ئۆجەلان دەڵێت، دەبێت كارەكانی دوای راپۆرتی كۆمیسیۆن بەبێ دواكەوتن بگاتە چوارچێوەیەكی یاسایی و پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێكی گرنگ. 

عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێكی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە و دەڵێت، پرۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێكی گرنگ و پرۆسەكە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی دانوستان و ئیرادەی دیموكراسی و بەرپرسیارێتی مێژوویی هەیە.

لەبارەی كارەكانی كۆمیسیۆنی ئاشتیش ئاماژەی بەوەكردووە، كارەكانی دوای راپۆرتی كۆمیسیۆن پێویستە بەبێ دواكەوتن بگاتە چوارچێوەیەكی یاسایی گشتگیر، لە هەڵسەنگاندنی لیژنەكانیشدا تێڕوانینی هاوبەش هاتووەتە ئاراوە، بۆئەوەی دەرفەتی مێژوویی لە دەست نەدرێت و ئیرادەی راستەقینە بۆ چارەسەر زاڵ بێت و كەناڵەكانی دیالۆگ كراوەبن.

راشیگەیاندووە، نابێت بە شێوەیەكی كورت لەو كێشە گەورەیە نزیكببنەوە كە هەوڵی چارەسەركردنی دەدرێت، چونكە پلانی هەژموونی قووڵ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، جەختیشیكردووەتەوە، كێشەیان لەگەڵ كۆماردا نییە، بەڵكو كێشەی راستەقینە ئەوەیە كۆمار دیموكراسی نییە كە تاكە چارەسەرە و دەتوانێت كۆمار بەهێز بكات.

لەبارەی شەڕی ئێران و ئەمریكاش دەڵێت، لەو شەڕەدا سێ میحوەر سەریهەڵداوە كە ئەمریكا-ئیسرائیل و میحوەری هەندێك لە زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكانن.