کوردستانکوردستان

ئەمرۆ دووشەممە لە شاری بەغداد، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەر یەکە لە جانێت ئەلبێرتا، پاتریک دۆرێل و ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزەکانی هۆڵندا و فەرەنسا و تورکیا لە عیراق کۆبوەوە.

لە هەرسێ کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی بیروراکرا لەبارەی رەوشی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی هەردوو حکومەتی داهاتووی عیراق و هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق.

لەگەڵ باڵیۆزانی هۆڵندا و فەرەنسا و تورکیا لە عیراق گفتوگۆیەکی بەرهەمدارمان کرد لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوانمان .

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیلهام ئەحمەد، لەسەر رەوشی ئێستای رۆژئاوا پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاند ئاگربەست لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە نەبووەتە هۆی هیچ پابەندبوونێکی راستەقینە لەسەر زەوی و کۆمەڵکوژییەکی ئەمڕۆی کۆبانێ شایەتی ئەو راستییەن.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێكی بڵاوکردوەتەوە  و تێیدا هاتوە، حکومەتی دیمەشق بە هیچ شێوەیەک لەسەر زەوی رێککەوتنی ئاگەربەستی جێبەجێ نەکردوە و بەردەوام چەکدارەکانی لەسەرانسەری ناوچەکە هێرش دەکەن و هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر پرۆسەیەکی سیاسی، کە بە پاراستنی خەڵکی مەدەنی دەست پێ نەکات لە وەهمێکی سیاسی زیاتر هیچی تر نییە.

ئیلهاام ئەحمەد هۆشداریشی داوە، رەوشەکە بەرەو خراپتر دەڕوات و  بێدەنگی لە بەرانبەر ئەم تاوانانەدا شکستێکی ئەخلاقییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی لە ئەستۆدایە، بۆ راگرتنی هێرشەکان و کۆنتڕۆڵکردنی رەوشەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبەغداد، لەچەند کۆبوونەوەیەکی جیاوازدا، کە دانا  ئەسعەد بەرپرسی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەبەغداد ئامادەیبوو. لەگەڵ نوێنەری زۆربەی کەناڵ و پێگە ئەلیکترۆنییەکانی عیراق، هەروەها ئەو کەناڵ، رۆژنامە و ئاژانسە جیهانییانەی نووسینگەیان لە عیراق هەیە، ژمارەیەک چالاکوان و نووسەر و چاودێری سیاسی و توێژەری سیاسیش ئامادەییان هەبوو. بەرچاو روونیکردن لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێم و بەغداد. 

وتەبێژی یەکێتی تەئکیدی کردەوە، کە پۆستی سەرۆک کۆمار، بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکان لە رێگەی دەستوورەوە بە مافی یەکێتی دەزانن، چونکە یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە بەغداد.

کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی سەرۆک کۆمار و رۆڵی یەکێتی لە بەغداد، بەشێکن لە میراتی نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال، میراتێک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشبوون و چارەسەری سیاسیی دروستبوون، ئامادەیی سەرۆک بافڵیش لە بەغداد و بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عیراق بەهەموو پێکهاتەکانەوە، نیشانەی پابەندبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە ئەو رێبازە نیشتمانی و سیاسییەی کە سەرۆک مام جەلال دایمەزراندووە.

لەبارەی پرسی رۆژئاوای کوردستان، وتەبێژی یەکێتی جەختی  لەسەر گرنگیی پێویستی پێشخستنی ئەم پرسە لەنێو راگەیاندنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، بە تایبەتی لە کەناڵە عەرەبییەکاندا، وەک پرسێکی مرۆیی پێش هەموو شتێک، بۆ ئەوەی رای گشتیی ناوچەکە و جیهان بە روونی ئاگادار بکرێن لە رەوشی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان.

هاوکات لەکۆبوونەوەیەکی تردا، لەگەڵ راگەیاندنکارانی کورد و نوێنەری کەناڵە کوردییەکان لەبەغداد، ستایشی یەکگرتووی کارکردنیان بەو رۆحیەتە نیشتمانییەی کەهەیانە کرد و داوایکرد، لەسەر ئەو نەهجە نیشتمانییە بەردەوام بن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

روانەگەی سوریا بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر گوندەکانی باشوری  کۆبانێ، کە ماڵێکیان  لە گوندی خەراب ئەشک کردەوەتە ئامانج و بەهۆیەوە شەش هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و شەش هاووڵاتی تریش برینداران، کە چواریان منداڵن.

روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەکردوە،  گوندەکە روبەڕیو هێرشیکی ترسناک بوەتەوە و بە فرۆکەی بێفرۆکەوان ماڵەکانی دەکرێتە ئامانج و بە جارێک تەواوی خێزانێک بونەتە قوربانی.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بۆردومانەکەدا، شەش هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و  شەش هاوڵاتیی مەدەنیش بە سەختی برینداران، کە چواریان منداڵن و گواستراونەتەوە  بۆ نەخۆشخانە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند لایەکەوە کۆبانێ و حەسەکە لەلایەن چەکدارەکانی سوریاوە هێرشیان کراوەتە سەر، سەرەڕای بونی ئاگربەست بۆ ماوەی 15 رۆژ لە نێوان هەسەدە و گروپە چەدارەکانی سوریا، بەردەوام هەسەدە هۆشداری  دەدات لە شکاندی ئاگربەست لەلایەن چەکدارەکانی سوریاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاری کۆبانێ کە هێمای بەرخۆدان و تێکشکاندنی داعشە، ئەمڕۆ 11هەمین ساڵیادی رزگارکردنیەتی، هاوکاتە لەگەڵ گەمارۆدانی ئەو شارە لەلایەن چەکدارەکانی سوریاوە،  هاووڵاتیان لە رەوشێکی سەختی مرۆیدان و هەسەدەش رایدەگەیەنێت،  بە ئامانجگرتنی کۆبانی دەرگای ئاژاوە و گەڕانەوەی تیرۆر دەکاتەوە تێپەردەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 26-1-2026 هاوکاتە لەگەڵ رۆژی رزگارکردنی کۆبانێ و سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی تیرۆرستی داعشدا لە رۆژئاوا، کە دواتر ئەم شکستەیان بوە هۆی لەناوبردنی دەسەڵاتیان بەتەواوەتی لە عیراق  و سوریادا.

ئەمڕۆ کۆبانێ یادی سەرکەوتن لە کاتێکدا دەکاتەوە، کە شارەکە لەژێ گەمارۆیەکی تونددایە   و رەوشی مرۆی تێیدا سەختە و زیاتر لە پێنج منداڵ تەنها لە سەرما و بەهۆی نەبونی سوتەمەنییەوە گیانیان لەدەستداوە.

سەرەڕای گەمارۆکان لە رێگەی هێزە چەکدارەکانی سوریاوە، شارەکە بەدەست کەمی خواردن  و نەبونی دەرمان و کەمی سوتەمەنیەوە دەناڵێنێت، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیکی زۆر ئاوارەی ناوچەکانی دیکە رویان لەو شارە کردوە.

لای خۆشیەوە هسەدە راگەیەندراوکی بەبۆنەی 11 هەمین ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ بڵاوکردوەتەوە  وتییدا هاتووە؛ بەئامانجکردنی کۆبانی ئەمڕۆ هێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر رەمزی سەرکەوتن بەسەر داعشدا و هەوڵێکە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە شارێک کە پڕۆژەکەی پووچەڵکردەوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، بێدەنگی سەبارەت بەوەی، بەرانبەر کۆبانێ دەکرێت  پێچەوانەی ئەو قوربانیدانانەیە کە بۆ تێکشکاندنی تیرۆر دراون و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تێکدەدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راگەیەنراوێک کە کۆمپانیای دانەغاز بڵاویکردوەتەوە، كۆمپانیای دانەغاز و كرێسێنت پترۆلیۆم، كە هەردووكیان بنكەكەیان لە ئیماراتە، زنجیرەیەك رێككەوتنی درێژخایەنیان ئیمزاكردووە بۆ فرۆشتنی بلۆکی غازی چەمچەماڵ و بەكارهێنانەوەی لە پیشەسازییە گەورەكانی هەرێمدا، ئەوەش هەلی كاری زیاتر دەرەخسێنێت.

بەگوێرەی رێککەوتنەکان رۆژانە 142 ملیۆن پێ سێجا غاز بە چەند كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و پۆڵا بۆ ماوەی 10 ساڵ دەفرۆشرێت، ئەوەش لە كاتێكەوە دەستپێدەكات، كە بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكانەی چەمچەماڵ دەستپێدەكات، كە بڕیارە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027وە دەستپێبكات.

وەک لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، رێككەوتنە لەگەڵ كارگەكانی چیمەنتۆی ماس، بازیان، دێڵتا، گاسین، لە سلێمانی و كۆمپانیای  ڤان ستیل لە پارێزگای هەولێر ئیمزاكراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم عەبدی رایگەیاند تا نەگەنە چارەسەرێكی سیاسی بەردەوام دەبن لە بەرخۆدان و پارێزگاری لە ناوچەکانیان دەکەن و  ناوچە کوردییەکان هێڵی سورن، جەختیشیکردوە کشانەوەیان لە رەقە، تەبقە و دێرەزۆر بۆ رێگریکردن بوو لە خوێنڕشتن و زیاتر هەڵنەکشانی رەوشەکە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی روناهی، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، سەرکەوتنی هەوڵەکانی ئاشتی پەیوەسەتە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دیمەشقەوە و جەختیشیکردوەوە رێککەوتنی ئاگربەست بە نێوەدنگیری ئەمریکا بووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، هەموو لایەنەکان چارەسەری سیاسییان دەوێت نەک سەربازی و دەرئەنجامی ئەرێنی هەیە و دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا تا ئێستا بە چاودێری نێودەوڵەتی بەردەوامە و بە گوێرەی رێککەوتنەکە سوپای سوریا نایەتە ناوچە کوردییەکان.

عەبی جەختیشیکردوە، هەموو لایەنەکان لەگەڵیاندان و ئەمریکا بە هەموو دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانییەوە، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، لەم دانوستانانەدا بەشدارن و هەوڵی نێودەوڵەتی هەیە بۆ هێوركردنەوەی رەوشەکە و سەرکەوتنی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دیمەشقەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هەسەدە رایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەست، بەڵام گروپە چەکدارەکانی سەر بە سوریا بەردەوامن لە پێشێلکردنی و جارێکیتر هێرشیان کردوەتەوە سەر باشوری رۆژهەڵاتی کۆبانێ و توانیویانە هێرشەکەیان تێکبشکێنن.

لە راگەیەندراوێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویان کردوەتەوە، هەسەدە رایدەگەیەنێت، گروپە چەکدارەکانی سوریا بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست و شەڕێکی توند لە نیوان هێزەکانیان و گروپە چەکدارەکانی سوریا رویداوە لە باشوری رۆژهەڵاتی کۆبانێ و توانیویانە هێرشێکی زەمینی ئەو گروپانە تێک بشکێنن.

 

لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەیان بەوەشکردوە، چەکدارەکانی سوریا بەردەوامن لە تۆپبارانکردنی گوندەکانی کۆبانێ و بە پاڵپشتی فرۆکەی سیخوڕی تورکیا، هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەنە ئامانج.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێکی نوێ لە بەغداوە بۆ دابەشکردنی موچەی ساڵی 2026 گەیشتبێت و داوا دەکات یاری بە هەستی موچەخۆران نەکرێت.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا چوار خاڵی بۆ رای گشتی خستووەتەڕو:

1. تا ئێستا هیچ بڕیار و رێنماییەک لە وەزارەتی دارایی عیراقەوە بۆ چۆنێتیی خەرجکردنی موچەی ساڵی 2026 نەگەیشتووە.

٢. هیچ رێککەوتن و بڕیارێکی نوێ بۆ دابەشکردنی موچە لە ئارادا نییە.
٣. وەزارەتی دارایی وەک ساڵانی رابردو لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دابەشکردنی موچە بەردەوامە.

٤. هیچ کێشەیەک بۆ ناردنی لیستی موچە و تەرازووی پێداچوونەوە نییە و چاوەڕێی رێنمایی نوێن لە بەغداوە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەیەکە زانیاریی نادروست لەسەر لیستی موچە و بابەتی 120 ملیار دینارەکە بڵاودەکرێتەوە، بۆیە داوا دەکات هەرکەس و لایەنێک شارەزا نییە خۆی لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە بەدوور بگرێت و بۆ دەستکەوتی سیاسی یاری بە هەست و سۆزی فەرمانبەران نەکات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوەی گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی کارەبا، گرفت لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دروستبووە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کێشەکە کاریگەریی لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەبووە.

جەختیشی کردووەتەوە کە تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن و لە چەند سەعاتی داهاتوودا دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی عیراق دەڵێت: داوا دەکەم پشتیوانیی لە گەلی كورد لە رۆژئاوا بکرێت.

خالید مولا سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی عیراق لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پرسی رۆژی کوردسات نیوز رایگەیاند، داوا لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەكام پاڵپشتیی گەلی كورد بكات.

وتیشی، داوا لە وەقفی سوننی دەکەم لەدژی هێرشی چەكدارانی سوریا بۆسەر كورد لە رۆژئاوا هەڵوێستیان هەبێت.

خالید مولا راشیگەیاند، پێویستە وتاربێژانی عیراق لە رۆژی هەینی لە وتارەكانیاندا پشتیوانیی بۆ گەلی كورد دەرببڕن.

سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئایینی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، کوردەکان زانای گەورەی وەک مامۆستا عەبدولکەریم مودەریسیان تێدایە و لەبەر ئەوە کەس ناتوانێت نکۆڵی لە موسڵمان بوونی کوردەکان بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاوكارییەكانی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان و بەسەر ئاوەرەکاندا لە قامیشلۆ دابەشکران.

دارا بەرەکات پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هاوکارییەکانی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بەسەر

پەیامنێری كوردسات نیوز: هاوكارییەكانی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان بەسەر ئاوارەكاندا لە قامیشلۆ دابەشكران، کە پێکهاتبوون لە خۆراك و پێداویستی و شیری منداڵان.

هاوکات، ئەندامێکی خاچی سووری کورد بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پشتگیری لەو هاوکارییانەی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان دەکەین بە هاوکاری دەزگای میدیای کوردسات، هەروەها سوپاسی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی دەکەین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هەمووان دەکات لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.

دەقی پەیامەکە

پەیامی سوپاس و پێزانین بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و وەرزشوانانی کوردستان

بە ناوی خۆمان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانین بۆ کۆدەنگی و هەماهەنگی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن (نووسراو، بینراو، بیستراو، ئەلیکترۆنی)، نووسەران، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، وەرزشوانان، لاوان و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەبڕین لە پای بەتەنگەوە بوونی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان و ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی دیکە دژ بە گەلی کورد.

 

یەکدەنگی و بەتەنگەوەبوونی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و وەستانیان شانبەشانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان، نیشانەی دەرکەوتنی سەردەمێکی نوێی گیانی کوردایەتی و خەمڵینی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو ڕزگاری نیشتمانیدا.

 

ئەم یەکدەنگییە نیشتمانییە لە ئاستی جیهاندا بووە گەورەترین بەربەست لە بەردەم میدیای شۆڤێنی و پشتیوانانی تیرۆر و ڕێگر بوو لەبەردەم ئەو ماکینانەی پڕوپاگەندە، کە دژی کورد و بزووتنەوە نەتەوەییەکەی خرابوونەکار و هەوڵی شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی زەمینەی جینۆسایدێکی دیکەیان دەدا.

 

وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ شەونخوونی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و هەموو ئەو چالاکانەی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕووحیەتی کوردبوون و دەنگی کوردستانیانیان بە جیهان گەیاند، داواکارم لە هەموو لایەک بەو گیانە نیشتمانی و نەتەوەییە و لە چوارچێوەی پاراستنی کولتووری ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵگەی کوردستان بەردەوام بن لە گەیاندنی ڕاستییەکان.

 

سەرکەوتن بۆ کوردانی خۆڕاگری ڕۆژئاڤا

سەرکەوتن بۆ دۆزی کورد   

 

حەمەی حەمەسەعید

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان

25ـی کانوونی دووەمی 2026

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە 48 سەعاتی داهاتوودا ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەبوونی هەندێ پەڵەهەور، هەروەها پلەکانی گەرما یەک بۆ سێ پلە بەرز دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی..

هەولێر : 16  پلەی سیلیزی

پیرمام: 9 پلەی سیلیزی

سۆران: 10  پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 4  پلەی سیلیزی

سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 14 پلەی سیلیزی

دهۆک: 13 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 14 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 14 پلەی سیلیزی

گەرمیان  : 17 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، تێچووی نوێکردنەوەی پاسپۆرت بە شێوازی خواستی کەسی بۆ 50 هەزار دینار کەمدەکاتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بڵاویکردەوە، خزمەتگوزاری زیاتر لە پێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان لە ساڵی نوێدا بۆ مامەڵەی نوێکردنەوەی پاسپۆرت بڕیاریانداوە لە دوو سەد هەزار دینارەوە کەمیبکەنەوە بۆ 50 هەزار دینار.

ئاماژەی بەوەشکرد، پاسپۆرتێک ساڵێک زیاتری تێدا مابێت بۆ تەواوبوونی ماوەی بەسەر چوونکەی (Expire ) بوونی ،واتە جۆری مامەڵەی خواستی داواکاری هاووڵاتی خۆی بێت، 150 هەزار دینار لە نرخەکەی کەمکرایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵی رابردوو 510 نەخۆش لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە داخڵ كراون.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 510 نەخۆش لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە داخڵ كراون و چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە ، لەو ژمارەیە 231 نەخۆش داخڵ كراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر و 140 نەخۆش لە بەشی چاودێری چڕ داخڵ كراون و 139 نەخۆش لەژێر ئامێری هەناسەدانی 24 كاتژمێری دانراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو دوو هەزار و 968  نەخۆش سەردانی بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەی ئەڵمانی یان كردووە و 549 نەخۆش پشكنینی سییەكانیان بۆ كراوە و هەزار و 526  نەخۆش وێنەی تیشكیان بۆ گیراوە و 23 هەزار و 781  شیكاری تاقیگەیی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...9596979899...992