ترەمپ: ئێستا سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
محەمەد رزگار
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمی زێڕین دەستیپێکرد، هەروەها ئەمڕۆ رۆژێكی پڕ هیوا و خۆشییە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبەردەم پەرلەمانی ئیسرائیل وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، شانازی دەکەم لە پەرلەمانی ئیسرائیلم و لە پاش دوو ساڵی سەخت 20 بارمتە گەڕانەوە ماڵەكانیان.
وتیشی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشە بەخۆیەوە دەیبینێت و بەرەو ئاسۆیەکی روون دەڕوات، هەروەها لەئێستا بەدواوە سەردەمی زێڕین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێدەکات.
دۆناڵد ترەمپ لەبەشێكی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی ئەمڕۆ رودەدات تەنها كۆتایی جەنگ نییە، بەڵکو سەرەتای دەستپێكردنی ئاشتییە.
ئەوەشی خستەڕوو، گروپەچەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێدەنگ کران و تیرۆر راگیراوە.
سەبارەت بە راگرتنی جەنگەکان سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، راگرتنی هەشت جەنگ لەماوەی هەشت مانگدا کارێکی مەزنە و کاردەکەم بۆ ئەوەی هەموو جەنگەکان بوەستێنم.
پێشکەوتوترین و باشرین چەکمان هەیە، تەنانەت هەندێک جۆر چەکمان کە تا ئێستا کەس خەونیشی پێوە نەبینیەوە، بۆیە هیوادارین پەنا بۆ بەکارهێنانی نەبەین، "ترەمپ وادەڵێت"
هەر وتارەکەیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، دێوەزمەی شەڕی درێژخایەن و ئازاربەخش بۆ ئیسرائیل و فەلەستین کۆتاییهات.
راشیگەیاند، سوپاسی وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکان دەکەم بۆ هەوڵەکانیان لە راگرتنی جەنگ و هاوکارییەکانیان بۆ دوبارە بنیادنانەوەی کەرتی غەززە.



