بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٢٠٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و نۆ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٤٦٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پلەکانی گەرما بەرزبوویەوە بۆ ٤٥ پلەی سیلیزی، ئەوەش بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراوی ئەمڕۆیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات، بەپێی پێشبینییەکانی دەزگای کەشناسی عێراقی ئەمڕۆ شاری سلێمانی دووەم گەرمترین شارە لەسەر ئاستی وڵات و تەنھا شاری میسان پلەی گەرمی بەرزترە ئەویش ٤٦ پلەی سیلیزیە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم پشتیوانی خۆی و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ دابینکردنی ھەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانەی ھیوا و ھەموو نەخۆشخانەکانی چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە دووپات کردوەتەوە
کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ٦ی ئیوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی مەدەنییان لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەتیان بۆردومان کرد و بەھۆیەوە بۆردومانەکەس دوو کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندارە.
قائیمقامی قەزای ماوەت وتیشی، خەڵکی گوندەکە سەلامەتن و مەترسی لەسەر ژیاینان نییە.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروتی حکومەتی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێداویستییەکان بۆ نەخۆشخانەی ھیوا دابین دەکرێن و دڵنیایی دەدەین کێشەکانی نەخۆشخانەی ھیوا چارەسەر دەکرێن.
وتیشی، حکومەت لە ٩٨%ی خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکانی شێرپەنجە دابین دەکات و لە ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٩ ملیار دینار بۆ پێداویستی سەنتەرەکانی شێرپەنجە دابین کراوە.
لای خۆشییەوە د. سەباح نەسرەدین بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، حکومەت و لایەنە سیاسەکان پشتیوانی نەخۆشخانەی ھیوا دەکەن و دڵنیابن کێشەکانی چارەسەر دەبن.
بە بریاری بەرێوەبەرایەتی گشتیی فەرمانگەکانی داد و بەمەبەستی گواستنەوەی فەرمانگەکە بۆ ناو بینایەکی نوێ، دەوامی فەرمانگەی دادنووسی یەکەمی قەزای سۆران، لە ٢٠ی ئەم مانگەوە تاکو ٢٩ی ھەمان مانگ رادەگیرێت.
بینای نوێی فەرمانگە، دەکەوێتە سەر شەقامی جووت سایدی دەروازەی سۆران، تەنیشت بە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە.
لە راگەیەنراوێکدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا بێ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ھیچ ڕێنماییەک بۆ بەکارھێنانی جۆرەکانی ڤاکسین و دیاریکردنی ئاستەکانی تەمەن بڵاوبکاتەوە سەدان ھاوڵاتی لە تەمەنە جیاوازەکان بە ڤاکسین کوتراون، بەڵام دوای کوتانی ئەو رێژە زۆرەی ھاوڵاتیان رۆژی ١٦ی ئەم مانگە وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی سەبارەت بە بەرنامەی کوتانی ھاووڵاتیان ڤاکسینەکان بڵاوکردۆتەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نیگەرانی دەردەبڕێت لە درەنگ کەوتنی دەرکردنی بەرنامەی کوتان و راشیگەیاند، پێویستە وەزارەتی تەندروستی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێ لەبەرامبەر ھەر لێکەوتەیەک لەسەر ژیانی ئەو ھاوڵاتیانەی لە ماوەی ڕابردوودا ڤاکسینیان بۆ بەکارھێنراوە.
ئەحمەد ھۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ وە بەھۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤیزەی گەشتیاری لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا راگیراوە و بەھۆی کەمبونەوەی گەشتەکانیش لەو ماوەیەدا داھاتی فڕۆکەخانەی ھەولێر نزیکەی ٦٠% کەمی کردووە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر راشیگەیاند، لە ئێستادا تەنھا رێگە بە ئەو کەسانە دەدرێت گەشت بۆ ئەوروپا بکەن کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی ھەیە و بەھۆی کەمبوونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا پێشبینی دەکرێت لە مانگی تەمموزدا ھاتوچۆی گەشتیاران لەنێوان ھەرێم و وڵاتانی ئەوروپا دەستپێبکاتەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٤٥٨ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و شەش تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٥٣٧ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
"مستەفا عەبدولڕەحمان" سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، وەک ڕۆژانی ئاسایی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ھیچ گرفتێکیش دروست نەبووە.
وتیشی، ئێران دووەم وڵاتی جیھانە لە دوای تورکیاوە کە زۆرترین کاڵا و شمەک بۆ ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکات و پەیوەندییەکی پتەوی ئابووری و بازرگانی لە نێوانیان ھەیە. سەرۆکی یەکێتی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێم ڕاشیگەیاند، ساڵانەش بە بەھای ٦ ملیار دینار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێت.
بە پێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم، ڕۆژی سێشەممە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی چواری بنەڕەتی تاوەکو ١١ی ئامادەیی بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی دەستپێدەکات و بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
"د. ئالان حەمە سەعید" وەزیری پەروەردەی ھەرێم ڕایگەیاند، لە ساڵی نوێی خوێندندا ئەو وانانەی لە خوێندنی ئەمساڵ فەوتاون، بۆ ساڵی نوێی خوێندن قەرەبوو دەکرێنەوە و بۆ ھەر مامۆستایەک بەشێکی وانەکان دیاری دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامە و پلانێکی گونجاو ئامادەکراوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ئامێدی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی تورکیا گوندی "دشینێ"یان لە ناحیەی بەرواری باڵای سەر بە ئامێدی تۆپباران کرد و ڕۆژی پێنج شەمەش فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی ھەمان گوندیان کرد و لە ئاکامدا ئاگرێکی گەورە لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی لە شکرکێشی تورکیا بۆ سەر ناحیەی بەرواری باڵا، ٢٦٠ خێزان ماڵەکانیان بەجێھێشتووە و ٤ گوندیش چۆڵکراوە و زیاتر لە ١٠ ھەزار دۆنم ڕەز و باخ و دارستانی ناوچەکە سوتاون.
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و ئابوری لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز دەنگۆیەک لەبارەی قەرزکردن بۆ تەواو کردنی مووچەی فەرمانبەران بە لێبڕینی ٢١%یش رەتدەکاتەوەو رایگەیاند، ئەوەی وتراوە تەنھا بۆ مانگی پێشوو بووە کە کورتھێنان ھەبووە لەکاتی دابەشکردنی مووچەو ٣٥ ملیۆن دۆلار قەرز کراوەو وەزیری داراییش کە چووە پەرلەمانی کوردستان ھەمان شتی لە لیژنەی دارایی وتووە.
سەبارەت بە مەترسی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە لەماوەی پێشوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاردرا پێداچوونەوەی بۆ بڕیارو ڕێنماییەکانی پێدانی دەرماڵەی فەرمانبەران بکرێت، رێباز حەملان دڵنیاییدا لەوەی، ھەوڵەکان بۆ رێکخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانە نەوەک کەمکردنەوەی ئەوەش بۆ یەکسانیی و نەھێشتنی جیاوازییە لە وەرگرتنی دەرماڵەکان.
د. فازل نەبی شارەزای ئابوری و بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، ئەگەر ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری ناردنی ئەو ٢٠٠ ملیارە بدات بۆ ھەرێمی کوردستان وەزیری دارایی دەتوانێت رێگری بکات، بەڵام ئەوەی ھەیە لە ئێستادا ھیچ کێشەیەکی یاسایی لەبەردەم ناردنی پشکی ھەرێم نەماوە.
باسی لەوەشکرد، بەھۆی ئەوەی کەسی شارەزای ئابوری نییە بۆیە بڕیارەکە بەوجۆرە دراوە، ئەگەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە بوایە کە کراوە لە یاسای بودجە ھیچ رێگرییەک نەدەما بۆ ناردنی بەڵام ئەوەی ئێستا ھەیە رەنگە مەترسی لەسەر دروست ببێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەوەی بەرچاو روونی ھەیە رەنگە ئەو ٢٠٠ ملیارە تارادەیەک جێگیربێت بەڵام ئەگەر نرخی نەوت زیاتر بەرز ببێتەوەو داوای داھاتی زیاتری دەروازە سنورییەکان بکەن رەنگە لەو ٢٠٠ ملیارە کەمتر رەوانەی ھەرێم بکرێت.
سەبارەت بە لابردنی لێبڕنی مووچە لەھەرێمی کوردستان، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی وتی، "ئەگەر نەتوانرێت بڕینی ٢١% چەند مانگی پێشووی ئەمساڵ بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم بگەڕێنرێتەوە حکومەتی ھەرێم دەتوانێت بەوپارەیە لێبڕینی مووچە بۆ شەش مانگی ئەمساڵ ھەڵبگرێت".