فەرەنسا بۆ ئێران: ئەگەر دانوستانەكان ئەنجامیان نەبێت ئەوا سزا هەڵگیراوەكان دەسەپێنینەوە
سەعید سەروەت
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٥
فەڕەنسا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، لە ئەگەری سەرنەكەوتنی دانوستانەكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، تەواوی سزا هەڵگیراوەكان بەسەر تاراندا دەسەپێنێتەوە.
ژان نوێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، لە ئەگەری شكستهێنانی دانوستانەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، پاریس درێغی ناكات لە سەپاندنەوەی سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر ئێراندا.
بارۆت وتیشی، رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە تیایدا فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لایەنن، لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆتایی دێت، ئەگەر بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەوروپا گەرەنتی نەكرێن، بۆ یەك چركەش درێغی ناكەن لە دووبارە سەپاندنەوەی سەرجەم ئەو سزایانەی 10 ساڵ لەمەوبەر لەسەر تاران هەڵگیراون.
فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا كە ناسروان بە ترۆیكای ئەوروپا، لایەنی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015ن لەگەڵ ئێران كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆتایی دێت. بەپێی رێكەوتنەكە سێ ولاتەكە دەسەڵاتی كاراكردنەوەی میكانیزمی سەپاندنەوەی سزایان بەسەر تاراندا هەیە و دەتوانن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراودا ئەو دەسەڵاتە لە ئەنجومەنی ئاسایش بەكاربهێنن.