کاردانەوەی وڵاتان بەرامبەر پەیامەکەی ئۆجەلان
٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥
ئەڵمانیا و ئەوروپا پێشوازیی لە پەیامی ئۆجەلان دەكەن و سكرتێری نەتەوەیەكگرتوەكانیش بە تروسكایی هیوا لە باكوری كوردستان و توركیا ناوی دەهێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تەنها دوای چەند سەعاتێك لە بڵاوبونەوەی پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان راگەیەنراوەێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند وڵاتەكەی پێشوازی لە پەیامەكە و چەكدانانی پەكەكە دەكات چونكە دەبێتە شانسێكی مێژویی بۆ توركیا.
لە لایەكی ترەوە ناچۆ سانچێز، پەرلەمانتار و ریپۆرتەری پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند، بانگەوازەكەی ئۆجەلان سەرەتایەكی باشە بۆ چارەسەری پرسی كورد و چەكدادانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەش هەنگاوێكی مێژووییە.
هاوكات نوسینگەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردوەتەوە گۆتیرێس پێشوازیی لە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و هاوكات ئەو هەنگاوەش بە تروسكاییەكی هیوا وەسفیكردووە.