مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی "بن گۆریۆن" لە ناو قوڵایی ئیسرائیل بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج.
جەختیشی کردەوە لەوەی، بەردەوام دەبن لە بۆردوومان کردن و بە ئامانگرتنی پێگەکانی "دوژمن" وەک ئاماژەیەک بۆ ئیسرائیل، ئامادەکاریش دەکەن بۆ قۆناغی دووەمی ھێرشەکانیان، ئەوەش لە وەڵامی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین ئەنجامی دەدات و بۆ پشتیوانی سەرکەوتنی گەلی غەززە.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە، ئەوە دووەم جارە کە مقاوەمەی ئیسلامی عێراق ئەو فڕۆکەخانەیەی ئیسرائیل بە ئامانج دەگرێت.
دەستەی راگەیاندنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، وەفدی ئیسرائیل لە دانوستانەکانی دەوحە پێشنیارێکی رەسمی بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی حەماس پێشکەش کردووە، راشیانگەیاندووە، دانوستانەکان لە بەرەوپێشچووندان بەڵام پێدەچێت چەند ھەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت و خولی دیکەی ھەبێت.
دەستەکە راشیگەیاند، دانوستانکارانی دەوحە ھەوڵدەدەن سەرەتا بگەنە لێکتێگەیشتنێک سەبارەت بە ئازادکردنی زیندانییە ئەمنییەکان، لە بەرامبەر ئازادکردنی نزیکەی ٤٠ دەستگیرکراوی ئیسرائیلی، پاشان باس لە دۆسیەی ئاڵۆزتر دەکەن وەک گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ باکوری کەرتی غەززە.
لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیلیش کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە وتویەتی، سووربوونی حەماس لەسەر گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ باکوری کەرتی غەززە، رەنگە دانوستانی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەناوببات. راشیگەیاندووە، دوای وەڵامی حەماس لەسەر ئەم پێشنیارانە، بۆیان دەردەکەوێت کە ئایا بزووتنەوەکە گرنگی بە ئاگربەست دەدات یاخود کات بەفیڕۆ دەدات.
ھادی تەحان نەزیف، وتەبێژی ئەنجومەنی چاودێری دەستوری ئێران رایگەیاندووە ، ئەنجومەنەکەیان ئەنجامی ھەڵبژاردنی سەرجەم بازنەکانی ئەنجومەنی شارەزایانی پەسەندکردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەنجومەنەکەیان ئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٨٩ بازنەی پەرلەمانی ئێرانیشی پەسەندکردووە و ١٩ بازنەکەی دیکەش کارکردن لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانیاندا گەیشتووەتە قۆناغەکانی کۆتایی، بەڵام تائێستا پەسەند نەکراون.
١ی ئەم مانگە دەنگدەرانی ئێران بۆ ھەڵبژاردنی ٢٩٠ ئەندامی پەرلەمان و ٨٨ ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان.
ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، ئەو ئەرکەی سوپای وڵاتەکەی ماویەتی لە سوریا تەواوی دەکەن و ئەم ھاوینەش لە رێی ئۆپراسیۆنەکانیانەوە بە تەواوی ئاسایش و سەقامگیری دەگەڕێننەوە بۆ سنوورەکانی عێراق و سوریا،
ئەردۆغان دوپاتیشیکردۆتەوە کە توانای بەرپەرچدانەوەیان بۆ پاراستنی گەل و وڵاتەکەیان ھەیە و ئامانجیان نەھێشتنی مەترسیە لەسەر ئاسایشی تورکیا و بوون بە خاوەنی سوپایەکی بەھێزە .
کۆمپانیای ئاریا بۆ راپرسی، تازەترین راپرسی خۆی لەبارەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بڵاوکردەوە کە ٣١ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی راپرسییەکەش لە ئیستانبوڵ کە دوو ھەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە، کاندیدی جەھەپە ٣٨.٢٪ و کاندیدی ئاکپارتی ٣٥.٧٪ و کاندیدی دەمپارتیش ٤.٨٪ـی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
لە ئەنقەرەی پایتەختیش کە زیاتر لە چوار ھەزار کەس بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، کاندیدەکەی جەھەپەبەجیاوازییەکی زۆر پێش کاندیدی ئاکپارتی کەوتووە و ٥٩.١٪ی دەنگەکانی بەدەستھێناوە، لە بەرامبەریشدا کاندیدی ئاکپارتی ٣٠.٣٪ و کاندیدی دەمپارتیش ١.٢٪ـی دەنگەکانیان بەدەستھێناوە.
بەگوێرەی ھەمان راپرسی لە پارێزگاکانی ئەدەنە و مێرسین و ئیزمیریش کاندیدی جەھەپە بەجیاوازی چەند خاڵێک لەپێش کاندیدی لیستی دەسەڵات ھاتووە، بەڵام لە پارێزگای ئایدین کاندیدی ئاکپارتی لەپێش کاندیدی جەھەپەیە و ٤٣.١٪ی دەنگی راپرسیەکەی بەدەستھێناوە.
ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سبەینێ دەچێتە سعوودیە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەربارەی ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکات و دواتر دەچێتە قاھیرە و لەگەڵ بەرپرسانی میسر لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.
وتیشی، پرسی ھاوکارییە مرۆییەکان و گەیاندنی ھاوکارییەکان بە دانیشتوانی کەرتی غەززە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی بلینکن دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە و میسر.
لێپرسراوێکی باڵای حەماس رایگەیاند، حەماس دیدی خۆی رادەستی میسر و قەتەڕ کردووە لەبارەی ئاگربەستی غەززە و و چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیل دەکەن رەزامەندی لەسەر پێشنیارەکانیان دەرببڕێت و بگەنە رێککەوتن.
راشیگەیاندووە ، لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ناتانیاھۆیە و چاوەڕێیان دەکەن و حەماس ئامادەی رێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵۆڕینی بارمتە و زیندانیەکانە.
حەماس ھەفتەی رابردوو پێشنیازی ئاگربەستی لە غەززە کرد بە دوو قۆناغ کە قۆناغی یەکەم شەڕ بۆ ماوەی شەش ھەفتە بوەستێت لە بەرامبەر ئازادکردنی ٤٢ بارمتە و لە بەرامبەردا ئیسرائیل ٢٠ بۆ ٣٠ زیندانی فەڵەستینی لەبەرامبەر ھەر بارمتەیەک ئازاد بکات و رێگە بە ھاتنی ٥٠٠ بارھەڵگری ھاوکاری بدرێت.
لە قۆناغی دووەمدا حەماس سەرجەم بارمەتەکان ئازاد دەکات لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم زیندانیکراوە فەلەستینیەکان و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەززە.