سەرۆكی ئەمریكا: پێویستمان بە نوێكردنەوەی پەیماننامەی ئەتۆمیی نیو ستارت نییە
هەساو ئەمیر
٦ی شوباتی ٢٠٢٦
دواجار واشنتۆن بێدەنگیی لەبارەی رێككەوتنی ئەتۆمی نیو ستارت لەنێوان وڵاتەكەی و روسیا شكاند و سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێویستیان بە نوێكردنەوەی ئەو پەیماننامەیە نییە.
دوێنێ پێنجشەممە، وادەی گەورەترین رێككەوتننامەی سنورداركردنی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا و روسیا كۆتاییهات و بێدەنگی واشنتۆن لەو بارەیەوە نیگەرانی دروست كردبوو، تا ئەو كاتەی شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، چیتر پێویستیان بەوە نییە پەیماننامەی نیو ستارت نوێ بكەنەوە، داواشی لە روسیا كرد، رێككەوتنێكی نوێ و باشتر ئەنجام بدەن.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ئاماژەی بەوە كردووە، پێویستە داوا لە پسپۆڕانی ئەتۆمی وڵاتەكەیان بكەن، كار لەسەر رێككەوتنێكی نوێ بكەن كە بتوانن لە داهاتوودا بەردەوامی پێبدەن.
سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتننامەی نیو ستارت بە رێككەوتنێكی خراپ ناو دەبات و دەڵێت: نیو ستارت بە جدیی پێشێل دەكرێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە، روسیا پێنج مانگ بەر لە كۆتاییهاتنی رێككەوتننامەكە خواستی خۆی بۆ نوێكردنەوەی پشانداوە و لە دوایین لێدوانیشیدا، وتەبێژی كۆشكی كرملن رایگەیاند، سەرەڕای كۆتاییهاتنی پەیماننامەكە بەڵام وەك هێزێكی ئەتۆمی بەرپرسیار هەڵسوكەوت دەكەن.
دواجار واشنتۆن بێدەنگیی لەبارەی كۆتاییهاتنی وادەی رێككەوتنی ئەتۆمی نیو ستارت لەنێوان وڵاتەكەی و روسیا شكاند.



