ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی فرۆشی نەوتی ئێران سزای نوێی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند و وەزیری گەنجینەی ئەمریكاش دەڵێت هەركەسێك مامەڵە بە نەوتی ئێرانەوە بكات روبەڕوی مەترسیی دەبێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەپاندنی سزای نوێی دژی 35 لێپرسراو و ناوەندنی بازرگانی و كەشتیی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی ئاشكرا كرد و سكۆت بیسنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكاش هۆشداریی دایە ئەو بازرگان و وڵاتانەی كە نەوتی ئێران لە بازاڕەكانی جیهاندا ساخ دەكەنەوە.

سكۆت وتویەتی، ئێران بۆ ساخكردنەوەی نەوتەكەی تۆڕێكی شاراوەی كەشتی و بازرگانی هەندێك وڵات بەكاردەهێنێت و جەختی لەوەش كردەوە هەر كەس و لایەنێك دەستی لە ساخكردنەوەی نەوتی ئێراندا هەبێت روبەڕوی سزای ئەمریكا دەبێتەوە.

سزا نوێیەكانی ئەمریكا 16 ناوەندی بازرگانیی لە ئیمارات و هندستان، چین و هۆنگ كۆنگ، ژمارەیەك لێپرسراوی ئێران و 13 كەشتی گواستنەوەی نەوتی گرتوەتەوە.