"ئەمین بابە شێخ" وتەبێژی یەکێتی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ھەوڵەکان بۆ ئەوە بوو بەیەکڕیزی و پڕۆژەیەکی یەگرتووی نیشتیمانی بچنە بەغداد، وتیشی، پێشوەخت پارتی لەگەڵ چەند لایەنێکی تر بەبێ ئاگاداری یەکێتی و لایەنەکانی تر رێککەوتنی کردبوو، کە ئەو رێککەوتنانە خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراق و مافە دەستورییەکان و قەوارەی ھەرێم ناکات، وتیشی، "بافڵ جەلال تاڵەبانی" و وەفدەکانی یەکێتیی بە دەسەڵاتی تەواو و بە بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانییەوە لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆیان دەکرد دوور لە پرەنسیپەکانی تاکڕەوی و قۆرخکاری، بەڵام وەفدەکانی پارتی بە ناوەڕۆکێکی تەمومژاویەوە دەھاتن بۆ کۆبوونەوەکان، بە بیر پارتیشی دەھێننەوە ھیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتییان لەگەڵیان نەبووە، چونکە ھەلی وایان نەڕەخساند و دەیانویست رێککەوتنێکی  ناشەفافیان لەگەڵ بکەن. 

وتەبێژی یەکێتی بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتیشی لەیەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گەڕاندەوە بۆ ھەڵوێستی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان و ھیچ پەیوەندی بەھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی  ئەنجومەنی نوێنەرانەوە نەبووە.

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداگری بۆ کاندیدکردنەوەی "د.بەرھەم ساڵح" لەبەرئەوەیە پارێزەری دەستور و بەرژەوەندی گەلانی عێراق و قەوارەی ھەرێم دەبێت، یەکێتی ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی ماڵی کورد بووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش ھەمیشە بڕوایان بە پرەنسیپی دیالۆگ  و دانوستاندن نەگۆڕە، ئێستاش لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەرگای ئەو بژاردەیەیان دانەخستووە بە مەرجێک بۆ رێککەوتنێکی کۆنکریتی بێت.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە : 

ئەمین بابە شێخ وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە وەڵامی راگەیاندراوەکەی ئەمرۆی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم لێدوانەی بۆ راگەیاندنەکان دا : 


 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە دوێنێ ٢٣ی کانونی دووەمی٢٠٢٢، بۆ رای گشتی کوردستانیی بڵاویکردەوە، خستنەڕووی راستییەکانی تێدابوو ،چونکە لەدانوستاندنەکاندا ھەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە ھەوڵەکانمان بۆ ئەوە  بوو بەیەکڕیزی و پڕۆژەیەکی یەکگرتوی نیشتمانییەوە  لەگەڵ  لایەنە سیاسیەکانی  عێراق بە شیعە و سوننەوە   بچینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەکرا  پێشوەخت پارتی  لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا بەبێ  ئاگاداری  ئێمە و لایەنەکانی  تر چوبوونە ناو رێککەوتنێکەوە کە بەھیچ شێوەیەک خزمەت  بە پرۆسەی سیاسی لەعیراق و مافەدەستوریەکان  و قەوارەی ھەرێمی کوردستان  ناکات. ھەر لەسەرەتای ئەو کۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی و وەفدەکانی یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستان  بە دەسەلاتی تەواو و بە بڕیاری سەربەخۆی  نیشتمانیەوە لەگەڵ پارتی دا گفتوگۆیان دەکرد دور لە پرەنسیپەکانی تاکڕەوی و  قۆرخکاری لە  پرۆسەی  بڕیاردانی  سیاسیدا   .


بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەکانی پارتی بوون کە بە ناوەڕۆکێکی تەم و مژاویەوە دەھاتن بۆ کۆبوونەوەکان.
ھەر لێرەدا بە بیر پارتی دیموکراتی کوردستان  دەھێنینەوە کە ھیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونکە خۆیان ھەلی وایان نەڕەخساندو دەیانوویست رێککەوتنێکی  ناشەفافمان  لەگەڵ بکەن.
بەشداری نەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لەیەکەم دانیشتنی عیراق لەبەر ھەڵوێستی پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت (راکان جبوری) و کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بوو و ھیچ پەیوەندی بەھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە نەبووە.


لەبارەی دووبارە کاندیدکرنەوە ی سەرۆک بەرھەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، پێداگریمان بۆ ئەوەیە کە ئەو وەک پارێزەری دەستووری عێراقی فیدراڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی گەلانی عیراق و  قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەبێت، وەک چۆن ھەمیشە نوێنەرانی تری یەکێتی نیشتمانی لەبەغدا بەپێی دەستوور ئەم ئەرکەیان جێبەجێکردووە.


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی ماڵی کور د بووەو ھەوڵی بەردەواممان دوپاتکردووەتەوە بەڵام کە دڵنیابووین پارتی بەئەجێندایەکی تەم و مژاوی ھاتە ناو دانوستانەکان و نێو پرۆسەی سیاسی عێراقەوە ھەستمان کرد ئەو ھەوڵانە مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموکراسی و مافە دەستووریەکانی گەلانی عیراق و قەوارەی ھەرێم ناکات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێکارە دەستووری و دیموکراتییەکان لەپرۆسەی سیاسی عێراق کاندیدی پەسەندکراوی خۆمان و بەرەزامەندی زۆر لایەنی تری عێراقی و کوردستانی  بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکرد.           


لە کۆتاییدا  دوپاتی دە کەینەوە کە یەکێتیی  نیشتمانیی   کوردستان   بۆ  چارەسەرکردنی کێشەکان ھەمیشە بڕوای   بە  پرەنسیبی   دیالۆگ   ودانوستاندن   نەگۆڕە  و ئێستاش  لە پێناوی  بەرژەوەندی  گشتی دەرگای  ئەو بژاردەیەمان  دانەخستووە بەمەرجێ بۆ رێککەوتنێکی کۆنکریتی بێت