تاڵیبان خوێندنی 679 کتێب لە زانکۆکان قەدەغە دەکات
بڵند
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان راگەیاندوە 679 کتێبی ئەکادیمی لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی ئەفغانستان قەدەغە دەکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەکی پیشەیی کە لە زانایانی ئایینی و پرۆفیسۆری یاسا و رۆشنبیری ئیسلامی پێکهاتوون پێداچوونەوەیان بۆ کراوە ئەو بڕیارەیان داوە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ ناوی تەواوی کتێبەکانی کە قەدەغەی کردون رەوانەی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان کردووە و داواشی کردوە؛ زانکۆکان لەبری ئەو کتێبانە، کتێبی دیکە بەکاربهێنن کە لەگەڵ یاسای ئیسلامی و سیاسەتەکانی حکومەتی تاڵیباندا دەگونجێت.
ئاماژەیان بەوەکردوە؛ زانایانی ئایینی و مامۆستایانی یاسا و ڕۆشنبیری ئیسلامی، پێداچوونەوەیان بەو کتێبانەدا کردووە بۆ "ناوەڕۆکی باوەڕ، فیکری، ئایینی، سیاسی، کولتووری و زانستی" و دواتر بڕیاری قەدەغەکردنیان دراوە .
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تاڵیبان ئەو کتێبانەیان دەستنیشان نەکرد کە دەیانەوێت، بەڵام رایگەیاندووە کە کتێبی جێگرەوە لە رێگەی لیژنەیەکی پێداچوونەوەوە دەستنیشاندەکریت و بۆ زانکۆکان دەنێردرێت.
ئەو کتێبانەی کە تاڵیبان قەدەغەیان کردون، چەندین بوار لە خۆدەگرن لەوانە؛ ئابووری، کۆمەڵناسی، یاسا، هونەر، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییەکان، ڕۆژنامەگەری و ئەدەب.
ناوی بەشێک لە کتێبە قەدەغەکراوەکان بریتین؛ لە پرەنسیپەکانی یاسا، بناغەکانی ئابووریی رێکخراوەیی، گەشەسەندنی بەردەوامی نێودەوڵەتی، کۆمەڵناسی رێکخراوەکان، کۆمەڵناسی هونەر و کۆمەڵناسی سیاسی، بنەماکانی ئەنترۆپۆلۆژی، بیری سیاسی لە سەدەی بیستەم، جوانیناسی و فەلسەفەی هونەر و سەدان ناونیشانی دیکە.
ئەم بڕیارەی تاڵیبان لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی خوێندنی باڵای وڵاتەکە بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکیشی لە خوێندکاران قەدەغەکرد و بۆ ماوەیەکی کاتیش بەکارهێنانی ئینتەرنێتی لە تەواوی وڵاتدا وەستاند.



