جیهانجیهان

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی سێقۆڵی لەگەڵ ئۆکراین و ئەمریکا دەربڕیوە لە مانگی داهاتوودا.

لەلای خۆیەوە، یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری سەرۆکی روسیا بۆ کاروباری دەرەوە، دوای کۆبوونەوەی نێوان پوتن و ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، سەرکردەی ڕووسیا 'لە بنەڕەتدا' رەزامەند بووە لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سێقۆڵییەکان لە دوای 10ـی مانگی داهاتووە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ ستیڤ ویتکۆف لە شاری سانت پیتەرزبۆرگ لەگەڵ ڤلاديمێر پوتن کۆبۆوە بۆ تاوتوێکردنی جەنگی ئۆکراین، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هانی کیێڤ دەدات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

لە لێدوانێکدا لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ویتکۆف هیوای خواست تاوتوێی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ سێقۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا، روسیا و ئۆکراین بکەن، تا ئەو سێ وڵاتە بتوانن تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرەو رێککەوتنی ئاشتی بکەن، لای خۆشیەوە، پوتن سوپاسی ترەمپ و ویتکۆفی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە پێناو کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

بەپێی زانیارییەکانی کرملن، کۆبوونەوەکە نزیکەی سێ سەعاتی خایاندووە، ئەم سەردانەی ویتکۆف بۆ روسیا تەنها رۆژێک دوای کۆبوونەوەی هات لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویژ لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین و چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئۆکراین، هیواخوازە سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ روسیا، ئەنجامی ئەرێنی لێبکەوێتەوە.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'فۆکس نیوز' رایگەیاند، گفتوگۆکانی لەگەڵ ویتکۆڤ لە ئۆسلۆ بەرهەمدار بوون و ئۆکراین بۆ دیپلۆماسی ئامادەیە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ویتکۆڤ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجام درا، زیلینسكی رایگەیاند، هیوادارە لە چەند سەعاتی داهاتوودا هەندێک ئەنجامی ئەرێنییان دەستکەوێت.

زیلینسكی جەختی لە گرنگیی راگرتن و وەستاندنی شەڕ و کردەوە بۆ قۆناغی دیپلۆماسی و گەیشتن بە رێککەوتنێک کە مسۆگەری ئەمنی تێدا بێت، هەروەها ستایشی بانگەوازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەست.

سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشی خستەڕوو، گرنگ ئەوەیە کە گفتوگۆی سێقۆڵی لە نێوان خۆیی و ترەمپ و پوتن ئەنجام بدرێت،  ئاماژەی بەوەشکرد، باشتر دەبێت وڵاتانی ئەورووپاش بەشدار بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیمانیۆل ماکرۆن، باس لە خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا دەکات و دەشڵێت، "هەوڵ دەدرێت بە زیرەكیی دەستكرد راستی خۆپێشاندانەكان چەواشە بكرێت".

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە رایگەیاند: هەوڵ دەدەین گوێ لە داوكارییەكانی خەڵكی فەڕەنسا بگرین، بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە لە چەند شوێنێکی فەڕەنسا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیندراوە.

ماكرۆن دەشڵێت: هەوڵ دەدرێت بە زیرەكیی دەستكرد راستی خۆپێشاندانەكان چەواشە بكرێت، هەروەها پێویستە خۆپێشاندەران بە رێكاری دیموكراسیانە داواكانیان دەرببڕن، تا ئێستا دەستێوەردانی دەرەکی لە خۆپیشاندانەکاندا نییە.

سەبارەت بە رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا، "کار دەکەین بۆ کەمکرندەوەی گرژییەکان".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئۆکراین، لە ئۆسڵۆ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا لە ئۆسلۆ کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵیدا گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و واشنتۆن کۆنتڕۆڵبکات و پشتیوانییە سەربازییە گرنگەکان بگەڕێنێتەوە.

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و رایگەیاند: سوپاسگوزاری ئەمریکایە بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی زانیارییە هەواڵگرییەکان بە وڵاتەکەی و پێدوانی هۆشداریی پێشوەختەش، لە هێرشە موشەکییە بالیستییەکانی روسیا

وتیشی: کیێڤ بەردەوام بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگە چەند ساڵەکەیان لەگەڵ روسیادا. 

ئەوەشی روونکردەوە، وڵاتەکەی لە بەرانبەر روسیادا شەڕەکە نادۆڕێنێت، بەڵام گەلەکەی لەدەست دەدات، لەپێناو لەدەستنەدانی هاووڵاتیان و سەربازانی وڵاتەکەی بە رێژەیەکی زیاتر، هیوای خواست کە لە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی نێوان خۆی و سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی روسیادا، کێشە سەرەکییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە تاوتوێ بکرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هاوکاتی لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکراین، ئاژانسی 'تاس'ـی روسیش بڵاویکردەوە، ویتکۆف بە نیازە سبەینێ چوارشەممە سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا کۆبێتەوە و بگەنە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی شەڕەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی ئەوروپا و جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئێران و جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراین، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و ئاشکرایکرد: روسیا و ئۆکراین دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکانی فەرەنسا پرسی کۆچبەرییە و ئەوەی لەو وڵاتە دەگوزەرێت شۆڕشە.

هۆشداریشیدایە وڵاتانی ئەوروپی و وتی: پێویستە ئەوروپا رەوشی خۆی سەبارەت بە کۆچبەران چاکبکات، ئەگینا ئەو کیشوەرە بەو شێوازەی ئێستا هەیە نامێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆسیەی ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا، کارەکان بە ئاڕاستەیەکی زۆر باشدا دەڕۆن و واشنتۆن پێویستی بە هیچ یارمەتییەک نییە، بەڵکو ئەوەی ماوەتەوە تەنها بڕیاردانی کۆتایییە لەسەر شێوازی بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە شەڕەکەدا.

لەبارەی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکراینیش روونیکردەوە: مۆسکۆ خوازیارە لەگەڵ ئۆکراین بگاتە رێککەوتنێک و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی هێناوە، و ئاماژەی بەوە دا کە دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بیەوێت سەرکەوتنی رەسمی رابگەیەنێت یان دەستبەجێ هێزەکانی پاشەکشە پێ بکات.

لە لێدوانەکانیدا سەبارەت به دۆسیەی ئێران، ترەمپ رونی کردەوە کە رەوشەکە گەیشتووەتە قۆناغی یەکلاکەرەوە و رایگەیاند: دەتوانین هەر سبەی لە جەنگدا سەرکەوتوو بین، وبە راشکاوی، دەتوانین هەر ئەمڕۆش پاشەکشە بکەین. زۆر بە زوویی لە جەنگدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە خاڵی سەرەکیی سیاسەتی ئەمەریکا لەم دۆسیەیەدا بریتییە لە رێگریکردن لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی رابگات و بە "ئامانجی سیاسیی باڵا"ی ناو برد.

لە لایەکی ترەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوەکانی ئەمەریکا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت و وتی: جیهان زۆر سوپاسگوزاری ئەو کارانەیە کە ئێمە ئەنجامی دەدەین.

سەبارەت بە لایەنی ئابووری و بازاڕەکان، سەرۆکی ئەمەریکا پێشبینی کرد کە ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت و رایگەیاند: بە زوویی دابەزینێکی گەورە لە نرخی نەوتدا دەبینن.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن کە پێشبینی و شرۆڤەکان سەبارەت بە داهاتووی بوونی سەربازیی ئەمەریکا لە ناوچەکە و سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی نەوت، رووی لە هەڵکشانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حكومەتی ئەمریكا بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكردی كۆمپانیای دیپ سیكی چینی لە سەرجەم فەرمانگە مەدەنییەكانیدا قەدەغەكرد.

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا بڕیارێكی رەسمیی دەركرد بۆ سڕینەوە و قەدەغەكردنی سیستمەكانی ژیریی دەستكرد سەر بە كۆمپانیای "دیپ سیك"ی چینی لە سەرجەم فەرمانگە مەدەنییەكانی دەوڵەت، لە سەروویانەوە وەزارەتەكانی دەرەوە، گەنجینە و داد.

ئەو بڕیارەش دوای ئەوە دێت لێپرسراوانی كۆشكی سپی و كۆمپانیاكانی ئەمریكا هۆشدارییان دا لە مەترسییە ئەمنییەكانی پرۆگرامە چینییەكان بە مەبەستی سیخوڕیی هەواڵگریی.

كۆمپانیا پێشەنگەكانی ئەمریكاش لە بواری تەكنەلۆژیادا وەك "ئۆپن ئەی ئای" چینیان بە كۆپیكردنی مۆدێلە پێشكەوتووەكانیان تۆمەتبار كردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش دەڵێت، چین گەورەترین نەیاری وڵاتەكەیەتی لە پێشبڕكێی ژیریی دەستكرد دا.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکوت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، دۆخی ئابووری و دارایی ئێران بە قۆناغێکی مەترسیدار و هاوشێوەی کۆمپانیایەکی بەرەو مایەپوچبوون وەسف کرد، و جەختی لەوە کردەوە کە دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە رووبەڕووی داڕمانێکی بەردەوام بووەتەوە.

بیسنت لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە دا: بارهەڵگرە نەوتییەکانی ئێران لە ماوەی رابردوودا هیچ بارێکی نەوتیان لە دوورگەی خارکەوە هەڵنەگرتووە، ئەمەش نیشانەی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پاشەکشەی توندی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە.

هەروەها، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا روونی کردەوە: شەپولێکی فراوانی نیگەرانی و پشێوی بازاڕەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، لە کاتێکدا گوشارە داراییە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی قورسی لەسەر ژێرخانی ئابووریی تاران داناوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فۆلۆدیمیر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە کەناڵی تەلەگرام رایگەیاند کە پەیوەندییەکی ئەنجامداردا سێ داواکاری سەرەکی خستووەتە بەردەم مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

زێلینسکی ئاماژەی بەوەکرد: داواکارییەکان برێتین لە دابینکردنی سیستەمی بەرگری دژی مووشەکی بالیستی و ئامێری ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە هێرشەکانی روسیا لەگەڵ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی سەر سیستەمی ستارلینک و ستارشێڵد و کاراکردنەوەیان.

سەرۆکی ئۆکرانیا  سوپاسی روبیۆیی کرد بۆ هەڵوێست و هاوکارییەکانی ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی کیێڤ و واشنتۆن تووشی گرژی بوونەتەوە بەهۆی رێککەوتنی ئەمەریکا و روسیا لەسەر سووتەمەنی و راگرتنی سزاکان لەلایەن ترەمپەوە.

هەروەها سەرەڕای رەتکردنەوەی ئیلۆن ماسک، سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی کردەوە کە هێشتا ئاستەنگ لەسەر بەکارهێنانی ستارلینک بۆ مەبەستی مەدەنی و ستارشێڵد بۆ مەبەستی سەربازی بەردەوامە و زیانی بە ئۆپراسیۆنەکانیان گەیاندووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

په‌ره‌سه‌ندنی جه‌نگ له‌ جیهاندا، بە تایبەت جەنگی ئێران بووەتە هۆی بوژانەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز لە کیشوەری ئەمەریکا.

رۆژنامەی فایننشال تایمز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، لە سایەی زیادبونی نیگەرانییەکان و درێژخایەنبوونی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کڕیاران بۆ دابینکردنی سەرچاوەی متمانه‌پێکراوی وزە لە کێبڕکێدان.

فایننشال تایمز ئاماژەیبەوەکردوە، بەهۆ خواستەوە لەسەر وزە،  وڵاتانی  کەنەدا و بەڕازیل ئەمساڵ ریکۆردی نوێیان لە بەرهەمهێنانی نەوتدا تۆمار کردووە و بەپێی مەزەندەی کۆمپانیای ریستاد ئینێرجی کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو ئەمریکای باکور و باشور لە ماوەی دوو ساڵی کۆتاییدا تا مانگی کانوونی یەکەمی 2026 نزیکەی 10٪ روو لە زیادبوون کردوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریکاش لە هەڵکشاندایە و هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان، لەوانەش گازاویل، بۆ ئەوروپا و ئاسیا لە 15٪ زیادی کردووە.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکەدا هاتووە؛ بازاڕە جیهانییەکان لە ئەنجامی هێرشکردن سەر ژێرخانی نەوتی و کەشتییەنەوتهەڵگرەکان، لە گەروی هورمز، زیاتر لە دوو ملیار بەرمیل نەوتی خاویان لەدەست داوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، قەدەغەی هاتوچۆی لە سەعات 11ـی شەو تا شەشی بەیانی راگەیەندرا، ئەمەش لە دوای ئەوە دێت خۆپیشاندانێکی فراوانی پڕ لە توندوتیژی تەواوی وڵاتەکەی گرتوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، پۆلیسی پاریس، لە بەشێکی شارەکە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات رەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکات، کە لە رۆژانی رابردوودا خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری وڵآتەکەی گرتوەتەوە  و توندوتیژی لێکەوتوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات 11ی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات و تا سەعات شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە، زیاتر لە  هەزار و 200 كەس دەستگیرکراون و دەیان خۆپیشاندەر و پۆلیس بریندارن و چەندین کۆگا  ومارکیت و شوێنی بازرگانیش تاڵان کراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی ئێکس و سپەیس ئێکس و تێسلا لە نوێترین بڵاوکراوەیدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: پشکێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دەداتە هەموو منداڵانی ئەمریکا.

بەپێی بڵاوکراوەکەی ئیلۆن مەسك بێت، بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا یەكێك لە پشكەكانی كۆمپانیای بۆشایی ئاسمانیی 'سپەیس ئێكس' پێشكەش بە هەر منداڵێكی ئەمریكا بكرێت.
هاوکات، ئەم هەواڵە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندە ئابوورییەكان دەنگدانەوەی گەورەی هەبووە و چاوەڕوان دەكرێت وردەكارییەكان و شێوازی دابەشكردنی لە داهاتوویەكی نزیكدا بڵاوبكرێنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مەسک یەکێکە لە دەوڵەمەنترین پیاوی جیهان و سەرمایەکەی لەئێستادا بە زیاتر لە 900 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و کۆمپانیای 'سپەیس ئێکس'ـیش کە کۆمپانیایەکە بۆ لێکۆڵینەوە زانستیی و گەردوون ناسی، پشکەکانی بەشێکن لەو سەرمایەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە کاتێکدا رەوشی سیاسی و ئەمنیی فەرەنسا بەهۆی شەپۆلێکی توندوتیژی و پێکدادانی خوێناوی لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی هەفتەدا گەیشتووەتە لوتکەی ئاڵۆزی، سەرۆک کۆمار ئێمانوێل ماکرۆن لەژێر گوشارێکی توندی ناوخۆییدا دواجار دانی بەوەدا نا کە سیستمی سیاسی و ئەمنیی وڵاتەکە رووبەڕووی کەمکورتی و شکستی گەورە لە قۆناغی خۆئامادەکردن و پێشبینیکردن و کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکاندا بووەتەوە.

سەڕەڕای ئەوەی ئەم دانپێدانانە وەک ئاماژەیەک بۆ داننان بە کێشە قووڵەکان لێکدرایەوە، بەڵام کۆشکی ئێلیزێ هەموو دەنگۆیەک سەباره‌ت بە ناچارکردنی وەزیری ناوخۆ، لۆران نونیێز، بۆ دەستلەکارکێشانەوە رەتکردەوە.

ئەمەش وەک پەیامێک کە حکوومەت پێداگرە لەسەر مانەوە لەسەر هێڵەکە و گرتنەبەری رێوشوێنی توندتر لە داهاتوودا.

لە بەرانبەردا، ماکرۆن ئاراستەی نوێی دەرکردووە و داوای کردووە کە لەمەبەدواوە میکانیزم و ستراتیژە مەیدانییەکانی هێزە ئەمنییەکان لە بنەڕەتەوە نوێ بكرێنەوە، بە چەشنێک بتوانن پێش لەهەر سیناریۆیەکی تێکدەرانە بگرن و کۆتایی بە دیاردە مەترسیدارەکانی تاڵانکاری و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی بهێنن، پێش ئەوەی دۆخەکە جارێکی تر کۆنتڕۆڵ لەدەست دەرچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی فەرەنسا دوای دوو رۆژ لە ئاڵۆزی و ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی وڵاتەکەی، وتارێکی بەپەلەی ئاراستەی گەلی فەرەنسا کرد و دەڵێت؛ سەرجەم تاڵانچییەکان سزادەدرێن.

ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنیدا کە سەرجەم تاڵانچی و ئاژاوەگێڕان سزا دەدرێن و جەختی کردەوە کە هیچ کەسێک لە سزادان بێبەش نابێت.

ماکرۆن لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "بە بینینی ئەم دیمەنانە، هەموومان لە خۆمان دەپرسین، لە مێشکی ئەم کەسانەدا چی دەگوزەرێت؟ چۆن هاووڵاتییانی فەرەنسی دەتوانن کارێکی وەها بەرانبەر فەرەنسا بکەن؟ بۆچی دەبێت بینای شارەوانی لیمۆژ یان نوسینگەی گەشتوگوزاری لیۆن ئاگری تێبەردرێت، هێرش ببرێتە سەر بینای شارەوانی مارسیلیا یان هەڵبکۆترێتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزگاری بۆردۆ؟ چۆن توانییان تا ئەم رادەیە بڕۆن؟"

سەرۆکی فەرەنسا جەختیشی کردەوە، " ئەم رەفتارانە هیچ مایەی قبوڵ نییە، ئەمشەو هەموومان هەست بە تووڕەیی و شەرمەزاری دەکەین، بینینی شەقامی شارەکانمان بەم شێوەیە وێرانکراو، بەرگەنەگیراوە."

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پاش ئەو خۆپیشاندان و ناسەقامگیرییە بەرفراوانەی کە شارەکانی فەرەنسای گرتەوە و توندوتیژی لێکەوتەوە، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد، سنورەکانیان دابخەن و کۆنتڕۆڵی بکەن، هۆشداریشیدا کە کۆچبەری ئەو وڵاتەی وێران کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە "تروس سۆشیال" نووسیویەتی: "فەرەنسا دەسووتێت، کۆچکردنی کەسانێک لە جیهانێکی تەواو جیاوازەوە، کە رق و کینە لە دڵیاندا هەڵگرتووە، ئەو وڵاتەیان پارچە پارچە کردووە کە رۆژێک لە رۆژان مەزن بوو". دەشڵێت: "سنورەکانتان داخەن و کۆنتڕۆڵی بکەن، پێش ئەوەی درەنگ ببێت".

ئەم لێدوانانەی تڕەمپ لە کاتێکدایەکە رۆژی شەممە خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری فەرەنسا گۆڕان بۆ ئاژاوە و توندوتیژی؛ لە چەندین شاردا ئاگر لە بینای شارەوانی بەردرا، دەیان دوکان تاڵان کران، و گروپە توندوتیژەکان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس رووبەڕووبوونەوە.

بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە خۆپیشاندانەکانی پاریسدا خۆپیشاندەرێک بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا، و پۆلیس ژمارەیەکی پێوانەیی دەستگیرکردنی تۆمار کرد کە گەیشتە 855 حاڵەت تەنها لە پاریس. لەسەر ئاستی سەرانسەری ئەو وڵاتەش، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان نزیکەی هەزار و 800  کەسیان دەستگیرکردووە و زیاتر لە 500 پۆلیسیش بریندار بوون.

لە بەرانبەر ئەم رەوشە پڕ لە گرژییەدا، سەرۆکایەتی فەرەنسا ئاشکرایکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، سەعات هەشتی ئێوارە بە کاتی ئەو وڵاتە، سەرۆک ئێمانوێل ماکرۆن وتارێکی تەلەڤیزیۆنی بۆ گەلی فەرەنسا پێشکەش دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە لە شەوی رابردوودا، 1,015 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن)ی ئوکراین لە ناوچە جیاجیاکانی فیدراسیۆنی روسیا خستووەتە خوارەوە و تێکیانشکاندوون.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو درۆنانە لە ئاسمانی چەندین ناوچە و هەرێمدا تێکشکێنراون، لەوانە: بێلغۆرۆد، بریانسک، فلادیمیر، کالوغا، کورسک، لێنینگراد، نۆڤغۆرۆد، ئۆریۆل، پسکۆڤ، ریازان، سمۆلێنسک، تفیر، تۆلا، مۆسکۆ، کڕاسنۆدار، کۆماری قرم و هەروەها لەسەر ئاوی دەریای رەش.

لای خۆیەوە، ئەلیکساندەر بیگلۆڤ، حاکمی شاری سانت پترسبۆرگ، رایگەیاند کە بەهۆی هێرشێکی بەرفراوانی درۆنیی ئوکرانیاوە بۆ سەر شارەکە، کەسێک کوژراوە و پێنج کەسی تریش بریندار بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن، هەروەها زیان بە 12 باڵەخانەی نیشتەجێبوون و دوو خانووی تایبەت گەیشتووە.

شایەنی باسە، رۆژی رابردووش وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاندبوو کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی تەنها یەک رۆژدا 654 درۆنی ئوکرانی و مووشەکێکی "هایمارس"یان تێکشکاندووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...640