وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم رایگەیاند، لەبارەی رەوشی بازاڕ بڕیار درا بە دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کە دەسەڵاتی تەواوی یاسایی و ئیداری دەبێت، بۆئەوەی لە بەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان چاودێری بازاڕ بکەن و سزای یاسایی ئەو کەسانە بدەن سەرپێچی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ژووری ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتی تەواوی ھەیە بۆ رێکخستنی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو، ئەو بەنزینەی بە نرخی حکومەت لە ھەندێ بەنزینخانە دابەش دەکرێت، بەجۆرێک ئەو بەنزینە بۆ تاکسی و پاس و ھۆیەکانی گواستنەوەی گشتی زیاتر بێت، بۆئەوەی رێگری لە گرانبوونی نرخی گواستنەوە بکرێت و باری سەرشانی ھاووڵاتییان گران نەکرێت.

جەختیشیکردوەتەوە، ژووری ئۆپەراسیۆن دەسەڵاتی خۆی بەکاردەھێنێت بۆ ئاسانکاری زیاتر بە مەبەستی ھاوردەکرنی کەلوپەلەکانی خۆراک و سوتەمەنی بە ڕەچاوکردنی کوالێتی و ڕێنماییەکان.