قوباد تاڵەبانی: لەمەودوا هێزی کاری شارەزا و راهێنراو بۆ کەرتی تایبەت ئامادە دەکرێن
سام
٣١ی ئازاری ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە، یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەبوونی هەماهەنگییە لەنێوان زانکۆ و پەیمانگاکان و بازاڕی کاردا، لەمەودوا زانکۆ و پەیمانگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هێزی کاری شارەزا و راهێنراو بۆ کەرتی تایبەت ئامادە دەکەن.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاندووە: یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەبوونی هەماهەنگییە لەنێوان زانکۆ و پەیمانگاکان و بازاڕی کاردا. بەهۆی ئەم ناهەماهەنگییەوە کۆمپانیاکان و خاوەنکارەکانی کەرتی تایبەت بە ئاسانی هێزی کاری شارەزای ناوخۆییان دەست ناکەوێت و ناچارن پشت بەهێزی کاری بیانی ببەستن و لە هەمان کاتیشدا گەنجان و خوێندکارەکانیشمان هەمیشە نیگەرانن کە لە دوای تەواوکردنی خوێندن هەلی کاریان دەست نەکەوێت.ماوەی چەند ساڵێکە کار دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم هەماهەنگییە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشداوە: سوپاسی رێکخراوی MEED دەکەم کە هاوکارمان بووە و رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی تێگەیشتن لە نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەتدا و لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەشدا ئەمڕۆ زانکۆکان و پەیمانگاکان و نوێنەرانی کۆمپانیاکان لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتن کە لەمەودوا زانکۆ و پەیمانگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هێزی کاری شارەزا و راهێنراو بۆ کەرتی تایبەت ئامادە دەکەن و بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان دەستەبەر دەبێت و کۆمپانیاکانیش ناچار نابن پشت بە هێزی کاری بیانی ببەستن.



