بەرگری شارستانی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و  هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە کە بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانی لە رۆژانی رابردودا هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، بوەتە هۆی روتانەوەی خاک و رەنگە بەهۆیەوە مین و تەقەمەنی چێندراوی کۆن دەرکەوتبن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کاتی گەشت و سەیران، بە تایبەتی بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەشتەکان، پێویستە ئاگاداری خۆتان بن و نزیکی شوێنە مەترسیدارەکان مەکەونەوە.

 

دەقی راگەیەنداراوەکە

هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان.. دوای ئەو شەپۆلە بارانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ڕووتانەوەی خاک، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان و دەشتەکان، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەم و ڕووبارەکان و تەقینی کانیاوەکان، ئەم بارودۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی مین و تەقەمەنییە چێنراوەکان کە لە سەردەمی جەنگەکانی ڕابردوودا لە سنووری هەرێمدا چێنراون.

هەروەها، بەهۆی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، ئەگەری گواستنەوەی زیندەوەرە مەترسیدارەکان وەک مار و دووپشک بۆ ناوچە ئاوەدانییەکان زیاتر دەبێت.

بۆ ئەم مەبەستە، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین:

لە کاتی گەشت و سەیران، بە تایبەتی بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەشتەکان، زۆر ئاگاداری خۆتان بن.

لە نزیکبوونەوە بۆ شوێنە مەترسیدارەکان و ناوچە ناناسراوەکان خۆتان بپارێزن.

منداڵان لە شوێنە مەترسیدارەکان دوور بخەنەوە و چاودێرییان بکەن.

تێبینی گرنگ:

لە کاتی بینینی هەر جۆرە بۆمب، مین یان تەقەمەنییە چێنراوەکان، تکایە بە زووترین کات پەیوەندی بکەن بە:

هێڵی گەرمی دەزگای مین (١٨٢)

هێڵی گەرمی بەرگری شارستانی (١١٥)

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان