هێزی دەریایی ئەمریکا بڵاوی کردەوە لە روداوێکی کتوپڕدا، فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی جەنگی بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار کەوتە نێو ئاوەکانی دەریای سورەوە.

لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، هێزی دەریایی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە رۆژی سێشەممە، فڕۆکەیەکی جەنگی گرانبەهای لە دەریای سور لەدەست داوە. بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم فڕۆکەیە لە جۆری سوپەر هۆرنێتی ئێف-18 بووە، کە بەهاکەی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلارە.

سەرچاوە فەرمییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا رونیان کردەوە کە فڕۆکەکە لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس ترومان جێگیر کرابوو، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی بۆ فڕین و خستنە سەر رێڕەوی گونجاو، بەهۆی هەڵەیەکەوە خلیسکاوە و راستەوخۆ کەوتۆتە نێو ئاوەکانی دەریای سورەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ کە لەم روداوەدا هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە، تەنیا دەریاوانێک بە سووکی بریندار بووە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

هێزی دەریایی ئەمریکا، تیمێکی تایبەتی لە شارەزایان بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە پێکهێناوە.

فڕۆکەی سوپەر هۆرنێت ئێف-18 بە یەکێک لە پێشکەوتووترین فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا دادەنرێت و بەهۆی تەکنەلۆژیای بەرزی و توانای جەنگیی باڵاوە، بەهاکەی دەگاتە زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ هێزی دەریایی ئەمەریکا.