سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، گوایە ھێرشەکەی سەر ھەولێر، بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی بووە لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمریکا، بەڵام شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنییە و ئەو پاساوە تەنیا بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی ھێرشەکەش دوورە لە راستیەوە.

راشیگەیاند، چەندین جارە ئێران ئەو دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر ھێرشەکان، رێگەخۆشکەردەبێت بۆ بەردەوامیی ئەو تاوانانە، بۆیە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی و حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەن، لێکۆڵینەوە لەو ھێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و ھەڵوێستی توند بەرامبەر بەو ھێرشانە بگرنەبەر.