وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای سەعات یەکی بەرەبەیان، ١٢ مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق و لە خۆرھەڵاتەوە ئاڕاستەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ھەولێر کران و ناوچە مەدەنینشینەکان بەر ھێرشەکە کەوتن، وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنھا ھاووڵاتییەک بە سووکی بریندار بووە و دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کردووە.

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکییان راگەیاند، ئێران سەرچاوەی ھێرشە مووشەکییەکانی سەر ھەولێرە و ھیچ ھاووڵاتییەکی ئەمریکییش بەھۆی ھێرشەکەوە زیانی بەرنەکەوتووە.

"ئاژانسی ھەواڵیی تەسنیم"ی ئێران، لەبارەی ھێرشەکەوە رایگەیاند، ھێرشەکان ناوەندی مەشق و راھێنانی دەزگای ھەواڵگیریی ئیسرائیل "مۆساد" و دەوروبەری کونسوڵخانەی ئەمریکایان لە ھەولێر کردووەتە ئامانج، ھاوکات "ئاژانسی ھەواڵیی میھر"ی ئێران رایگەیاند، ھێرشەکان بارەگا ھەواڵگری و ئەمنییەکانی ئیسرائیلیان کردووەئامانج.