
دوو کەس بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک دەستگیرکران، پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت؛ بە ئۆتۆمبێلەکە توشی روداوی هاتوچۆ بوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، رۆژی 25-12-2025 دوو کەسی نەناسراو دەچنە ناو ماڵێک لە گەرەکی (بەختیاری) کە خاوەنی ماڵەکە لە دەرەوەی وڵات دەبێت بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، دوو کەسەکە هەڵدەستن بە بردنی ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکە لە جۆری (رینۆ) و دوای یەک رۆژ ئۆتۆمبێلەکە دەبەنەوە و لە شوێنی خۆی دای دەنێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دواتر لە رۆژی 6-1-2026 هەڵدەستنەوە بە ئەنجامدانی هەمان کار و بە دەرفەتیان زانیوە کە خاوەنی ماڵەکە لە دەرەوەی وڵاتە.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەروو، لە رۆژی 16-1-2026 لە لایەن دراوسێیەکی ماڵەکە هەواڵ دەگات بە (بەشی نەهێشتنی تاوان) و ئاگادار دەکرێنەوە لە بوونی روداوەکە و دەستبەجێ دەستدەکەن بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و سود وەرگرتن لە کامێرای چاودێری شوێنی روداو سەرئەنجام توانرا لە رۆژی 27-1-2026 هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ب.س.ص) لەدایکبووی (٢٠٠٤) و (ی.ڕ.م) لەدایکبووی (٢٠٠٥) دەستگیربکرێن.
راشیگەیاند، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، توانرا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکە بگیرێت کە تووشی روداوی هاتووچۆ ببوو و لە گەڕەکێکی ناو شاری سلێمانی لەلایەن تۆمەتبارانەوە بە جێ هێڵدرابوو.
سیناتۆرێكی ئەمریكی پرۆژە یاسایەك بەناوی پاراستنی كورد پێشكەشی كۆنگرێسی وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت؛ پێویستە لە ئاست قوربانیدانی كورددا بەوەفا بین.
لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆماریخوازی ئەمریكا، پڕۆژە یاسایەكی بە ناوی (پڕۆژە یاسای پاراستنی كورد) ئامادە كردووە بۆ ئەوەی پێشكەش بە ئەنجومەنی پیرانی بكات و دەڵێت، پێویستە جیهان هەوڵەكانی كورد بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر لەبەرچاو بگرێت و وەفای هەبێت لە ئاستی قوربانیدانیاندا.
گراهام ئاماژەی بە پەلامار و هێرشەكانی سەر رۆژائاوای كوردستان كرد و ڕایگەیاند ئەو پڕۆژە یاسایەی بۆ پاراستنی كورد لە پەلامارەكان پێشكەشی دەكات پشتیوانیی بەهێزی هەردوو پارت و پارتی كۆماری و پارتی دیموكراتی هەیە و سزای توندی بۆ ئەو وڵاتانە دیاریكردووە كە بیانەوێت هێرش بكەنە سەر كورد.
بەپێی سیستمی ئەمەریكا، حكومەت پابەندە بە ڕەچاوكردنی ئەو یاسایانەی كە ئەنجومەنی پیران لەكاتی جێبەجێكردنی سیاسەتەكانیدا دەریان دەكات.
لە لایەكی ترە رەوەندی كوردی لە ئەمریكا و ئەوروپا، هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی ئیمزای بۆ پشتیوانی لە پڕۆژە یاساكەی لیندسی گراهام راگەیاند و تا ئێستا زیاتر لە هەزاران ئیمزا كۆكراوەتەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، بکوژی هاووڵاتییەکەی شارۆچکەی پیرەمەگرونیان دەستگیرکردووە کە "بە مەبەستی بردنی بڕێک پارە" تاوانەکەی ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی هەرێم ئاشکرای کردووە، دوێنێ ٢٧ی کانونی دووەم لە شارۆچکەی پیرەمەگرون هاووڵاتی (زیاد محەمەد) کوژرا، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە تۆمەتبارێک بە دەمانچە کوشتوویەتی بۆ ئەوەی پارەکەی ببات و دواتر بەرەو دەرەوەی هەرێم هەڵبێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم:
دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی بکوژی هاووڵاتی ( زیاد محمد ) ڕادەگەیەنێت.
دوای ئەوەی دوێنێ ٢٠٢٦/١/٢٧ لەشارۆچکەی پیرەمەگروون هاووڵاتییەک کوژرا، دوای بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە، دەرکەوت تۆمەتبارێک بەمەبەستی بردنی بڕێک پارە، بەچەکی جۆری دەمانچە هاوڵاتی (زیاد محمد)ی کوشتووە و مەبەستی بووە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت.
دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدران بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوەکە، توانرا لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا تۆمەتباری بکوژ ( ه ، ف ، أ ) لەدایکبووی ٢٠٠٦ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوە لەشارۆچکەی چەمچەماڵ دەستگیربکرێت.
لە ئێستادا تۆمەتبار بە ماددەی ( ٤٠٦ ) لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم کۆمپانیاکانی پەخشی میدیایی (United Mix Media-Live Dream-Family Box- OBox) ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێت دەستبەجێ پەخشی کەناڵە بیانی و عەرەبییەکان لەسەر ئامێرەکانیان رابگرن.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم کۆمپانیاکانی پەخشی میدیایی وەک (یونایتد میکس میدیا، فاملی بۆکس و ئۆبۆکس) ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێت دەستبەجێ پەخشی کەناڵە بیانی و عەرەبییەکان لەسەر ئامێرەکانیان رابگرن، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەی کە لە باری ئێستای کوردستاندا بوونەتە هۆکاری پشێوی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بەرانبەر نەتەوەی کورد.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا هاتووە: ئەم هەنگاوە بەپێی رێنماییەکانی ساڵی 2014 تەرخانکراوە بۆ رێکخستنی فریکوێنسییە سپەیسەکان. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ئەوە گەڕێنراوەتەوە کە هەندێک لەو کەناڵانە بوونەتە هۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بە نەتەوەی کورد، بۆیە لەمەودوا تەنیا ڕێگە بە پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان دەدرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، جەخت کراوەتەوە کە پێویستە تەنها کەناڵە ناوخۆییەکان پەخش بکرێن و بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر، و داوا کراوە کە بە زووترین کات ناوەڕۆکی ئەم ئاگادارییە جێبەجێ بکرێت.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان لە کۆبونەوەکەی دوێنیی دیمەشقدا، کەشێکی ئەرێنی دروستبووە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 18 ی ئەم مانگە، جەختیش دەکاتەوە ئەو زانیاریانە راست نین کە دەڵێن هێزی ئاسایشی سەر بە دیمەشق دێنە ناو شارەکانەوە.
هەواڵ: Kurdsat News
ئەمرۆ چوارشەممە، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، زانیاری تایبەتیان بەدەستگەیشتوە، سەبارەت بە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشق لە نێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی سوریا، کە تێیدا شاندێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئامادەی بوون.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، کۆبونەوەکە بە کەشێکی تەواو ئەرێنی کۆتایی هاتووە و هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی روون لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە 18ی ئەم مانگەدا ئیمزا کرابوون، بە جۆرێک کە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوی کرداری لەسەر زەوی بنرێت.
سەبارەت بە رەوشی ئەمنی و بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە حکومەت بۆ ناو شارەکان دەکەن، روانگەی سوریا رەتیکردوەتەوە و جەختیکردوەتەوە ئەو دەنگۆیانە دورن لە راستیەوە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سوریادا یەکبخرێن، بە مەرجێک رەچاوی پێکهاتەی ئێستا و ئەندامێتی ئەندامانی ناوخۆیی خۆیان بکرێت و هەر ئەوانیش قەوارەی بەرپرسیار بن لە پاراستنی ناو شارەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەردەوام گروپە چەکدارەکانی سوریا ناو بەنا و هێرش دەکەنە سەر ناوچە کوردییەکان و کۆبونەوەکەی دوێنێ دیمەشقیش، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ رێکخستنی بابەتە ئەمنی و کارگێڕییەکان و ئامادەکردنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکان، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەنیوەڕۆی ئەمڕۆوە کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەکات و سەرەتا لە پارێزگای دهۆک باران دەبارێت و دواتر تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش دوو بۆ سێ پلە نزمدەبنەوە.
هەواڵ:Kurdsat News
بەڕێوەبەرایەتی بومەلەرزەزان و کەشناسی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتووی کەشوهەوا بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە دادەبەزن و لە چیاکانیش بەفر دەبارێت و لە دوانیوەڕۆوە کاریگەری ئەو شەپۆلە زیاد دەکات.
کەشانسی ئاماژەی بەوەشکردوە، لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری ئەو شەپۆلی بارانبارینەکە زیاد دەکات و بە شێوەی بارانی مامناوەند بە گشتی تەواوی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
لەبارەی کەشی سبەینێشەوە ئاماژەیان بەوەکردوە، کاریگەری شەپۆلی بەفر و باران نامێنێت و ئاسمان دەبێتەوە بە ساماڵ و پەڵەهەور و تەنها لە ناوچە شاخاویەکان نمەباران بەردەوام دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی پێنجشەممە بەم شێوەیەیە؛
هەولێر : 11 پلەی سیلیزی
پیرمام : 8 پلەی سیلیزی
سۆران : 5 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 9 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 9 پلەی سیلیزی
دهۆک : 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 11 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 11 پلەی سیلیزی
هەسەدە رایگەیاند، گروپە چەکدارەکانی سوریا، بە حەوت درۆنی خۆکوژ، هێرشیان کردوەتە سەر گوندی باقیلە لە باشوری جەل ئاغا لە سنوری کۆبانێ و بەردەوام گروپەچەکدارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی هێزن .
لەسەررەوشی ئێستای رۆژئاوا هەسەدە راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، گروپە چەکدارەکانی سرویا بەردەوامن لە پێشێلکاری و شکاندنی ئاگربەست، لە نوێترین هێڕشیاندا، کە بە حەوت درۆنی خۆکوژ ئەنجامیان داوە گوندی باقیلە لە باشوری جەل ئاغا لە سنوری کۆبانێ کردوەتە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەوهێرشە هاوکاتە لەگەڵ کۆکردنەوەی هێز و هێرشی ئەو گروپانە بۆ سەر گوندەکانی قاسمیە و زەرکوتەک لە رۆژئاوای کۆبانێ، جگە لە تۆپبارانکردنی دەوروبەری گوندی سەفا لە باشوری جەل ئاغا، کە رەنگدانەوەی هەڵکشانی شەری ئەو گروپانەیە لە چەند بەرەیەکەوە.
هەسەدە دەشڵێت؛ ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی نوێ و ئاشکرای ئاگربەست و پێشێلکردنی راستەوخۆی رێککەوتنەکانن و لە بەرانبەردا، هێزەکانیان ناچاربوون وەک مافی رەوای خۆیان بەربەرچی تەواو هێرشەکان بدەنەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق لەبەغداد کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی رێککەوتن لەبارەی تەواوی بابەتەکان و تێپەڕاندنی ئەم رەوشە.
کۆبوونەوەکە کە ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی دواپێشهاتە سیاسیەکان و پرسی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان و بەتایبەت بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی رێککەوتن لەبارەی تەواوی بابەتەکان و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستووە، بڕیاریش درا کە گفتوگۆکان بەردەوام بن بەمەبەستی گەیشتن بەدەرئەنجامێکی گونجاو.
قوباد تاڵەبانی لە بەغداد پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز ئەلشەمەری ، باڵیۆزی عەرەبستانی سعودی لە عیراق و پێکەوە تاوتوێی رەوشی سیاسی عیراق و چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەچوو، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا ، بە تایبەتیش لە بوارەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، عەرەبستانی سعودی دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببێنێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری عیراق و هەرێمی کوردستان.
وتیشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەبەرهێنەرانی سعودی دەکات و هەموو جۆرە کارئاسانییەکیان پێشکەش دەکات.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەفڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازیکرد لەهەرسێ هونەرمەند دیار دەرسیم و ژاڵە و هۆزان شەمدین لەگەڵ دەنیز ناکی یاریزانی ئامەد سپۆر.
لەدیدارێکدا خاتوو شاناز بەگەرمی بەخێرهاتنی کردن بۆ شاری سلێمانی لەم ساتە گرنگەدا کەگەلی کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، راشیگەیاند وەک چۆن کۆبانێ یەکیخستین، ئەم قۆناغەش بووە مایەی یەکبونمان و هێنانەکایەی شەپۆلێکی گەورەی پشتیوانی دڵسۆزانە لەخەبات و بەرخودانی رۆژئاڤا کەسەرەنجام دەنگی کوردی بڵند کرد بەڕووی جیهاندا لەساتێکدا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی هەڵبژاردبوو.
میوانانی ئەمڕۆی سلێمانی دووپاتیان کردەوە کەیەک دەنگیی میللەتی کورد و رێپێوانەکانی پشتیوانی و جۆش و خرۆشی کوردان لە سەرتاسەری جیهان و بە تایبەتیش لە سلێمانی، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئاستی روانینی جیهان بۆ پرسی کورد و بەرزکردنەوەی وورەی ئەو شەڕڤانانەی لەسەنگەری بەرگریدان لە خاکی کوردستان.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم رایدەگەیەنێت، لیستی موچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەت رەوانەی بەغداد کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لیستی موچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغداد کرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، لیستەکە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی رونکردنەوەیەکی دەربارەی قسەکانی چیا زەنگەنە بڵاوکردەوە و دەڵێت: "بەڕێز چیا زەنگەنە راوێژكاری مەكتەبی سیاسی نییەو هیچ سیفەت و ناونیشانێكی وا لەپەیكەربەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بوونی نییە. بەم پێیەش بیروڕاكانی گوزارشت لەرای یەكێـتی ناكات، بۆ ئاگاداری هەمووان."
دەقی رونکردنەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
روونکردنەوەیەک لە راگەیاندنی مەکتەبی سیاسییەوە
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای گشتی و كەناڵەكانی میدیا و سەكۆكانی پەیوەندی ئاگادار دەكاتەوە كە بەڕێز چیا زەنگەنە راوێژكاری مەكتەبی سیاسی نییەو هیچ سیفەت و ناونیشانێكی وا لەپەیكەربەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بوونی نییە. بەم پێیەش بیروڕاكانی گوزارشت لەرای یەكێـتی ناكات، بۆ ئاگاداری هەمووان.
لەگەڵ رێزدا
تەرمی سێ ئەندامی خێزانێك لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی كوێستانی هەولێر بە كوژراوی دۆزرانەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لە گەڕەكی كوێستانی هەولێر سێ كەس كە ئەندامی یەك خیزانن و پێكدێن لە دایكێك و باوكێك و كوڕەكەیان، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە كە دەگوترێت دز بوون لە ماڵەكەی خۆیاندا كوژراون.
باسی لەوەش كرد، كەسوكاری قوربانییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ئەو سێ كەسە یەكێكیان كە كوڕەكەیە بە چەقۆ كوژراوە، دووانەكەی تریش كە دایك و باوكەكەن خنكێندراون، هەروەها كەسوكارەكەیان وتیشیان، تا ئێستاش هۆكاری كوشتنەكە دیار نییە و رەتیشی دەكەنەوە ئەو خێزانە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتیان هەبووبێت.
بەپێی زانیارییەكان، باوكەكە تەمەنی 60 ساڵ بووە و خانەنشین بووە، دایكەكەش تەمەنی 59 ساڵ بووە و مامۆستا بووە، كوڕەكەشیان تەمەنی 25 ساڵ بووە و ئەندازیار بووە.
بافڵ جەلال تالەبانی و مەزڵوم عەبدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و جەختیان لەسەر پشتیوانی و بەرخۆدانی رۆژئاوای کوردستان کردەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیم لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامدا و پشتیوانیی یەكێتی بۆ بەرخۆدانی گەل و هێزەكانمان دوپاتكردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێزانینمان بۆ خەڵكی سلێمانی دەربڕی لەبەرانبەر خۆپیشاندان و پشتیوانیی بەردەوامیان بۆ رۆژئاوا.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت: شەڕڤانان لە کۆبانێ لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریان کرد، ئەمڕۆش بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی گەلی کورد پارێزگاری لە کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان دەکرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە ساڵیادی رزگارکردنی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ، ساڵیادی سەرکەوتنێکی مێژوویی گەلی کوردە بەسەر تێرۆریستانی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، ستایشی ئازایەتی و نەبەردیی شەڕڤانان و هەموو گەلی کوردستان دەکەم کە یانزە ساڵ لەمەوبەر بە خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرگرییان لە خاک و خەڵکەکەیان کرد و کۆبانێیان لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگارکرد و لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆریان کرد.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، ئەمرۆش بە خۆراگری و ئازایەتیی شەڕڤانان و بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی گەلی کورد پارێزگاری لە کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان دەکرێت.