ئێدوارد مارتن، داواکاری گشتی فیدڕاڵی ئەمریکا، ئینسایکڵۆپیدیای ئەلیکترۆنی "ویکیپیدیا" تۆمەتبار دەکات بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و دەستکاریکردنی زانیارییەکان کە پەیوەندیدارن بە مێژووی ئەمریکاوە.

لە نامەیەکدا کە ئاژانسی "فرانس پرێس" باسی لێوەکردووە، داواکاری گشتی نووسیویەتی: "ویکیپیدیا رێگە دەدات بە دەستکاریکردنی زانیارییەکان لەسەر پلاتفۆرمەکەی، لەوانەش دووبارە نووسینەوەی روداوە مێژووییە سەرەکییەکان و بایۆگرافیای سەرکردە ئەمریکییە کانی ئێستا و ئەوانەی پێشوش، لەگەڵ بابەتی دیکە کە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان".

مارتن پێی وایە ئەو کارانەی کە بە "ویکیپیدیا" دەکرێن، پێچەوانەی ئەرکی پەروەردەیی دامەزراوەی ویکیپیدیان. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە داواکاری گشتی نزیکەی 10 پرسیاری ئاراستەی دامەزراوەکە کردووە سەبارەت بە سیاسەتەکانی شەفافیەت، لێپرسینەوە و ئاسایش کە پەیڕەو دەکرێن لە کاتی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکدا، و چاوەڕوانی وەڵامدانەوەیان دەکات پێش 15ـی مایس. ئامانجی لێکۆڵینەوەکە دیاریکردنی ئەوەیە کە ئایا ئەم کردارانە پێشێلکردنی دۆخی رزگاربوون لە باج دەکەن کە رێکخراوەکە هەیەتی.

جێی باسە کە بزنسمان ئیلۆن ماسک لە دیسەمبەری 2024دا داوای کردبوو کۆتایی بە بەخشینی پارە بە "ویکیپیدیا" بهێنرێت هەتا سیاسەتەکانی دەستکاریکردنی وتارەکان بگۆڕێت، هەروەها یەک ملیار دۆلاری پێشنیاز کردبوو بە ئینسایکڵۆپیدیاکە بەرامبەر بە گۆڕینی ناوەکەی بۆ دەستەواژەیەکی ناشیاو.