کۆمپانیای ئاریا بۆ راپرسی، تازەترین راپرسی خۆی لەبارەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە کە ٣١ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی راپرسییەکەش لە ئیستانبوڵ کە دوو ھەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە، کاندیدی جەھەپە ٣٨.٢٪ و کاندیدی ئاکپارتی ٣٥.٧٪ و کاندیدی دەمپارتیش ٤.٨٪ـی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
لە ئەنقەرەی پایتەختیش کە زیاتر لە چوار ھەزار کەس بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، کاندیدەکەی جەھەپەبەجیاوازییەکی زۆر پێش کاندیدی ئاکپارتی کەوتووە و ٥٩.١٪ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە، لە بەرامبەریشدا کاندیدی ئاکپارتی ٣٠.٣٪ و کاندیدی دەمپارتیش ١.٢٪ـی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
بەگوێرەی ھەمان راپرسی لە پارێزگاکانی ئەدەنە و مێرسین و ئیزمیریش کاندیدی جەھەپە بەجیاوازی چەند خاڵێک لەپێش کاندیدی لیستی دەسەڵات ھاتووە، بەڵام لە پارێزگای ئایدین کاندیدی ئاکپارتی لەپێش کاندیدی جەھەپەیە و ٤٣.١٪ی دەنگی راپرسیەکەی بەدەستھێناوە.
پێگەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بنیامین ناتەنیاھۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو فشارە ناوخۆیی و دەرەکییانەی لەسەری دروستبووە بەھۆی شەڕی غەززەوە، تاوتوێی بژاردەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئیسرائیل دەکات، بۆ پاراستنی حکومڕانییەکەی.
یاریدەدەرێکی ناتەنیاھۆ ئاماژەی بەوەداوە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بژاردەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی لە دانیشتنە ستراتیژییەکانی وڵاتەکەی خستووەتە بەرباس و گفتوگۆی لەبارەوەکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئایزنکۆت سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای ئیسرائیل، کە کەسایەتییەکی دیاری وڵاتەکەیە و جەماوەرێکی زۆری ھەیە، داوایکردووە، بە زوویی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئیسرائیل ئەنجامبدرێت بۆ گەڕانەوەی متمانەی گشتی بۆ حکومەتی ئیسرائیل .
جێنس نیلسۆن داواکاری گشتی سوید ڕایگەیاند، نەجاح شەممەری وەزیری پێشووتری بەرگری عێراق نزیکەی ساڵ و نیوێکە داواکراوەو لەکاتی گەیشتنی بە سوید لە فڕۆکەخانەی ستۆکھۆڵم دەستگیرکراوە.
میدیاکانی سوید پێشتر بڵاویان کردبوویەوە کە شەممەری ساڵانێکە داوای پارەی منداڵ و خانووبەرەی کردووە سەرەڕای ئەوەی لە بەغدا دەژی، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ وەک ھاوڵاتیەکی نیشتەجێبووی یەکێک لە گەڕەکەکانی سوید تۆمارکراوە.
ڕۆژنامەکانی سویدی بڵاویانکردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١١ شەممەری ڕووی لە سوید کردووە و لە ساڵی ٢٠١٥ ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی وەرگرتووە و لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا بە گومانی ساختەکاری تۆمەتبار کراوە.
شەممەری لە رابردوودا چەندین پۆستی ئەمنی وەرگرتووەو لە ساڵی ٢٠١٩ تا ساڵی ٢٠٢٠ لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی وەزیری بەرگری بووە.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا شەممەری کە ئەفسەر بووە لە سوپای عێراق، دەسەڵاتدارانی سوید لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرد لەسەر تاوانی جەنگ، بەڵام دواتر دۆسیەکەی ھەڵوەشایەوە.
ئیسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕیان وایە نوێنەرانی ھەرێمی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا و ھەموو لایەنەکانی دیکەی سوریا پێویستە بەشداربن لە داھاتووی پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتەدا.
وتیشی، بەشداری نوێنەرانی ھەرێمی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا لەکۆبوونەوەکانی تایبەت بە سوریا گرنگە و پێویستە ئەوانیش دەنگیان ببیسترێت، چونکە ئەوانیش بەشێکن لە سوریا.
پێشتریش نوێنەری فەڕەنسا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاندبوو، نابێت بەھیچ پاساوێک نوێنەرانی رۆژئاوای کوردستان لە کۆبوونەوەکانی تایبەت بە سوریا بێ بەش بکرێن.
یەکێتی نێودەوڵەتی رێکخراوە خێرخوازییەکان کە بە ئۆکسفام ناسراوە لە راپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان و رێکخراوە خێرخوازییەکان کاروانی گەورەی ھاوکاری مرۆیی رەوانەی غەززە دەکەن، بەڵام پێویستە ھەموویان لەلایەن سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلیەوە پشکنینیان بۆ بکرێت دواتر رێگە دەدرێت بگەنە ناو کەرتی غەززە.
راشیگەیاندووە، چۆنێتی رێکارەکانی سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بۆ پشکنینی کاروانە مرۆییەکان کاریگەری زۆریان لەسەر دواکەوتنی گەیشتنی ھاوکارییەکان دروستکردووە، چونکە کاروانی مرۆیی ھەبووە ٢٠ رۆژ راگیراوە و جگە لەوەش ھێرش دەکرێت سەر کاروانی ھاوکارییە مرۆییەکان و کارمەندانی رێکخراوە خێرخوازییەکان، لەسەرووی ھەمووشیانەوە گەورەترین کێشە و ئاستەنگ لە بەردەم کاروانی پێداویستی پزیشکی و ئاو دروستدەکەن.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە پەیامی بۆ ناتانیاھۆ چی دەبێت ئەگەر قسەی لەگەڵدا بکات وتی، پێویستە جەنگی غەززە رابگرێت بەخێرایی و ئاشتی بۆ جیھان بگەڕێتەوە، چونکە پێویستیان بە ئاشتییە لە جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لەسەرەتاکانی جەنگی غەززەدا کە بزووتنەوەی حەماس ھێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ترەمپ رەخنەی لە ناتانیاھۆ گرت کە شکستی ھێناوە لە رێگریکردن لەو ھێرشەی حەماس.
لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی روسیا بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان و دوای جیاکردنەوەی ٩٩.٧١%ی دەنگەکان، ڤلادیمیر پوتن رێژەی ٨٧.٣١ دەنگەکانی بەدەستھێناوە و سێ کاندیدەکەی تریش کە پێکھاتوون لە نیکۆلای خاریتۆنۆڤ ٤.٣٠% و فلادیسلاڤ داڤانکۆڤ ٣.٨٣% و لیۆنید سلۆتسکی ٣.٢١%ی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە، لە ناوچە نوێیەکانی روسیاش بەتایبەتی لۆھانسک و دۆنباس و نیمچەدورگەی کریما و نۆڤۆروسیا زیاتر لە ٩٥%ی دەنگەکان بۆ ڤلادیمیر پوتن بووە.
دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکان و سەرکەوتنەکەی، ڤلادیمیر پوتن رایگەیاند، ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە ناوچە نوێیەکان بەدەستیانھێناوە سەلماندویەتی کە روسیا لە بارەی ئۆکراین بە ئاراستەیەکی راست ھەنگاوی ناوە و لە ئێستاشدا خەڵکی ئەو ناوچانە لە رێگەی دەنگدانەوە سوپاسگوزاری دەردەبڕن.
ئاژانسی یونھاب لە زاری دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی کۆریای باشورەوە بڵاویکردەوە، کۆریای باکور چەند مووشەکێکی بالیستی کورت مەودای بە ئاڕاستەی دەریای ژاپۆن تاقیکردەوە، کە مەودای ٣٠٠ کیلۆمەتری بڕیوە بەر لەوەی لە دەریای ژاپۆن بکەونە خوارەوە.
ئەو تاقیکردنەوە مووشەکییە ھاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی بلینکن بۆ ناوچەکە، کە ئێوارەی یەکشەممە گەیشتووەتە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشور، بڕیارە ئەمڕۆش بەشداری لوتکەی لەپێناو دیموکراتی بکات.
تاقیکردنەوە مووشەکییەکە چەند رۆژێک دوای کۆتاییھاتنی مانۆڕی ساڵانەی نێوان سیئۆل و واشنتۆن دێت، کە بەرپەرچدانەوەی مووشەک و ھێرشە ئاسمانییەکانی لەخۆۆگرتبوو، ژمارەی ھێزە بەشداربووەکانیش لەو مانۆڕە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ زیادکرابوو.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ھەڵبژێردراوی روسیا دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کە سەرکەوتنی بەدەستھێناوە، وتارێکی پێشکەشکرد و ھۆشداری دا لە ھەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان روسیا و ناتۆ رایگەیاند، ھیچ کەسێک نایەوێت ئەو سیناریۆیە ببێتە راستی، بەڵام لە جیھانی نوێدا ھەموو بابەتێک ئەگەری رودانی ھەیە و بەو شێوەیەش ھەموو جیھان تەنھا یەک ھەنگاو لە ھەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیھانەوە دوورە.
لەبارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاش پوتن وتی، ئەو بابەتە بۆ روسیا ھیچ گرنگ نییە و پشتیوانی ھیچ کاندیدێکیش ناکەن، چونکە دوای ھەڵبژاردن و لەسەر بنەمای سیاسەت و بڕیارەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەرامبەر روسیا، بڕیار لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ دەدەن.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو رایدەگەیەنێت، ٢١٠ ھەزار کەس لە باکوری کەرتی غەززە لە قۆناغی پێنجەمی برسێتیدان کە بەرزترین ئاستە و ئاماژەیە بۆ برسێتی کارەساتبار، لەگەڵئەوەشدا ٣٠٠ ھەزار کەس لەناو بۆردومان و رووبەڕووبوونەوەکاندا لە باکوری غەززە گیریانخواردووە.
ڕاپۆرتەکەی فاو ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرتاسەری غەززە رووبەڕووی ئاستێکی کارەساتباری برسێتی بوونەتەوە، بۆ یەک ملیۆن و ١٠٠ ھەزار کەس بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی دانیشتووان.
دەشڵێت، لەئێستادا برسێتی چاوەڕوانکراوە و نزیکە لە ناوچەکانی باکووری غەززە، پێشبینیشدەکرێت تا مانگی ئایاری داھاتوو بگاتە قۆناغێکی تاڕادەیەک سەرتاسەری و بگاتە ٧٠٪.
یەحیا ڕەسوڵ بە ئاژانسی ھەواڵی عێراقی راگەیاندووە، عێراق گرێبەستی ڕادارە فەرەنسییەکانی ئیمزاکردووە و پاکێجێکیان بە دەستگەیشتووە، وەک خۆی دەڵێت، بەردەوامن لە تەواوکردنی سیستمی بەرگری لە ھەموو ئاستەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی عێراق، توانای چاودێریکردنی جوڵەی فڕۆکەکانی لەناو ئاسمانی عێراقدا ھەیە، ھاوکات لیژنە تەکنیکی و سەربازییەکان سەردانی ژمارەیەک وڵاتیان کردووە و ئۆفەریان پێشکەشکردووە بۆ گرێبەستی کڕینی چەکی دژە فڕۆکە.
جۆزێپ بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئیسرائیل بە ڕێگرییکردن لە چوونە ناوەوەی ھاوکاری بۆ غەززە، برسێتی وەک چەک بەکارھێناوە. دەشڵێت، غەززە لە لێواری برسێتییدا نییە، بەڵکو لە برسیکردندایە و ئەوان ناتوانن تەماشای مردنی فەڵەستینییەکان بکەن بەھۆی برسێتییەوە کە کارەساتی دەستکردی مرۆڤە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە بە بوێرییەوە بڵین کە بە ئاشکرا رێگری لە چونە ناوەوەی ھاوکارییەکان بۆ غەززە دەکرێت.
جۆزێپ بۆرێل ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەدان بارھەڵگر وەستێندراون لەکاتێکدا خەڵکی دەمرن لە برسا و دەروازەکانی چوونەژوورەوەش بەمەبەست داخراون و بەفڕۆکە و پەڕەشوت ھاوکاری دەنێرن، بەڵام فڕۆکەخانەیەک ھەیە کە یەک سەعات دوورە رێگە نادرێت بەکاربێت بۆ ناردنی ھاوکاریەکان.
دەستەی ئۆپراسیۆنی بازرگانی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانی لە کەناراوەکانی شاری عەدەن روویداوە، بەڵام کەشتییەکە دووچاری زیان نەبووە و تیمەکەشی سەلامەتن.
دەستەکە راشیگەیاند، رووداوەکە لە دووری ٥٨ میلیمەترەوە بووە و لەو ناوچەیە بەردەوام کەشتییە بازرگانییەکان بە ئامانج دەگیرێن لەلایەن حوسییەکانەوە، کە دەوترێت پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە ھەیە یاخود پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پێنج کەشتی بێ کەشتیوان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان کە لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە لە یەمەن، تێکشکاندووە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، مەروان عیسا جێگری فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس لە بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی نوسیراتی غەززە کوژراوە، کە دووەم کەسی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە لە دوای محەمەد ئەلدیفی فەرماندەی لیواکانی قەسام و یەحیا سەنوار سەرۆکی حەماس.
ھاوکات، تۆڕی ھەواڵی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، مەروان عیسا یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕی غەززەوە و لە ریزبەندی سێیەمی داواکراوەکانی حەماسە بۆ ئیسرائیل.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تائێستا بزوتنەوەی حەماس کوژرانی مەروان عیسای پشتڕاستنەکردووەتەوە.
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، ژمارەی دەنگدەرانی روسیا لە ناوخۆی وڵاتەکە ١١٢ ملیۆنە و لە دەرەوەش ٢ ملیۆن روسی مافی دەنگدانیان ھەیە .
ئەمرۆش سێھەم و کۆتا رۆژی پرۆسەکەیە و بەپێی لیژنەی ھەڵبژاردنی ناوەند تا ئێستا رێژەی دەنگدان گەیشتۆتە لە نزیکەی لە سەدا ٥٩.
لەم ھەڵبژاردنەدا ٤ کاندید رکابەری دەکەن ، ئەوانیش "ڤلادیمێر پوتن کاندیدی سەربەخۆ و لیۆنید سلوتسکی کاندیدی حزبی لیبرالی دیموکراتی و نیکۆلای خاریتۆنۆڤ کاندیدی حزبی شیوعی و ڤلادیسلاڤ داڤانکۆڤ کاندیدی حزبی خەڵکی نوێ "ن
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنیشەوە، ھێرشەکانی ئۆکراین بۆ سەر روسیا زیادیکردوە و لە کۆتا رۆژی ھەڵبژاردنەکەشدا وەزارەتی بەرگری روسیا خستنەخوارەوەی ٣٥ درۆنی ئۆکرانی لە ٨ ناوچەی روسیا راگەیاندووە .
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی وەکو فەڕەنسا خوازیاری ناردنی ھێز نین بۆ ئۆکراین، بەڵام لەقۆناغەکانی داھاتوودا رەنگە پێویست بکات وڵاتانی رۆژئاوا ھێز رەوانەی ئۆکراین بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی روسیا.
ئەوەشی خستەڕوو، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لێکتێگەیشتنێکی فراوانیان ھەیە لەسەر دۆخی شەڕی ئۆکراین و ناوچەکە، ئەوەش رێگەخۆشکەرە بۆئەوەی ھەر بڕیاڕێک بە کۆدەنگی لەبارەی ئەو شەڕەوە بدرێت.
بڕیاربوو رۆژی ھەینی رابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی ئۆکراین بکات و لەگەڵ ڤۆڵدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە سەبارەت بە شەڕی ئۆکراین کۆببێتەوە، بەڵام سەردانەکەی بۆ چەند ھەفتەی داھاتوو دواخرا.