کۆریای باشور: لە رۆژانی داهاتوودا پێشکەوتن لە دۆسیەی کۆریای باکوور روودەدات
راهۆز
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
بەرپرسێکی باڵای کۆریای باشور رایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا هەندێک پێشکەوتن لە دۆسیەی کۆریای باکووردا بێتە ئاراوە.
ئەم لێدوانانەی ئەو بەرپرسە کۆرییە لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لە واشنتن هات، لە کاتێکدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات لە مانگی نیسانی داهاتوودا و لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتی چین، لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور کۆببێتەوە.
بەرپرسە باڵاکەی کۆریای باشور رونیکردەوە: "رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا پێشکەوتنی نوێ رووبدات، کە پێشکەوتنێکی گەورە نابێت، بەڵکو تەنیا نیشانەیەکی نییەتپاکی دەبێت و دەکرێت ببێتە بونیاتێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆریای باکوور."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جوڵانە ناگەنە ئاستی دانوستانی رەسمی لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باکووردا، چونکە لە ئێستادا پیۆنگیانگ هیچ بایەخێک بە دیپلۆماسی نادات، نە لەگەڵ سیئۆل و نە لەگەڵ واشنتن.



