ناوەندی پەیوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی تەسنیمی ئێران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، ھەر تاوان و شەڕفرۆشییەکی ئیسرائیل بەبێ وەڵام تێناپەڕێت، و باسی لەوەکردووە، ناوەندێکی ستراتیژیی پلانگێڕی و شەڕفرۆشی ئیسرائیلیان، بە مووشەک کردووەتە ئامانج .

راشیگەیاندووە، جارێکی تر ھۆشداریی بە ئیسرائیل دەدەن، کە دووبارەکردنەوەی ھەر شەڕفرۆشیەک، وەڵامی توند و وێرانکەری دەبێت و ئاسایشی ئێران ھێڵی سوورە و رێگە بە کەس نادەن، ھەڕەشەی لێبکات یان ھێرشی بکاتەسەر.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە بە ١٢ مووشەکی دوورمەودای بالیستی، باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری ھەولێر کرایە ئامانج، بەڵام مووشەکەکان لە نزیک کوسنوڵخانەکە کەوتنە خوارەوە و بەھۆیەوە دوو ھاووڵاتی بریندار بوون.