قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عیراق و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسیی عیراق دوای هەڵبژاردنەکان کرا. قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عیراق پێویستی بە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و خزمەتگوزار هەیە کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت، هاوکات بتوانێت بە هاوکاری لەگەڵ هەرێم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور چارەسەر بکات.
سەبارەت بە یەکڕیزیی لایەنەکان، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بکەنەوە و وتی: "کاتێک هەرێم بەهێز دەبێت کە پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز بێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنێتی بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێم و هۆڵەندا کرا. قوباد تاڵەبانی داوایکرد کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی هۆڵەندا بەشدارییەکی کاریگەرتریان لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا کە دەرفەتی باشی وەبەرهێنانیان تێدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق دەکرێت و دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق، تێیدا یەکێتی گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو و هەڵوێستی رەسمی خۆی لەوبارەیەوە دەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەر شوێنێک پێویست بکات پارێزەری مافی ژنان دەبن و بە کردار روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.
لە پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوی رێزەوە لە پێگەی ژنانی ئازا و جوامێری گەلەکەمان دەڕوانن و هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەخت دەبن بۆ پاراستنی ماف و هێنانەدی خواستەکانیان، چونکە ژنان بەشێکن لە سەروەری و شانازییەکان و رۆڵیان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدا دیار و بەرچاو بووە.
سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردۆتەوە کە تەنها بە قسە نا، بەڵکو بە کردار پشتیوانی ژنان دەکەن و دەڵێت: "بە کردار روبەڕوی هەموو ئەوانە دەبینەوە کە دەبنە مایەی بێزارکردنی ژنان و توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن."
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای بەرزڕاگرتنی رۆڵی ژنانی پێشەنگ لە نەخشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردەواریدا، دووپاتی دەکاتەوە کە یەکێتی هەمیشە پاڵپشتی ژنان دەبێت و هاوکار دەبێت بۆ هێنانە پێشەوەی زیاتری ژنان لە تەواوی کایەکاندا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەموان پێکەوە کار بۆ دانانی پلان و ستراتیژێکی نیشتمانی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دیجیتاڵی لە کوردستان.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، کورد نەتەوەیەکی "بە شانسە" کە خاوەنی کولتورێکە سەرەڕای هەندێک کەموکوڕی، بەڵام دەوڵەمەندە بە رێزگرتن لە پێگەی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، ئەو ئازایەتییەی ژنانی خەباتکاری کوردیش کە جیهانیان سەرسام کردووە، بەشێکی گرنگی سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کولتورە دەوڵەمەندەی کە "پیاوەکان سەری رێز و شکۆ لە ئاست ژنانی ئازا و ئازاددا دادەنوێنن".
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردۆتەوە، پێویستە بە ئیلهام وەرگرتن لە کولتوری رەسەن و خۆگونجاندن لەگەڵ روحی سەردەم و بەها جیهانییەکان، کۆمەڵگە لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی پاکبکرێتەوە، هاوکات لەگەڵ پتەوکردنی دامەزراوەی خێزانی تەندروست، زەمینە بۆ بەشداریی کارای ژنان لە بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بڕەخسێنرێت.
سەبارەت بە دروشمی ئەمساڵ کە تایبەتە بە "کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دیجیتاڵی"، قوباد تاڵەبانی نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی ساڵانێکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەم دیاردەیە بە شێوەی جۆراوجۆر پەرەی سەندووە، بۆیە داوا دەکات بەبێ جیاوازی کار بۆ جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژێکی نیشتمانی بکرێت بۆ بنبڕکردنی ئەم جۆرە لە توندوتیژی دژی ژنان.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی موچەخۆرانیان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عیراق کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025، تیمی تەکنیکی وەزارەتەکە سەردانی بەغدادیان کردووە و لیستی موچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)ی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی زیاتر لە 281 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی شاری سلێمانی.
بەپێی سێ فەرمانی وەزاری کە دەرچووە، بڕی 281 ملیۆن و 600 هەزار دینار لەسەر رێژەی 15%ی داهاتی شارەوانی تەرخانکراوە، پارەکەش بەمەبەستی دابینکردنی قیری شل بۆ کارگەی قیری شارەوانی لە تانجەرۆ خەرج دەکرێت.
بەپێی پلانەکە، ئەم گوژمەیە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی (حەوتەم، هەشتەم و نۆیەم)ـی پرۆسەی قیرتاوکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکان لە سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەکاردەهێنرێت.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لەم پرۆژانە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، رێگریکردنە لە تێکچوونیان و ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان لە گەڕەک و شەقامەکانی شاری سلێمانی.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆستە و گەیاندنەوە، بڕیارێکی نوێی لەبارەی پەخشکردنی کەناڵەکانی (beIN SPORTS) دەرکرد و داوای راگرتنی پەخشی نایاسایی ئەو کەناڵانە دەکات.
بەپێی نووسراوێکی رەسمی وەزارەتەکە کە لە رێکەوتی 17-11-2025 ئاراستەی کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت کراوە، تیایدا هاتووە کە دەبێت پەخشی ئۆنلاین (IPTV)ی کەناڵەکانی "بین سپۆرت" کە لەلایەن هەندێک لە کەناڵە ناوخۆییەکانەوە بەبێ مۆڵەت و بەشێوەی نایاسایی پەخش دەکرێنەوە، رابگیرێن.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن مۆڵەتی یەک مانگی بۆ کۆمپانیاکان دیاریکردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئامانج لێی پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری و رێگریکردنە لەو سەرپێچییانەی دەکرێنە سەر مافی پەخش و بڵاوکردنەوە.
لە بەشێکی تری بڕیارەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هەر کەناڵێک بیەوێت لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەخشی دامەزراوەی (beIN SPORTS) بکات، دەبێت لە رێگەی بریکاری رەسمی ئەو دەزگایەوە بێت و رەچاوی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
ئاگر لە پاڵاوگەیەکی سوتەمەنی لەسەر رێگای هەولێر – گوێر کەوتەوە، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێریش دەڵێت: ئەو پاڵاوگەیە هیچ مۆڵەتێکی رەسمی نییە.
قارەمان جەوهەر پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: لە یەکێک لە کۆگای پاڵاوگەیەکی سوتەمەنی لەسەر رێگای گوێر – هەولێر ئاگرکەوتەوە، هاوکات ئاگرکەوتنەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنها زیانی مادی هەبووە.
وتیشی، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان کە لە نزیک کۆگاکە بوون، دەنگی دوو تەقینەوەی گەورە بیستراوە لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی بەدواچوونەکان دەنگی تەقینەوەکان هۆکارەکەی بۆ گڕگرتنی تانکەری ناو کۆگاکان دەگەڕێتەوە، کاتێک ئاگری گرتووە بۆتە هۆکاری تەقینەوەی تانکەری سوتەمەنییەکە.
لەدوای چەند سەعاتێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵکرد و شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری و شارستانی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆگای ئەو پاڵاوگەیەی ئاگری گرت، هیچ مۆڵەتێکی نەبووە و لەبەڕێوەبەرایەتییەکەیان مۆڵەتی وەرنەگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەگەڕێتە بۆ لێچون لە تانکەرێکی سوتەمەنی و بەهۆیە چەند کۆگایەکی دیکەشی پێوە سوتاوە.
شاخەوان سەعید راشیگەیاند، ئەو پاڵاوگەیە وەک کۆگای سوتەمەنی بەکارهێندراوە.
خانمی یەکەمی عیراق سەردانی نوسەر و رۆشنبیر شێرزاد حەسەنی کرد و لە تەندروستی پرسیەوە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست.
ئێوارەی ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق سەردانی نوسەر و رۆشنبیر شێرزاد حەسەنی کرد کە بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە لەسلێمانی برینداربووە و لەئێستادا لەنەخۆشخانەی شار لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هیوای خواست بەزوویی چاک ببێتەوە و بگەڕێتەوە نێو کایەی ئەدەبیات و نوسین و درێژەدان بەئەزمونە دەوڵەمەندەکەی لەبوارەکەدا.
342 خوێندکاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆکانی کوردستان وەرگیران، وەزارەتی خوێندنی باڵاش رایگەیاند، کار ئاسانی تەواو بۆ سەرجەم ئەو خوێندکارانە دەکرێت کە وەرگیراون.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا، رەزامەندى نیشاندرا لەسەر وەرگرتنى تەواوى دەرچووانى خوێندنگە کوردییەکانى کەرکوک و خانەقین و شەنگال و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان (342) دەرچووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ چەندین ساڵە کارئاسانى تەواو کراوە بۆ وەرگرتنى سەرجەم خوێندکارانی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئهوهی وهزارهتى خوێندنى باڵاى هەرێم دهرگای پێشكهشكردنی لە رێگەى زانکۆلاین بۆ دهرچووانی پۆلی دوانزه له بهشی خوێندنی كوردی له ناوچهکانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان كردهوه، له ئهنجامدا بۆ ئەمساڵیش بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزارەتەکەیان رەزامەندى نیشاندا لەسەر وەرگرتنى 342 خوێندکاری شارى کەرکوک و خانەقین و شەنگال و تەواوى ناوچە کوردستانییەکان لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەر و کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى (2026-2025).
بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامى وەرگیراوان کلیک لەسەر ئەم بەستەرەى خوارەوە بکەن:
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی رایگەیاندوە؛ لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و سودمەندبونی زیاتر هاووڵاتییان، داشکاندن لە بەستنی پێوەری ئاو درێژکرایەوە بۆ 1-4-2026، بڕیارەکە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دەرکراوە تایبەتە بە کێشەی پێوەری ئاو.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست کوردسات نیوز کەوتووە رایگەیاندوە، بە گشتاندنێکی گشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی داشکاندن لە بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو ماڵانەی کە تا ئێستا پێوەرەکەیان نەبەستوە.
ئەم بڕیارە بە مەبەستی سودمەندبونی زیاتری هاووڵاتییانە و کۆتا وادەش بۆ داشکاندنەکە رێککەوتی (1-4) ساڵی ئایندەیە.
ئاماژەیان بەوەشکردوە ئەو هاووڵاتیانەی لەدەرەوەی سەنتەری شارەكانن نرخی کرێی ئاو لە 45 هەزارەوە کەمدەکرێتەوە بۆ 10 هەزار و بۆ سەنتەری شارەكانیش لە 45 هەزارەوە کەمدەکرێتەوە بۆ 20 هەزار دینار و لەم بڕەش داشکانی (٪20) بۆ دەکرێت بەو مەرجەی پابەند بێت بە بەستانی پێوەری ئاو .
ئەمڕۆ دوو شەممە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دواین ئاماری پرکردنەوەی خۆرمی خۆراکی بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی بازرگانی نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتیی فۆڕمەکەیان پڕنەکردوەتەوە و پارێزگای هەڵەبجەش بە ڕێژەی %96.8 بەرزترینە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم رێژەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە پارێزگاکان بەم شێوەیە؛
هەولێر؛ %94.14
سلێمانی؛%93.68
دهۆک؛%93.67
هەڵەبجە؛%96.68
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆی گشتی پڕکردنەوەی فۆڕمی خۆراکی ئەلیکترۆنی لە هەرێم گەشتوەتە%93.91 و تەنها 294هەزار و 432 هاووڵاتی فۆڕمەکەیان پڕنەکردوەتەوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، بڕیار وایە ئەمڕۆ وەفدێکی کۆمسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا بچنە دورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) کۆببنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکان، وەفدەکە لە سێ پەرلەمانتار پێکدێن، کە گوڵستان کڵیچ کۆچیگت ئەندامی فراکسیۆنی دەمپارتی، فەتی یەڵدزی جێگری سەرۆکی مەهەپە و حوسێن بایمان لە پارتی داد و گەشەپێدانن.
لەم سەردانەی وەفدەکەدا، گوێ بۆ ئۆجالان دەگرن و راو سەرەنجەكانی لەسەر چۆنیەتی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا تۆمار دەكەن، بڕیار وایە کۆنوسی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە نهێنی بهێڵرێتەوە.
میدیاکانی تورکیا ئەوەشیان خستوەتەڕوو، وەفدەکە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەچنە دورگەی ئیمڕاڵی.
چونی ئەم شاندە لە کاتێکدایە هەینی رابردوو لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی خۆیدا، پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان پەسەند کرد.
هەسەدە رایگەیاندوە، جارێکی دیکە لەلایەن گروپەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشقەوە هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە یەکێک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی دێرەزور.
هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاندوە؛ لە پێشێلکارییەکی نوێدا، گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، ڕاستەوخۆ یەکێک لە پێگەکانیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە رۆژهەڵاتی لادێی دێرەزۆر کردە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ گروپەکانی سەر بەحکومەتی دیمەشق هێرشەکەیان لە کەناری رۆژئاوای رووباری فوراتەوە دەستپێکرد
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ لە ئەنجامی هێرشەکەدا، یەکێک لە ئەندامەکانیان بە سەختی بریندراو بووە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بونی ئاگربەست لە نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق وهەوڵەکان بۆ تێکەڵ بونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا، ناو بەناو شەڕ لە نێوانیاندا رودەدات و هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە شکاندنی ئاگربەست
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، حزبەکەی بەدوای پۆستەوە نییە، بەڵکو داوای "هاوبەشیی راستەقینە" و گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی دەکات و هۆشداریش دەداتە پارتی لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو.
لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "پانۆراما"ی کەناڵی کوردسات نیوز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێم حکومەتێکی "بنکە فراوان" بێت تا بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە ببێتەوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی روونیکردەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەکێتی باسی لەوە نەکردووە کە حکومەت پێکناهێنێت، بەڵکو تێبینییان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن هەبووە، وتیشی: "یەکێتی کێشەی لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی هەیە نەک پۆست لە حکومەتی هەرێم".
سەبارەت بە ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی، پیرە بە راشکاوی وتی: "پارتی پێشتر ئەزموونی پێکهێنانی حکومەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان تاقیکردەوە و سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئەگەر ئێستاش بیەوێت بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت، ئەوا هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە".