دوێنێ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی چاوی کەوت بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و گفتوگۆیان لەسەر ئۆکراین و پرسی وزە و ئاسایش کرد، دواتر، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ئاشتی لە ئۆکراینیا نزیکە.

ماکرۆن دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، رایگەیاند: پەیامی من ئەوەیە کە پێکەوە کاربکەین بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی دڵنیایی لەوەی کە رووسیا رێز لە پرۆسەی ئاشتی دەگرێت و وتیشی: هاتنی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی نێوانیاندا وتیشی: دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی ئارامی لە ئۆکراین لە ئەستۆی ئەوروپا بێت نەک بەتەنیا واشنتۆن، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا زیاتر لە 300 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکراین خەرجکردووە، لەکاتێکدا وڵاتانی ئەوروپا نزیکەی 100 ملیار دۆلاریان خەرجکردووە.

ئەم کۆبوونەوەیە لە پاش ئەو لێدوانانە دێت کە لە ماوەی رابردوودا سەرکردەکانی ئەوروپا دژ بە لێدوانەکانی ترەمپ لەسەر پرسی ئاشتی دابوویان و رەتییان کردەوە رازیبن بە گفتوگۆیەک کە بێ ئامادەیی ئەوروپا بەڕێوەبچێت.