ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لەووتەیەكیدا پشتگیری خۆی بۆ داخوازی خوێندكاران دەربڕی نوێنەری خوێندكارانیش بەكوردسات نیوزی راگەیاند ،كە پارێزگاری هەڵەبجە بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفت و كیشەكان چاوپێكەوتنی لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ ڕێكدەخات .
لەسەر پێشنیاری وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و لە بەرژەوەندی دەرچووانی كۆلێژەكانی كشتوكاڵ و ڤێرتەرنەری ، پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوە و ئەمڕۆ لە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكرێت و دواتر پەسەند دەكرێت.
لە شاری هەولێر قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدووم كرد، لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا باسیان لە دواین پێشهاتەكانی رەوشی سیاسی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردەوە و باسیان لەوەكرد پێویستە گفتوگۆكان لەسەر بنەمای بونیاتنانی سیاسەتێكی حوكمڕانی گونجاو و هاوبەشی هەموو پێكهاتەكان بێت لە بڕیاردان و چاكسازی راستەقینە و قوباد تاڵەبانیش ئاماژەی بەوە كرد، هەموو هەوڵێك دەدەن كورد بە یەكڕیزی بەشدار بێت لە گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هێرشەكانی رابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگەش كرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستی داڕشتنەوەی پلانی ئەمنی بۆ ئەو ناوچانە كردەوە تاكو ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبكرێتەوە لەنێوان هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگەدا هەیە
وتیشی، هەرچییەك لە بەرژەوەندی دانیشتوانی ناوچە دابڕێنراوەكان بێت، لەگەڵ سوپای عێراق پێكەوە بڕیاری لێدەدەن و هەنگاو بەهەنگاو ئەو دەرفەتانەی بۆ داعش ڕەخساوە لەناوی دەبەین.
هاوكار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠هەزار نەمامیان لە نەمامگەكانی سەرچنار، دوكان، دەربەندیخان، بانی مەقان، شازاد سائب لە ڕانیە بەرهەم هێناوە، كە بەشێك لەو نەمامانە تەرخان دەكرێت بۆ سەوزكردنی پرۆژەكانی دارستانی سەر بە سلێمانی و ئەوی تری بە نرخێكی كەم دەگەیەنرێتە دەست هاوڵاتیان.
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش كرد، هەوڵیان داوە ئەو جۆرە نەمامانە بەرهەم بهێنن كە لەگەڵ ژینگەی ناوچەكەدا دەگونجێت و داخوازی هاوڵاتیانی زیاتر لە سەرە .
ئەمشەو ٥/٦ی ۱۲ی ۲۰۲۱ تیرۆریستانی داعش پەلامارێکی تری دڕندانەیان بۆ سەر خاڵێکی سەنگەرەکانی لیوای ١٢٦ـی ھێزی پێشمەرگە لەنزیک ی گوندی " قەڕە سالم" دا.
لەم پەلامارە ترسنۆکانەیەدا، شەھید و بریندار لەریزەکانی ھێزی پێشمەرگە ھەیە.
تیرۆریستان راوەدوونران و بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
سینەم محەمەد، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتۆن بەڵێنێکی ئەمریکا بۆ پاراستنی رۆژئاڤا لە ھێرشی تورکیا ئاشکرا دەکات و لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە میانی سەردانی جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا و کۆبوونەوەیان باس لە چەند پرسێک کراو گرنگترینیان ھەڕەشەکانی تورکیابوو بۆ سەر رۆژئاڤاو لەوبارەیەوە جێگری نێردەی ئەمریکا بۆ سوریا بەڵێنی ئەمریکای ئاشکراکرد بەوەی بە ھیچ شێوەیەک رێگە بە ھێرشی سەربازی بۆ سەر رۆژئاڤا نادەن و نایانەوێت دۆخی سوریا و رۆژئاڤا جارێکی تر مەترسی لەسەر دروست ببێت.
باسی لەوەشکرد، لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکاش دڵنیایی دراوە لەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاڤا دەمێننەوەو ھیچ ھەوڵێکیش بۆ کشانەوەیان نییە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ سەعات لەگەڵ سەرجەم نوێنەری خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ١٤ شار و قەزا و ناحیە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوەوە و دوای گوێگرتن لە داواکاری ھەموویان، بڕیاریدا سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاریدا لە رێگەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێم کار بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکاران بکات و بڕیاریشدا بێ بەرامبەر پاس بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی دەرەوەی شار و بەشەناوخۆییەکان دابین بکات، بڕیاریشیدا سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بەشەناوخۆییەکان بە ئینتەرنێتیشەوە بۆ خوێندکاران دابین بکات.
یەکێکی تر لە بڕیارەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی دوورخستنەوەی دەستی حزبە لە زانکۆ و پەیمانگاکان، دڵنیایشیدا بە خوێندکاران کە کوالێتی خوێندن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ھۆشیار و داھێنەر باشتر بکرێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی سوپای عێراق و پێشمەرگە نەچوون بۆ پارێزگاریکرن لە گوندی لھێبان، شەوی رابردوو دانیشتوانەکەی گوندەکەیان چۆڵکرد، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکە گەڕانەوە و ھێزێکی پێشمەرگەش بۆ پارێزگاریکردن لێیان گەیشتووەنەتە گوندی لھێبان.
شەوی شەممە تیرۆرستانی داعش پەلاماری گوندی لھێبانیان دا و ھاوڵاتیانی گوندەکەش بەرگرییان کرد، دوای نزیکەی چوار سەعات شەڕ و پێکدادان دانیشتوانی گوندەکە پەلامارەکەی داعشیان تێکشکاند.
وەزارەتی رۆشنبیریی ھەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی ئاڕاستەی سەرجەم میدیا بینراوەکان کرد و رایگەیاند، نابێت وێنە یان ھەر ڤیدیۆیەک کە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەرھەمھێنراون تایبەت بە پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی، لە میدیا بینراو و پۆرتاڵەکان بڵاوبکرێنەوە، چونکە لە کاتی بڵاوکردنەوەیاندا ئەو میدیایانە بێ ئاگایانە دەبن بە رایەڵێکی میدیایی تیرۆرستان و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو ھاووڵاتیان.
وەزارەتی رۆشنبیری دەشڵێت، ھەر کەناڵێک پێچەوانەی ئەم گشتاندنە ھەڵسوکەوت بکات، روبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی ئەرکی ھەمووانە و دەبێت پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن.
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمرۆ بە یانی ٦/١٢/٢٠٢١ ھێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی سەرو ماڵی ھاوڵاتیانی کورد گەیشتە گوندی لھێبان، دوای گەیشتن و چوونە ناوەوەی پێشمەرگە بۆ گوندەکە کۆبونەوەیەک لە نێوان فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و فەرماندەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی نینوی ئەنجامدراو بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگی لە نێوان پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عیراقدا ھەیە.
ڕەمەزان ئەرتیشی پارێزەری کەیسی رۆژنامەونوس ئومێد بەرۆشکی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئومێد حەوت سکاڵای لە دادگاکانی ھەولێر و سلێمانی لەسەر بوو بەڵام دووانیان کشانەوە. وتیشی، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی ھەیە، لەبەر ئەوەی ساڵێک و چوار مانگە لە زیندانە سزاکەی ساڵێک و دوو مانگی ماوە و لە زیندان دەمێنێتەوە.
لە کۆبونەوەکەدا پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆرستانی داعش و دانانی پلانی نوێ بۆ رێگرکردن لە جموجۆڵەکانی داعش و ھەماھەنگییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم و وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش تاوتوێ دەکرێن.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم و کۆلۆنێل دۆگڵاس بەرپرسی تیمی ھاریکاری ئاسایشی ئەمریکا لە ھەرێم کۆبونەوە. وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، تاوتوێی دواین پەلامارە تیرۆریستیەکانی داعشیان لە ناوچە جیاجیاکان کردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئێستادا داعش پلانی شەڕی لە ئاشکراوە بۆ شاراوە گۆڕیوە، بۆیە ئەرکەکە قورسترە و پێویستی بە ھاوکاری و ھەماھەنگی یەکتر و پلان و تەکنیکی نوێی شەڕ ھەیە.
لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی ئێستای داعش، وەزیری پێشمەرگە داوای کرد قەبارە و جۆری ھاوکارییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بکرێت.
ئاشکراشیکرد، خوازیاری ئەوەن بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەمێنێت و بە ھاوکاری ھاوپەیمانان سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکان بگەڕێنرێتەوە.
بەرپرسی تیمی ئۆفیسی ھاریکاری ئاسایشی ئەمریکاش لە ھەرێم، پشتگیری و بەردەوامی ھاوکارییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.