پیت هیگسێت: جەخت لەسەر بەدەستهێنانی ئاشتی دەکەینەوە لەرێگەی هێزەوە
محەمەد رزگار
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزیری جەنگی ئەمریکا جەخت لەسەر گرنگی بەدەستهێنانی ئاشتی دەکاتەوە لە رێگەی هێزەوە، دەشڵێت: بۆ ئۆکراینیش لەسەر هەمان بنەما بیردەکەینەوە.
ئەمڕۆ لە برۆکسل کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی 'ناتۆ بەڕێوەچوو، تێیدا پیت هیگسێت وەزیری جەنگی ئەمریکا بەشداربوو هاوکات رایگەیاند، چاوەڕێی بەدەستهێنانی ئاشتین لە ئۆکراین لە پێگەیەکی بەهێزەوە، هەروەها لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەوە فێبربووینە لەرێگەی هێزەوە ئاشتی بەدەستبهێنین.
وتیشی، کاتێک بەهێز دەبیت ئاشتی بەدەست دەهێنیت، نەک کاتێک وشەی بەهێز بەکار دەهێنیت یان پەنجە رادەوەشێنیت و هیچ ئەنجامێکی نەبێت.
سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئۆکراین لە رووی سەربازییەوە ناتۆ جەختی کردووەتەوە، پێویستە ئەمڕۆ وڵاتان زیاتر کۆمەک بکەن بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکراین و دابینکردنی تێچووی کڕینی چەکی ئەمریکی.
لەلایەکی دیکەوە، رۆبن برێکلمانز، وەزیری بەرگری هۆڵەندا، رایگەیاند، ناتۆ پێویستە لە روداوەکانی تێپەڕبوونی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر پۆڵەندادا فێربێت، و رێگەیەکی کاریگەرتر بۆ خستنەخوارەوەیان بدۆزێتەوە لەبری بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی.F-35
وتیشی، وڵاتەکەی پلانی هەیە 90 ملیۆن یۆرۆ بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکراین خەرج بکات.
ئەو لێدوانانە لە کاتێکدایە، وەزیرانی ناتۆ لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لە برۆکسل کۆبوونەتەوە، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پشتیوانی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکراین لەپێناو کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو وڵاتە کە لە مانگەکانی رابردوودا.



