کەوتنەوەی ئاگر لە هۆتێلێکی هیندستاندا بووە هۆی گیانلەدستدانی 14 کەس، کە یەکێکیان بۆ خۆڕزگارکردن لە سەربانی باڵەخانەکەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.

پۆلیسی هیندستان رایگەیاند، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری کولکاتادا ئاگر کەوتووەتەوە، کە بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، هێشتاش هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیاری نەکراوە.

باسی لەوەشكرد، ئاگرەکە ئێوارەی دوێنێ کەوتووەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنەکەی کاتی زۆری ویستووە و شەش تیم سەرقاڵی کوژاندنەروەی ئاگرەکە بوون.

وتیشی، یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە بەهۆی ئەوەوە بووە لە سەربانی هۆتۆێلەکەوە هەوڵی خۆڕزگاکردنی داوە و خۆی هەڵداوە، بەڵام کەوتووەتە خوارەوە.

وەک لە ڤیدیۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەوێت، چەندین کەس لە پەنجەرەی هۆتێلەکانەوە دەیانەوێت خۆیان رزگار بکەن و هەوڵی راکردن دەدەن.

کەوتنەوەی ئاگر لە هیندستان تاڕادەیەک یەکێکە لە روداوە بڵاوەکان، چالاکوانانی ئەو وڵاتەش هۆکارەکەی بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێننەوە لە بەدواداچوونی ورد بۆ سیستمی دروستکردنی باڵەخانەکان و جێگیرکردنی سیستمی ئاگرکوژاندنەوە تیایاندا.