وەزیری دەرەوەی سوریا لە نیویۆرك لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریكا كۆبووەوە
شنیار
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥
بۆ یەكەمجار لە دوای دەستبەكاربونی حكومەتی نوێی سوریا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە نیویۆرك لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریكا كۆبوەوە و داوای كەمكردنەوەی سزاكانی سەر دیمەشقی كرد .
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایان كرد، ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كۆبوەتەوە و داوای كردووە نەخشە رێگایەكی روون دابنرێت بۆ كەمكردنەوەی سزاكانی سەر سوریا بەشێوەیەكی هەمیشەیی.
شیبانی بۆ بەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان لە ئەمریكایە و بۆ یەكەمجارە لە ئەمریكا لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتـە كۆببێتەوە، پێشتر ئەمریكا چەند مەرجێكی بۆ كەمكردنەوەی سزاكانی سەر سوریا داناوە كە دیارترینیان لەناوبردنی كۆگاكانی چەكی كیمیایی و پشتگیری دیمەشقە بۆ ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە دژی تیرۆر لە سوریا ئەنجامیان دەدات .