری بەستنی رێککەوتنێکی نوێ و کاریگەرە لەگەڵ تاران و جەختیشیکردەوە، گەیشتن بە رێککەوتن لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە.
ڤانس ئاماژەی بەوەکرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئارەزووی ئیمزاکردنی گرێبەستێکی "مەزن و سودبەخش" لەگەڵ ئێران دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری کراوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆسەی دانوستانە نوێیەکاندا لەگەڵ ئێران، هیچ هێڵێکی سور بوونی نییە و ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی دەیەوێت بە جۆرێک بگەنە رێککەوتن کە ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
ئەم لێدوانەی ڤانس لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بەو مەرجەی مافە ئەتۆمییەکانی ئێران پارێزراو بن.



