مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی رێککەوتنی "ستارتی نوێ"ی بۆ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی راگەیاند و جەختی کردەوە کە واشنتن چیتر مەرجێک قبوڵ ناکات زیان بە بەرژەوەندییەکانی بگەیەنێت.

رۆبیۆ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە 5ی شوباتی 2026، رێککەوتنی "ستارتی نوێ" (New START) بەسەرچوو. وتیشی: "ئەم رێککەوتنە لە سەردەمێکی جیاوازدا و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگێکی جیاواز بونیات نرابوو، بۆیە ئێستا چیتر خزمەت بە ئامانجەکانی ناکات."

وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە کە هەرچەندە ئەمریکا خواستی راستەقینەی بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ئەتۆمییە جیهانییەکان هەیە، بەڵام "هیچ مەرجێک قبوڵ ناکەین کە زیان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەیەنێت، یان چاوپۆشی لە جێبەجێنەکردنی پابەندییەکان بکەین تەنیا لەپێناو ئەوەی بڵێین گەیشتوینەتە رێککەوتن."

مارکۆ رۆبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا پێوەرێکی باڵا بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دادەنێت کە هاوتای ئەوان خاوەنی چەکی ئەتۆمین و وتی: "ئێمە هەمیشە لە پێگەی هێزەوە دانوستان دەکەین."

رێککەوتنی "ستارتی نوێ" کۆتا رێککەوتنی گەورەی نێوان ئەمریکا و روسیا بوو بۆ سنووردارکردنی کڵاوە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات، کە ئێستا بە رەسمی کۆتایی هاتوە.