زێلێنسکی: جومعە لەگەڵ ترەمپ کۆدەبمەوە و داوای موشەکی دوور مەودا دەکەم
راهۆز
١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند، رۆژی جومعە لە واشنتۆن لەگەڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆدەبێتەوە و پێکەوە تاوتوێی تواناکانی ئۆکراین لە بواری بەرگریی ئاسمانی و هێرشە دوور مەوداکان دەکەن.
زیلینسکی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە کیێڤ ئاماژەی بەوەدا کە "روانگەیەک"ی پێشکەش بە ترەمپ کردووە دەربارەی ژمارەی موشەکەکانی تۆماهۆکی ئەمریکی کە ئۆکراین پێویستی پێیەتی بۆ هەوڵە جەنگییەکانی دژی روسیا، و هەردوو سەرکردە رۆژی جومعە وردەکاری زیاتر لەسەر ئەم پرسە تاوتوێ دەکەن.
هەردوو سەرکردە رۆژانی شەممە و یەکشەممە قسەیان کردووە، بڕیارە وەفدێکی باڵای ئۆکراینی بە سەرۆکایەتیی یولیا سفریدیانکۆ، سەرۆکوەزیران، پێش کۆبوونەوەی رۆژی جومعە بگاتە واشنتۆن بۆ دانانی بناغەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکەکانی هەردوو وڵات.
زێلینسکی فشار دەخاتە سەر واشنتۆن بۆ ئەوەی مووشەکەکانی تۆماهۆکی دروستکراوی ئەمریکا، کە توانای لێدانی مۆسکۆی هەیە، بۆ کیێڤ دابین بکات. ئۆکراینیەکان دەڵێن، ئەم موشەکانە تەنها دژی ئامانجە سەربازییەکان بەکاردەهێنرێن. مۆسکۆش رایگەیاندووە، ئەم جۆرە هەنگاوێک وەک زیادکردنی مەترسییەکانی شەڕ سەیر دەکرێت.
ترەمپ رایگەیاندووە کە بیر لە ناردنی موشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین دەکاتەوە، بەڵام هاوکات وتوویەتی کە لەوانەیە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، قسە بکات.



