بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم/ سلێمانی  لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕایانگەیاند : رەتیدەکەینەوە ھیچ بڕە پارەیەک دیار نەمابێت لە سلێمانی

دەقی ڕوونکردنەوەکە : 

روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم/ سلێمانی

بەپێویستمان زانی بۆ ھەموولایەکی روونبکەینەوە کە؛ ماوەیەکە ھەڵمەتێکی چەواشەکارانە ھەیە لەدژی سلێمانی و بەتایبەت پرسی داھاتی ناوخۆی سلێمانی کەروونە ئەو ھەڵمەتە لەدەرھاویشتەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە و زانیاری نادروست بڵاودەکەنەوە بە مەبەستی چەواشەکردنی خەڵک. بۆ رەتکردنەوەی ئەو قسەو قسەلۆکانە، ئێمە بڕیارماندا بە بەڵگە و ژمارە وەڵام بدەینەوە بۆ سەلماندی راستی قسەکانی ئێمەو درۆی ئەوان:

یەکەم: ھەموو مانگێک لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی، ئەو بڕە پارەیە دابین کراوە کە وەزارەتی دارایی و ئابوری دیاری کردووە بۆ تەواو کردنی بودجەی مووچە. لەو خشەیەی کە بڵاو کراوەتەوە بەژمارە روونتر کراوەتەوە.‌

دووەم: تەنھا بۆ ١١ مانگی ساڵی ٢٠٢١ لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی؛ یەک تڕلیۆن و ١٠٧ ملیار دینار دابین کراوە بۆ پێدانی مووچە.

سێیەم: بۆ مووچەی مانگی ١٢ی ٢٠٢١ کە لەمانگی ١ی ٢٠٢٢ دابەش کراوە، لەداھاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی ٧٥ ملیار ٦٨١ ملیۆن دینار دابین کراوە.

چوارەم؛ جگە لەو پارانەی کە ئاماژەی پێدراوە، و ئەو بڕە پارەیەش کە لە داھاتی سلێمانییەوە دەچێتەوە ‌بۆ ھەولێر، بەشەکەی تری داھاتی کۆکراوەی ناوخۆی سلێمانی، بۆ خەرجییەکانی دامودەزگا حکومییەکان تەرخاندەکرێتەوە وخەرج دەکرێتەوە.

پێنجەم: ھەموو ئەو پارانەی کەدێنە بانکەکانی سلێمانی، بەڕێکاری یاسایی و ئیداری خۆیان جوڵەیان پێدەکرێت، لەدەرەوەی یاسا ھیچ شتێک نەکراوە و ناکرێت.

شەشەم: ئەو بەڕێزانەی کە قسەی ناڕاست دەکەن لەسەر بانکەکانی سلێمانی، با بفەرموون یەک بەڵگە بخەنەروو، ئێمە دڵنییاین کە ھیچیان پێ نییە و ناتوانن قسەکانیان بسەلمێنن.

حەوتەم: رەتی دەکەینەوە کەھیچ بڕە پارەیەک دیار نەمابێت یاخود پارەی مووچە درابێت بە شتی تر.