جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد، دوای ئیمزاکردنیی بەڵگەنامەی گشتگیری تایبەت بە رێککەوتنی ئاشتی غەززە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان، میسڕ، قەتەر و تورکیاوە.

بایدن لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە "ئێکس" نووسیبووی: "هەستێکی قووڵی سوپاسگوزاری و ئاسوودەیی زۆرم هەیە بۆ هاتنی ئەم رۆژە... لەپێناو دوا 20 بارمتەی زیندوو کە دۆزەخێکی بڕوانەکراویان بینی، و لە کۆتاییدا بە خێزان و خۆشەویستانیان گەیشتنەوە، هەروەها لەپێناو خەڵکی مەدەنی غەززە کە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و لە کۆتاییدا دەرفەتێکیان بۆ دەستکەوت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانیان."

بایدن وتیشی: "رێگای گەیشتن بەم رێککەوتنە ئاسان نەبوو. ئیدارەکەم ماندوونەناسانە کاری کرد بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەوە، دابینکردنی یارمەتی بۆ هاووڵاتیانی فەلەستینی، و کۆتاییهێنان بە جەنگ."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ستایشی سەرۆک ترەمپ و تیمەکەی دەکەم لەسەر هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئاگربەست."

لە کۆتاییدا وتی: "ئێستا، بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و جیهان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر رێگای ئاشتییە کە هیوادارم بەردەوام بێت، و داهاتوویەک بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بە هەمان شێوە، کە تێیدا هەمووان بە یەکسانی لە ئاشتی، کەرامەت و ئاسایشدا بژین."

شەوی دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکان، میسڕ، قەتەر و تورکیا، بەڵگەنامەی گشتگیری تایبەت بە رێککەوتنی غەززەیان ئیمزا کرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، عەبدولفەتاح سیسی، هاوتا میسڕییەکەی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر، بەڵگەنامەکەیان ئیمزا کرد.

ئیمزاکردنەکە لە لووتکەی شەرم شێخ بەڕێوەچوو، کە میسر میوانداریی کردبوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرکردە عەرەبی و بیانییەکان.

ترەمپ پێش جێهێشتنی میسر رایگەیاند: "پێکەوە لەوەدا سەرکەوتین کە هەمووان پێیان وابوو مەحاڵە. لە کۆتاییدا، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە."

رونی کردەوە کە "بەڵگەنامەکە یاسا و رێکخستن و چەندین وردەکاری دیکە لەخۆدەگرێت"، و دوو جار بەجەختەوە وتی: "ئەم رێککەوتنە درێژخایەندەبێت."