وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ژمارەیەك سزای نوێی دژی كەرتی نەوتی ئێرانی بڵاو كردەوە كە چەند كۆمپانیایەكی لە ئیمارات و توركیا گرتوەتەوە.

لە راگەیەنراوەكەی ئەمریكادا ئێران تۆمەتبار كراوە بەوەی كە بەردەوامە لە هاوكاریی دارایی حوسییەكان و چەكدارانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەش ئاگری شەڕی لە ناوچەكە زۆرتر كردوە بۆیە بڕیاردراوە بە بڕینی سەرچاوە داراییەكانی ئەو وڵاتە كە زۆربەی لە رێگەی ساخكردنەوەی نەوتەكەیەوە بوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جگە لە كۆمپانیایەكی ناوخۆی ئێران، ناوی پێنج كۆمپانیای لە ئیمارات و كۆمپانیایەك لە توركیای بڵاو كردوەتەوە كە لە بەهۆی ساخكردنەوەی نەوەتی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە سزادراون.

لە لایەكی دیكەوە پێت هێكسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس رایگەیاند، ئەگەر پشتیوانییەكانی ئێران بۆ حوسییەكان بەردەوام بێت لە كات و شوێنی پێویستدا هێرش دەكەنە سەر ئەو وڵاتە.

لە پەیامەکەشیدا هاتووە، "ئێوە دەزانن توانای سەربازی ئەمریکا چەند بەهێزە، باجی پشتیوانی لە حوسیەکان لە کات و شوێنی خۆیدا دەدەن".