میدیایەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، ئێران پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل.
دوای ئەوەی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەكەوە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، بڵاویكردەوە ئێران ئامادەكاریی دەكات رۆژێك پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، واشنتۆن لە رێگەی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەوە هۆشداریی دەداتە ئێران.
كارین ژین پیەر، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاندووە، نابێت ئێران هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل و ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە تەلئەبیب دەكات.
هاوكات ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە جەختكردنەوە لەوەی كە نابێت ئێران هێرش بكاتەوە سەر ئیسرائیل، رایگەیاند، تاران دەبێت بە باشی لە پەیامە رونەكەی واشنتۆن تێ بگات و هەوڵنەدات ببێتە هۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەكە.
روسیا بە بڕی ٢٠ دیشلیۆن دۆلار، سزای بەسەر كۆمپانیای تەكنەلۆژی گۆگڵدا سەپاند.
بەهۆی بلۆككردنی كەناڵەكانی روسیا لەسەر پلاتفۆرمی یوتیوب، روسیا سزایەكی قورسی دارایی بەسەر گۆگڵدا سەپاند كە دەوترێت یەك لەسەر سێی پارەی هەموو جیهانە.
دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كرێملین سەبارەت بەو داوایەی روسیا لەسەر گۆگڵ وتی، نابێت چیتر گۆگڵ سانسۆر بخاتەسەر پلاتفۆرمەكانیان و سنورداریان بكات.
بەپێی ئامارەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، سەرمایەی كۆمپانیای گۆگڵ، نزیكەی دوو تریلیۆن دۆلارە، لەكاتێكدا سزاكەی روسیا كە بەسەریدا سەپاندویەتی 20 ملیار ترلیۆن ترلیۆن دۆلارە.
دوای لەشكركێشییە بەرفراوانەكەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین، گۆگڵ كارەكانی لەو وڵاتەدا كەمكردەوە، دوای چەند مانگێك لە لەشكركێشییەكەش، گۆگڵ ئیفلاسبوونی خۆی لە روسیا راگەیاندو بەشێوەیەكی كاتی زۆربەی كارە بازرگانییەكانی ڕاگرت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە بەرانبەر لەسێدارەدانی هاوڵاتیەكی ئەڵمانی لە ئێران سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئەو وڵاتەیان داخستووە.
ئەنالینا بایربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەڵمانیا سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئێرانی لە وڵاتەكەی داخست و لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاش تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا دەكەن.
دەشڵێت، پێشتر و چەند جارێك هۆشداریان بە تاران داوە كە لە سێدارەدانی هاوڵاتییە ئەڵمانیەكە دەرەنجامی ترسناكی دەبێت و ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئێرانیش دەكات كە بە سیاسیانە مامەڵە لەگەڵ بارمتەكان دەكات و لەسێدارەدانی هاوڵاتیە ئەڵمانیەكەی وەكو چەكێك دژی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل و فرۆشتنی چەك بەكارهێناوە.
رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن، ئێران لە سێدارەدانی جەمشید شەرمەهدی زیندانیی سیاسی راگەیاند كە هەڵگری هەردو رەگەزنامەی ئێرانی و ئەڵمانی بوو.
بەهۆی زیانی گۆتا فریا لە ئیسپانیا ١٤٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان كەسیش بێسەروشوێنن.
میدیای رەسمی ئیسپانیا رایگەیاند، زریانی گۆتا فریا بووەتەهۆی گیان لەدەستدانی ١٤٠ كەس و دەیان كەسیش بێسەروشوێنن و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنانیش بەردەوامە.
وتیشی، شاری ڤالێنسا زۆرترین زیانی بەركەوتووە و ئەو بارانەی لەو شارە باریوە زۆرترین بڕی باران بارین بووە لە ماوەی ٢٨ ساڵی رابردوودا.
بەهۆی زۆریی ژمارەی بێسەروشوێنانیشەوە چاوەرشوان دەكرێت ئامارەكە بەرزترببێتەوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە حكومەتی ئیسپانیا لەئەمڕۆوە ماتەمینی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاندووە.
ئیسرائیل نوسنگەیەكی خزمەتگوزاری نەتەوە یەكگرتووەكانی لە شاری تولكەرمی فەلەستین رووخاند.
بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل نوسینگەی دەزگای فریاگوزاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین كە بە ئۆنروا ناسراوە، لە كەمپی نور شەمس لە ڕۆژهەڵاتی تولكەرم لە كەناری رۆژئاوا رووخاند.
نیهاد شاویش سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری كەمپەكە رایگەیاند، بلدۆزەرەكانی ئیسرائیل نوسینگەی ئاژانسە خێرخوازییەكەیان لە ناوەڕاستی كەمپەكە رووخاندووە.
ئۆنراو لە كەمپی نور شەمس بنكەیەكی تەندروستی و دوو خوێندنگەی بۆ كچان و كوڕان كردووەتەوە كە هەزار و 536 خوێندكاریان هەیە و خزمەتگوزاری بێبەرامبەریان پێشكەشدەكەن، بەڵام لەدوای بڕیارەكەی ئیسرائیل، تەواوی خزمەتگوزارییەكان رادەگیرێن.
دووشەممەی ڕابردوو، كنێستی ئیسرائیل بڕیاریدا چالاكییەكانی ئۆنروا قەدەغە بكات، سەرەڕای هۆشدارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مەترسییەكانی ئەم بڕیارە.
بەهۆی لافاوی "گۆتا فریا"وە لە ئیسپانیا نزیكەی ١٠٠ كەس گیانیانلەدەستدا.
حكومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو لافاوە بەهێزەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە رووی لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا كردووە، تائێستا زیاتر لە 95 كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەیان لە ناوچەی ڤالێنسیا بوون.
بەهۆی زۆریی ژمارەی بێسەروشوێنانیشەوە پێدەچێت ئامارەكە بەرزترببێتەوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە حكومەتی ئیسپانیا لەئەمڕۆوە ماتەمینی بۆ ماوەی 3 رۆژ راگەیاندووە.
جگە لە زیانە گیانییەكان، لافاوی "گۆتا فریا" زیانێكی ماددی زۆریشی لێكەوتووەتەوە و هەڵمەتەكانی بەهاناوەچوون و رزگاركردنیش بەردەوامن.
راوێژكاری خامنەیی رایدەگەیەنێت، سیاسەتی وڵاتەكەی لە پەیوەندییەكانیدا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و كار دەكەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رۆژئاوا و وڵاتانی ئەوروپا باش بكەن.
عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری سەرەكی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەكەی رایگەیاندوە، تاران پێداچونەوە بە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دەكات بۆ ئەوەی ئاستی هاوكاریی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەوروپا بەرەو باشیی هەنگاو بنێت.
وتەكانی ئەو لێپرسراوەی ئێران لە كاتێكدا، ئەمریكا و ئەوروپا سزاكانیان دژی تاران توندتر كردوەتەوە و لە نوێترین هەنگاویشدا یەكێتی ئەوروپا سەرجەم گەشتی فڕۆكەكانی ئێرانی بۆ ئەوروپا راگرت، ئەوەش بەهۆی هاوكارییە سەربازییەكانی ئێران بۆ روسیا.
سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەگەر ئەمجارە ئێران وەڵامی دوایین هێرشەكەی بداتەوە، ئەوا ئیسرائیل ئەو توانایانە لە دژی بەكاردەهێنێت كە تائێستا بەكارینەهێناوە.
هرتسی هالیفی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر ئێران ئەو هەڵەیە بكات و جارێكی دیكە مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل بكات، ئەوا لە وەڵامدا ئیسرائیل ئەو توانایانە دژی ئێران بەكاردەهێنێت كە تائێستا بەكارینەهێناوە و بە توندی هەموو ئەو پێگە و توانایانەی ئێران دەكاتە ئامانج كە پێشتر نەیكردوونەتە ئامانج.
پێشتریش ئەمریكا هۆشداری داوەتە ئێران لە وەڵامدانەوەی دوایین هێرشی ئیسرائیل و رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەكان زیاتر نەبن، پێویستە چیتر ئێران وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل نەداوەتەوە.
سوپای پاسداران بەڵێنیدا وەڵامی توندی ھێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە عەباس عراقچیش دەڵێت، تادەستدرێژییەکانی ئیسرائیل رانەگیرێت سەقامگیریی بەدینایەت.
محەمەد ڕەزا نەغدی یاریدەدەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کاروباری ھەماھەنگی، جەختی لەوە کردەوە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئیسرائیل بە لێدانێکی بەھێزتر دەکەنە ئامانج و ستایشی حزبوڵا و حەماسیشی کرد و روونیکردەوە، کە ئیسرائیلییەکان بەمزووانە سەرسام دەکەن.
ھاوکات عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک دیپلۆماتیکاران لە تاران رایگەیاند، ئێران جەختدەکاتەوە لە پێویستی ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی دەستدرێژی و تاوانکارییەکانی ئیسرائیل لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، سزای توند بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان رابگرێت.
دەزگای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەندكراوێكی سیاسی ئەڵمانی بە رەچەڵەك ئێرانی جێبەجێكرد، راوێژكاری ئەڵمانیاش بە توندی ئیدانەی دەكات و دەڵێت، كارێكی ئابڕوبەرانەیە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، دەزگای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد هاووڵاتی ئەڵمانی و بەرەچەڵەك ئێرانی تەمەن ٦٩ساڵ كە مافی نیشتەجێی هەمیشەیی لە ئەمریكا هەبووە، دوای چوار ساڵ بەندكردنی، سزاكەی بە نهێنی جێبەجێكردووە.
هاوكات پێگەی میزانی سەر بە دەزگای دادوەری ئێران رایگەیاند، شارمەهد لەژێر پشتیوانی و پاراستنی دەزگای هەواڵگری ئەوروپا و ئەمریكادا بووە، بە تۆمەتی پلاندانان و ئاڕاستەكردنی كردەوەی تیرۆریستی و بۆردومان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.
لەلایەكی تریشەوە، ئۆلاڤ شۆڵز راوێژكاری ئەڵمانیا لەسەر لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد هات دەنگ و بە توندی ئیدانە دەكات و دەڵێت، كارێكی ئابڕوبەرانەیە، دەشڵێت، شارمەهد لەكاتی دادگاییكردنیدا رێگەی پێنەدراوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كرابوون بەرگری لە خۆی بكات.
جەمشید شارمەهد لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ لەكاتی گەشتكردن بۆ ئیمارات لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ ئێران گواسترایەوە.
نوێنەری عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئیسرائیل پێشێلی ئاسمانی عیراقی كردووە و نابێت ئاسمان و خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكاربێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی هێرشەكەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران كرد، عەباس كازم عوبێد نوێنەری عیراق لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایش هەنگاوی یەكلاكەرەوەی نەناوە بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل و پێشتر عیراق هۆشداری لەبارەی هەڵسوكەوتەكانی ئیسرائیلەوە داوە.
دەشڵێت، ئیسرائیل پێشێلی ئاسمان و سەروەری عیراقی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و رێگەنادەن ئاسمان و خاكی وڵاتەكەی بۆ سەر هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكاربێت.
هاوكات، ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێشێلكاری روونی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە و ئەمریكا هانی ئیسرائیل دەدات بەردەوامبێت لە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەكان.
لەلای خۆیەوە، دانی دانۆن باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هێرشەكەیان بۆ سەر ئێران بۆ بەرگریكردن بووە لە خۆیان و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد سزا بەسەر ژێرخانی سەربازی و ئابوری ئێراندا بسەپێنێت.
دوای نۆ ھەفتە لە نەخۆشکەوتنی، دەسەڵاتدارانی ئێران رێگەیاندا نێرگز محەمەدی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ھاوپەیمانی ئازادکردنی نێرگز محەمەدی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران رەزامەندییان دەربڕیووە لەسەر گواستنەوەی نێرگز محەمەدی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، کە بەھۆی نەخۆشییەوە لە زیندانی ئەوین لە تاران بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەئێستاشدا ناوبراو لە نەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەھۆی پشتگوێخستنی نەخۆشییەکەیەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، دۆخی تەندروستی نێرگز محەمەدی زۆر تێکچووە و ناجێگیرە، لەئێستاشدا تەنھا بە گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە کێشە تەندروستییەکانی چارەسەرناکرێت.
سەرەتای مانگی ئەیلولی رابردوو، راپۆڕتێکی پزیشکی زیندانی ئەوین لە تاران ئاشکرایکرد، نێرگز محەمەدی توشی چەند نەخۆشییەکی دڵ بووە لە زیندان.
ژمارەی کوژراوانی ھاووڵاتیانی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە ٤٣ ھەزار کەس.
وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ کەرتەکە بەرزبووتەوە و گەیشتوەتە ٤٣ ھەزار و ٢٠ کەس.
راشیگەیاند، ژمارەی بریندارن لە ماوەی ساڵێکی بەردەوامی جەنگ گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠١ ھەزار و ١١٠ کەس.
باشوری ئەفریقا بەڵگەی نوێی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەداتە دادگای دادی نێودەوڵەتی و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیش لە باکووری غەززە ھیچ ھاوکارییەکیان پێناگات.
سەرچاوە دیبلۆماسییەکان رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ وەفدی باشووری ئەفریقا چەندین بەڵگە و زانیاری نوێی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکان لەکەرتی غەززە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون پێشکەشی دادگای دادی نێودەوڵەتی دەکات و ئامانجیشی ئەوەیە سزایەکی قورس بەسەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا بسەپێنرێت لەسەرووی ھەمووشیانەوە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.
مەحمود بەسەڵ وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرتی غەززەش رایگەیاندووە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لە باکووری کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆیەکی قورسیان خراوەتەسەر و رێگەنادەن ھیچ جۆرە ھاوکارییەکی مرۆییان بەدەست بگات.
بزوتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان چەند پێشنیازێکی نوێ ئاراستەی وڵاتانی نێوەندگیر دەکات.
سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، کۆبوونەوەی وڵاتانی نێوەندگیر کە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و لە میسر و قەتەر و ئەمریکا و ژمارەیەک دانوستانکاری ئیسرائیلی پێکھاتوون و لە دەوحە بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن بۆئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کۆتایی ھێنانی یەکجاری بە شەڕ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
وتیشی، بزوتنەوەی حەماس پێشنیازی نوێی ئاراستەی وڵاتانی نێوەندگیرکردووە بۆئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا بیخەنە بەردەستی وەفدی دانووستانکاری ئیسرائیل کە بریتییە کۆتایی ھێنان بەشەڕ بە شێوەیەکی یەکجاری لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان بە یەکجار لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک دەستگیرکراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کە رێککەوتنی لەسەرکراوە.
پۆلیسی ئێران دەڵێت دوو ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە وڵاتەکەی دەردەکات و تەنھا لەمساڵدا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار پەنابەر دەکراون.
ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی ئێران رایگەیاند: لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا ٨٥٠ ھەزار پەنابەری ئەفغانی لە خاکی ئێران دەرکراون.
بە وتەی رادان تا کۆتایی زستانی ئەمساڵ لانیکەم دوو ملیۆن پەنابەری نایاسایی لە ئێران دەردەکرێن کە زۆربەیان ھاوڵاتییانی ئەفغانستانن.
بەپێی ئامارەکان، پێنج بۆ ٦ ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دەژین کە زۆربەیان کارت و مۆڵەتی یاسایی مانەوەیان لە خاکی ئەو وڵاتەدا نییە.