قوباد تاڵەبانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی کرد
سام
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی و لێپرسراوەکانی بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەممە 30ـی 3ـی 2026 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی کرد کە توانیوویانە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەروبوومە جۆراوجۆرە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن و گرنگی تایبەتیان داوە بە زیادکردنی بەرهەمە رووەکییەکان و شیرەمەنی و سامانی ماسی و پەلەوەر.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە رێکارە نوێیەکان بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی گەشەپێدان کرا. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران داوایکرد بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ نەخشەڕێگایەک ئامادەبکات بۆ دروستکردنی هەماهەنگی پێویست لەنێوان وەبەرهێنەران و جوتیاران، تا لە رێگەی پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورەوە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاتر ببێت بە شێوەیەک کە هەم بەرژەوەندی وەبەرهێنەران و هەم بەرژەوەندی جوتیاران دابین بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دەربڕی بۆ زیادکردنی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵ و دروستکردنی نەمامگەی نوێ بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا کەمتر پشت بە هاوردەکردنی نەمام ببەسترێت. دەستخۆشیشی لێ کردن کە توانیوویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە دۆکیۆمێنتەکانی کشتوکاڵی بە ئەلیکترۆنی بکەن و لە مەترسی فەوتان و لەناوچوون بیانپارێزن.



