مەزڵوم عەبدی دەڵێت: مانەوەم لەناو گەلەكەمدا لە هەموو پلە و پۆستێك پێ گرنترە و هەوڵدەدەین رێككەوتنەكە لەگەڵ دیمەشق عەفرین و گرێسپی و سەرێكانیش بگرێتەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات'هەسەدە' لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رۆناهی رایگەیاند، مەترسی کۆمەڵکوژی لەسەر گەلی کورد هەبوو لە رۆژئاوا، هەموو هەوڵەکانیش بۆ راگرتنی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو.
وتیشی،هەوڵەکانی دوایی ئاگربەستیش پاراستنی مافی کوردە.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتوین هێزێکی ئەمنی کەم لە سوریا بێنە حەسەکە بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی حکومەت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێزەی لە دیمەشقەوە دێن تەنها بۆ پاراستنی چەند شوێنێكی حكومیە، دەشڵێت؛ دۆسیەی ئەمنی ناوچە كوردیەكان جگە لە هەسەدە لای هیچ هێزێكی دیكە نابێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە راشیگەیاند، هیچ دامەزراوەیەكی رەسمی هەڵناوەشێنەوە و هەموی وەك خۆی دەمێنێتەوە، شەڕڤانانیش وەك بەشێك لە وەزارەتی بەرگری لە ناوچەكانی خۆیان دەمێننەوە.
ئاشکراشیکرد، هەوڵدەدەین رێككەوتنەكە عەفرین و گرێسپی و سەرێكانیش بگرێتەوە، هاوکات پۆستی پارێزگاری حەسەکە بۆ کورد دەبێت و لەلایەن هەسەدەوە هەڵدەبژێردرێت.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانبەرانی خۆسەر لە ماوەیەكی كورتدا بە رەسمی دەكرێن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە جێبەجێكردنی رێككەتنەكە وەك خۆی.
مەزڵوم عەبدی: مانەوەم لەناو گەلەكەمدا لە هەموو پلە و پۆستێك پێ گرنترە ، سوپاسی زۆرینەی حزب و لایەنەكانی باشوری كوردستان دەکەم، کە پشتیوانمان بوون و رۆڵی گرنگیان هەبوو.
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی لەبارەی رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە و حكومەتی سوریا بڵاوكردەوە و دەڵێت: هیوادارم رێککەوتنەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی و گەشەسەندن بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا دەکەم بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، هیوادارم ببێتە سەرەتایەک بۆ دابینکردنی مافی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان بە تایبەتی کورد.
وتیشی، سوپاسی خۆم ئاڕاستەی ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی نێوەندگیر دەکەم و هیوادارم رێککەوتنەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی و گەشەسەندن بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، لە ناخی دڵمەوە سوپاسی تەواوی هاونیشتمانییانمان بە تایبەتی گەنجان لە کوردستان و تاراوگە دەکەم بۆ پاڵپشتییان لە رۆژئاوا، کە بە جیهانیان وت، کورد یەکە.
راشیگەیاند، هەوڵ و بەرخۆدانی بەردەوامی برام جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوا بیردەهێنمەوە و پێی دەڵێم، شانازیی بە هەڵوێستەکانتەوە دەکەم و وەک هەمیشە پشتیوانتم.
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، رێکەوتنیان لەگەڵ دیمەشقدا، گەرەنتی گەڕانەوەیا بە سەلامەتی و شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و کۆبانێ دەکات و سوپاسی ئەمریکا وفەرەنسا دەکات کە ڕۆڵی نێوەندگیریان بینیوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
دوای راگەیەندنی رێککەوتنیان لەگەڵ دیمەشقدا، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، رێککەوتنەکە بناغەی قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن لە سوریا دادەنێت و ئەوان پابەندین بە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوە بە شێوەیەک، کە خزمەت بە یەکێتی سوریا و ئاشتی مەدەنی بکات.
ناوبراو جەختکردوەتەوە، رێکەوتنەکە گەرەنتی گەڕانەوەی سەلامەتی و شکۆمەندانەی خەڵکی عەفرین و کۆبانێ دەکات و بناغەی قۆناغێکی نوێی سەقامگیری و گەشەسەندن لە سوریا دادەنێت.
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەشکردوە، بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکان ئامانجی یەکگرتنێکی بەرپرسیارانەیە و دەبێت پاریزەری هەموو پێکهاتەکان بێت.
جەختیشیکردوەتەوە، سوپاسی ئەمریکا و فەرەنسان دەکەن بۆ ڕۆڵی نێوەندگیریان و هیوادارن ئەوان گەرنتی جێبەجێکدرنی رێککەوتنەکە بدەن.
قوباد تاڵەبانی، پەیامێکی بەبۆنەی 11ساڵەی شەهیدبونی لیوا حسێن مەنسوور و لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت؛ ئازایەتی و دڵسۆزی و ورە و باوەڕی پتەویان بە کوردایەتی بۆ هەمیشە ئیلهامبەخشی هەڤاڵەکانیان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن.
ئەمڕۆ هەینی، 11 ساڵ تێپەردەبێت بەسەر شەهیدبوونی هەردوو لیوا حسێن مەنسوور و شێرکۆ فاتیح شوانی، کە لە روبەڕوبونەوەی چەکدارەکانی داعشدا شەهیدبوون و قوباد تاڵەبانیش دوپاتی دەکاتەوە کوردستان ئەوو دوو شەهیدە لە بیر ناکات.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، شەهیدان لیوا حسێن مەنسوور و لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی دوو جەنگاوەری مەزنی سەنگەرەکانی پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان و کوردستان و هەڤاڵانتان هەرگیز لەیادتان ناکەن.
هەسەدە راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ سوپای سوریادا گەیشتونەتە رێککەوتن و قۆناغ بە قۆناغ هێزەکانیان لەگەڵ سوپای سوریادا رێکدەخرێت، هەروەها جەختیشدەکەنەوە کە رێککەوتون لەسەر یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەیان بەوەکردوە، رێککەوتنەکە بریتییە لە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هەردوولا لە خاڵەکانی بەرکەوتن و هاتنە ناوەوەی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و دەستکردن بە یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە.
هەروەها پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی کە لە سێ لیوا پێکهاتووە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، جگە لە پێکهێنانی لیوایەک لە هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە هێزەکانی کۆبانێ لەگەڵ پارێزگاری حەلەب.
لە بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەدا یەکخستنی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر کە سەر بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا دەبێت و لەگەڵ رێکخستنەوەی فەرمانبەرانی حکومی.
هەسەدە راشیگەیاندوە، رێککەوتون لەسەر یەکلاکردنەوەی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و زامنکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کرا.
ئامانجی رێککەوتنەکە یەکخستنی خاکی سوریا و بەدیهێنانی یەکگرتنی تەواو لە ناوچەکەدا لە رێگەی پتەوکردنی هاریکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.
بەبۆنەی تێپەڕبونی 11 ساڵ بەسەر شەهیدبونی لیوا حسێن مەنسور و لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ ئەوان دوو نموونەی باڵای دڵسۆزیی و ئازایەتی و ورە بەرزیی تێکۆشانی خەباتی کوردایەتین کە تاوەکو دوایین ساتی شەهیدبوونیان لەپێناو شەکاوەیی ئاڵا پیرۆزەکەمان بە پێوەبوون و سەنگەریان چۆڵنەکرد.
سەرۆکی یەکێتی راسیگەیاندوە، ئەوو دوو لیوایە هەمیشە لە دڵ و ویژدانی ئێمە و یەکێتییەکان و کۆمەڵانی خەڵک بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەمیشە بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
11 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شەهیدبوونی دوو فەرماندەی دیاری گەلەکەمان، لیوا حسێن مەنسوور و لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی.
ئەوان دوو نموونەی باڵای دڵسۆزیی و ئازایەتی و ورە بەرزیی تێکۆشانی خەباتی کوردایەتین کە تاوەکو دوایین ساتی شەهیدبوونیان لەپێناو شەکاوەیی ئاڵا پیرۆزەکەمان بە پێوەبوون و سەنگەریان چۆڵنەکرد و بەخوێنیان بەرگرییان لە خاکی کوردستان کرد.
کاک شێرکۆ و کاک حسێن یادەوەرییان هەمیشە لە دڵ و ویژدانی ئێمە و یەکێتییەکان و کۆمەڵانی خەڵک بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەمیشە بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
کەشناسی هەرێم، رایگەیاند، بارانبارین بەردەوامی دەبێت و لە نوچە شاخاویەکانیش بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبێت لە تمارکراوەکانی دوێنێ، لەبارەی کەشی سبەینێشەوە ئاماژەی بەوەکردوە، باران بارین بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرم دوو بۆ چوار پلە بەرز دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانیش باران بارین لە ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی دەبێت.
ئاماژەیان بەوەکردوە، ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت و سەرەتا لە رۆژئاوا و باکوری هەرێم نمە باران دەبارێت، دواتر نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت.
لەبارەی کەشی سبەینێ شەممەشەوە، کەشناسی رایگەیاندوە، هاوشێوەی ئەمڕۆ بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت پلکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ جوار پلە بەرز دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ رۆژی شەممە بەمشێوەیەی بە پلەی سیلیزی؛
هەولێر : 13 پلەی سیلیزی
پیرمام : 7 پلەی سیلیزی
سۆران : 6 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 12 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ : 15 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی
دهۆک : 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 10 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 10 پلەی سیلیزی
ماڵپەڕی شەفافییەت، بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكان داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بڵاوکردەووە، کە زیاتر لە 12 ملیار دینارە و لە چاو هەفەتەی رابردوودا داهات زیادی کردوە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردەووە، کە لە رۆژی 24ـی کانوونی دووەم تا 30ـی کانوونی دووەمی داهات 12 ملیار دینار و 359 ملیۆن 909 هەزار دینارە.
ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە پارەیە %91ـی بەشێوەی نەختینە بووە و تەنها %9ـی بەشێوەی چـ.ەک بووە و لە جاو هەفتەی رابردوودا، داهات زیادی کردوە، کە 10 ملیار و 512 ملیۆن و 158 هەزار دیناربوو.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
بەرەبەیانی ئەمرۆ، لە سنوری گوندی قەڵا لە گەرمیان ژمارەیەک چەکداری داعش هەوڵیانداوە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە نزیکببنەوە و پەلاماری پێشمەرگە بدەن، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێناوە، کاتێک لەلایەن هێزەکانی پیشمەرگەوە بە توندی وەڵامدراونەتەوە.
مەحەمەد چەوری فەرماندی لیوای 32ی پێشمەرگە، لە سنورەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەکدارەکانی داعش کە لە دەشتایەکان و ناوچە شاخاویەکانی سنوری دۆڵەکانی پەلکانە کە لە ژێردەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەعیراقیکان و حەشدی شەعبی دایە،
بە ئاراستی هێزەکانی پێشمەرگە جومجوڵیان زیادی کردوە .
مەحەمەد چەوری ئاماژە بەوەشکراوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار چەکداری داعش بەمەبەستی زیان گەیاندن بە هێزەکانیان، دەستڕێژی گولـلەیان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە کردوە و دەستبەجێ هێزەکانی پێشەرگەش وەڵامیان داونەتەوە و چەکدارەکان دوای ئەوەی نەیانتوانیوە بەرگری بکەن هەڵاتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هێرشەکەی داعشدا، هیچ پێشمەرگەیەک زیانی پێنەگەیشتوە و دوای هەڵاتنی چەکدارەکان هیچ مەترسییەک نییە و مەحەمەد چەوری بە کوردسات نیوزی راگەیاند رەوشەکە لە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە ئاگادارن و چەند رۆژێکە جموجوڵی چەکدارەکانی داعش زیادی کردوە و لە هەفەتی رابردودا، توانیویانە بۆمبێکی چێندراو پوچەڵبکەنەوە، کە لەلایەن چکدارەکانی داعشەوە دانراوە و رۆژی سێشەمەی رابردووش و چەکدارانی داعش بە چەکی بێدەنگ تەقەیان لە چەند شوانێکی ناوچەکە کردوە.
سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی هاوخەمی بەبۆنەی کۆچی دوایی لالە ئەکبەر خەلیفە یونس، مامی لالە سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی ( لالە ئەکبەر خەلیفە یونس )مامی بەڕێزتانم پێگەیشت
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
بەڕێز هەڤاڵ سالار لالە سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەداخ و خەمێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی ( لالە ئەکبەر خەلیفە یونس )مامی بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوەو کەسوکارو بنەماڵە سەربەرزو تێکۆشەرەکەتان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم.
لەخوای گەورە داواکارم گیانی کۆچکردوو بەبەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، بەبۆنەی کۆچی دوایی لالە ئەکبەر خەلیفە یونس پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە بیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجاری لالە ئەکبەر خەلیفە یونس زۆر خەمبار بووم .
دەقی پەیامەکەی خانمی یەکەمی عیراق
خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی لالە ئەکبەر خەلیفە یونس بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی:
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (لالە ئەکبەر خەلیفە یونس)، زۆر غەمباربووم.
سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی و خزمانی عەشیرەتی رۆغزایی جاف ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان هێرشی گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر هونەرمەندان رەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە هونەر پارێزەری ناسنامەی نەتەوەییە و نابێت رێگری لە ئازادیی داهێنان بکرێت، لە هەمان کاتدا داوای پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات لە هونەرمەندان
لەسەر رەوشی رۆژئاوا و خۆپیشاندانەکانی هەرێم، سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ هونەر هەمیشە زمانی زیندووی گەلان بووە و هونەرمەندانیش پێشەنگی راستەقینەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بوون، بەڵام دەبینین کۆمەڵێک تاقمی توندڕەو و خاوەن بیرکردنەوەی چەقبەستوو، پەلامار و هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هونەرمەندانی نیشتمانپەروەر.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، هونەر چرایەکە لە تاریکیدا، ئەوانەی لە روناکی دەترسن هەمیشە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام ئەم چرایە بە هێرشی ناڕەوا ناکوژێتەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان
ڕاگەیەندراوێک لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستانەوە
بۆ ڕای گشتی و سەرجەم ناوەندە بڕیاربەدەستەکان
هونەر هەمیشە زمانی زیندووی گەلان بووە و هونەرمەندانیش پێشەنگی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان بوون. لەم ساتەوەختە هەستیارەدا کە کوردستان لە باشوورەوە تا ڕۆژئاوا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە، هونەرمەندان وەک هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەڵک و هاوشانی ئازارەکانی نیشتمان وەستاونەتەوە.
بەداخەوە، لەبری دەستخۆشی و هاوکاری، دەبینین کۆمەڵێک تاقمی توندڕەو و خاوەن بیرکردنەوەی چەقبەستوو، پەلامار و هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هونەرمەندانی نیشتمانپەروەر. ئێمە لە سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بە توندی ئەم هێرشانە سەرکۆنە دەکەین و ڕای دەگەیەنین
هونەر تەنیا جوانکاری نییە، بەڵکوو هاواری ئەو کەسانەیە کە بێدەنگ کراون.
ئەوەی مێژووی کوردستانی لە فەوتان پاراستووە، شمشاڵی شوان و دەنگی ڕەسەنی هونەرمەندان بووە، نەک وتاری توندڕەوی و داخراوی.
هونەرمەند سەربەستە لەوەی بە چ شێوازێک پشتگیری لە خاک و خەڵکەکەی دەکات؛ هیچ کەس و گرووپێک مافی ئەوەی نییە لە ژێر هەر ناوێکدا سنوور بۆ داهێنان و هەڵوێستی ئەوان دابنێت، لەهەمان کاتدا داوا لە هونەرمەندان دەکەین کە رێز لە بەها پیرۆزەکان و داب و نەریتی کۆمەڵگە بگرن و هەلوێستەکانیان ببێتە مایەی یەکڕیزی چینەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری.
ئێوە ناتوانن بە زمانی هەڕەشە و ناوزڕاندن، پێش لەو ڕەوتە ڕووناکبیرییە بگرن کە هونەرمەندان ڕابەرایەتی دەکەن. تاریکپەرستی و داخراوی لە مێژووی ئەم گەلەدا جێگەی نابێتەوە. هێرشکردنە سەر هونەرمەند، هێرشکردنە سەر شکۆی نەتەوە و جوانییەکانی ژیانە.
ئێمە وەک ماڵی گەورەی ئێوە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریتان دەکەین. چەکی ئێوە دەنگ و ڕەنگ و وشەیە، کە لە هەر تفەنگ و وتارێکی توندڕەوانە بەهێزترە. بەردەوام بن لە پێشەنگیی و مەهێڵن دەنگە نەشازەکان ساردتان بکەنەوە. هونەر چرایەکە لە تاریکیدا، ئەوانەی لە ڕووناکی دەترسن هەمیشە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدەن، بەڵام ئەم چرایە بە هێرشی ناڕەوا ناکوژێتەوە.
ئەنجومەنی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق کرد.
لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەیبوون، رەوشی گشتی عیراق و ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.
پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، یەکێتی هەموو هەوڵەکانی لە چوارچێوەی گەیشتنە بە حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بێت.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە پابەندبوون بە وادەی دەستوری بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کردەوە و رایگەیاند، داوامانکردووە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەیوەست بەم پرسە بەڕێوەبچێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی هاوخەمی بەهۆی شەهیدبوونی ئەحمەد هێمن بڵاوکردەوە و دەڵێت: رژانی خوێنی ئاڵی شەهید ئەحمەد پەرۆشترمان دەکات لەسەر بەرگریکردن لەخاکی کوردستان و بەگژداچونەوەی هەوڵی لەناوبردنمان.
دەقی پەیامی هاوخەمی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بۆ شەهیدبوونی ئەحمەد هێمن...
پڕ بەدڵ هاوخەمی خانەوادەی (ئەحمەد هێمن) ئەو گەنجە خوێنگەرمەم کە بیری نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەریی لەکەرکوکەوە هەڵیگرت بۆ رۆژئاڤا و لە نەبەردییەکی قارەمانانەدا سەربەرزانە شەهیدبوو.
خەبات و بەرخودانی هێزە ووڵات پارێزەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیلانی هێزە تاریکپەرستەکان و دوژمنانی گەلی کورد هەر بەردەوام دەبێ و رژانی خوێنی ئاڵی شەهید ئەحمەد پەرۆشترمان دەکات لەسەر بەرگریکردن لەخاکی کوردستان و بەگژداچونەوەی هەوڵی لەناوبردنمان.
رۆحی شاد و جێگەی بەهەشتی بەرین بێت.
بەڕێوەبەری سۆمۆ رایدەگەیەنێت، ئامادەن لەدوای مانگی ئادارەوە رێككەوتنی نەوت لەگەڵ هەرێم درێژ بكەنەوە.
عەلی شەتری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت " سۆمۆ" لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، كۆمپانیاكەیان ئامادەیە بۆ كاركردن و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەكان لە هەر شوێنێك بێت.
بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە راشیگەیاند، رێككەوتنە میژوویەكەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ بەبازاڕكردنی نەوتەكەی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە سەركەوتوو بووە، وتیشی ئەو رێككەوتنە تا كۆتایی مانگی ئادار بەردەوام دەبێت.
دووپاتیشی كردەوە ، لەدوای مانگی ئادار دەكرێت ئەو رێككەوتنەكە نوێبكرێتەوە بە مەرجێك هەموو لایەنە بەشداربووەكان هەوڵی سەركەوتنی بدەن، ئاماژەی بەوەشدا كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم داهاتی زیاتری بۆ عیراق پەیدا كردووە، ئەمە جگە لەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی رێكخستوەتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە 48 سەعاتی داهاتوودا نمەباران دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی تەمومژ هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەبارانی پچڕپچر لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، هەروەها لە شەودا ئەگەری دروستبوونی تەمومژ هەیە لە زۆربەی ناوچەکان .
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ هەینی ئاسمان نیمچەهەور دەبێت پاشان دەگۆڕیت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ دروستبوونی تەم لە کاتەکانی بەیانیدا.
کەشناسی هەرێم راشیگەیاند، بارانبارین لە ناوچەکانی رۆژئاوا و باکوری هەرێم دەستپێدەکات، دواتر نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت و هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکان بەفربارین دەبێت .
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 14 پلەی سیلیزی
پیرمام : 9 پلەی سیلیزی
سۆران : 6 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 3 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 10 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی
دهۆک : 13 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 14 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 10 پلەی سیلیزی