یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: ئامانجمان لەم سزایانە بۆ سەر روسیا وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتەیە
راهۆز
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
کۆمسیۆنی ئەوروپا بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکراین بەرەو هەزارو500 رۆژ هەنگاو دەنێت، 20هەمین پاکێجی سزا ئابورییەکانیان دژ بە مۆسکۆ ئامادە کردووە، کە توندترین رێکارەکانی تێدایە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتە.
لە پاکێجە نوێیەکەدا، یەکێتیی ئەوروپا قەدەغەی تەواوەتیی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی بۆ نەوتی خاوی روسیا راگەیاند، ئەمەش وادەکات دۆزینەوەی کڕیار بۆ نەوتەکەی قورستر بێت. هەروەها 43 کەشتیی دیکە خرانە لیستی سزاکانەوە کە بەشێکن لە "کەشتیگەلی سێبەر" و ژمارەیان گەیشتە 640 کەشتی؛ هاوکات رێگری دەکرێت لەوەی روسیا کەشتیی نەوتهەڵگری نوێ بکڕێت و خزمەتگوزاریی چاککردنەوەش بۆ کەشتییەکانی گواستنەوەی گازی سروشتی (LNG) قەدەغە کرا.
بۆ زیاتر لاوازکردنی بونیاتی ئابوریی روسیا، یەکێتیی ئەوروپا 20 بانکی ناوچەیی دیکەی روسیای خستە لیستی سزاکانەوە. هەروەها رێکاری توند بەرامبەر دراوە دیجیتاڵییەکان (کریتۆ) و ئەو پلاتفۆرمانە دەگیرێتەبەر کە رێگە بە مامەڵەکردن بەو دراوە دەدەن، تاوەکو روسیا نەتوانێت سزاکان بپێچێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بانکانەی وڵاتی سێهەم کە هاوکاریی مۆسکۆ دەکەن لە بازرگانییە نایاساییەکاندا، سزادەدرێن.
پاکێجە نوێیەکە قەدەغەی هەناردەکردنی چەندین مادە و کەلوپەل بۆ روسیا دەگرێتەوە، لەوانە لاستیک، تراکتۆر و خزمەتگوزارییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کە بەهاکەیان زیاتر لە 360 ملیۆن یۆرۆیە. لە بەرامبەریشدا، هاوردەکردنی کانزا و مادە کیمیاییەکان و کانزا گرنگەکان لە روسیاوە قەدەغە کرا، کە بەهاکەیان 570 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا، داهاتی نەوت و گازی روسیا لە ساڵی 2025دا بە رێژەی 24% دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستە لە دوای ساڵی 2020وە. بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراین، ئەنجومەنی ئەوروپا قەرزێکی 90 ملیار یۆرۆیی بۆ کیێڤ پەسەند کرد، تاوەکو بتوانێت بەرگری لە سەروەریی خاکی خۆی بکات.



