وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: ئێمە دژی ئەو رەخنانەین نەتەوە یەکگرتووەکان لە روسیای دەگرێت
رەوەز
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیكردووە بە هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی لە پرۆژەیاساكەی بە مەبەستی راگرتنی شەڕ لە ئۆكراین.
لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتەكەی دەستیكردووە بە كەمپینێك لە نەتەوە یەكگرتووەكان و داوا لە وڵاتان دەكات پاڵپشتی پرۆژەیاساكەی بكەن لە بارەی ئۆكراینەوە بەمەبەستی راگرتنی شەڕ لەو وڵاتە پێش ئەوەی دانیشتنی كۆمەڵەكە دەستپێبكات.
دەشڵێت، ئەمریكا دەیەوێت لە رێگەی ئەو وڵاتانەوە فشار بخاتەسەر نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆكراین و رێگری لە هەر پرۆژەیاسایەكی تر بكات كە پێشكەش دەكرێت.
راشیگەیاندووە، ئەمریكا نیگەرانە لە گیانلەدەستدانی خەڵكی مەدەنی بەهۆی شەڕی ئۆكراین و روسیا و هەوڵیش دەدات سەرنجی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رابكێشێت و كۆتایی بەو بابەتە بهێنێت.
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ئەمریکا دژی ئەو ڕێوشوێنانەیە نەتەوە یەکگرتووەکان دەیگرێتە بەر دژ بە روسیا و دژی رەخنەکانە کە لێی دەگیرێت.