هاوکات لەگەڵ گەیشتنی وەفدێکی قەتەری بۆ تاران بە مەبەستی داڕشتنی کۆتا دەقی لێکگەیشتنەکان، لێپرسراوێکی باڵای ئێران ئاشکرایکرد، واشنتۆن لە چوارچێوەی رەشنووسی یاداشتی لێکگەیشتنەکەدا، رازی بووە بە کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاست بەرز لە ناوخۆی خاکەکەیان.
ئەو لێپرسراوە باڵایە ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا تاوتێ دەکرێت، هەروەها تاران بە رەسمی رازی بووە کە بەپێی رێککەوتنەکە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و نەبێتە خاوەنی.
ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی خاڵەکانی رەشنووسی رێککەوتنەکە، ئێران دەستبەجێ گەروی هورمز بەروی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا دەکاتەوە، لە بەرانبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.
ئەو لێپرسراوە باڵایەی ئێران راشیگەیاند، واشنتۆن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵدەگرێت، ئەمەش رێگە بە تاران دەدات نەوتەکەی بفرۆشێت و دەستی بە داهاتەکەی بگات.
ئاشکراشیکرد، لایەنی ئەمریکی رازی بووە بە ئازادکردنی 25 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، کە گواستنەوەی نەختیی راستەوخۆ و هێڵە کریدیتە داراییەکان دەگرێتەوە.