بڕیارە وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە دوو کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ ھەواڵگری سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و ھەواڵگری بەرگری عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان ئەنجام بدات.
لە کۆبوونەوەیەکی تریشدا، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمینداری گشتی وەزارەتی بەرگری وەزارەتی گفتوگۆ دەکەن لە بارەی ڕەوشی ئێستای ناوچەکە و مەترسیەکانی تیرۆریستان، ھەنگاوەکان لە بارەی چارەکردنی کێشەکانی نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە، بۆ بەیەکەوە ڕۆڵ بینین لە ڕاوەدوونان و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش.
کۆبوونەوەکانی نێوان پێشمەرگە و بەرگری بەردەوامی ھەیە و ھەردوولا بە ئامانجی بنبڕکردنی تیرۆریستان و پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی ھەیە، لە گفتوگۆدان، ھاوکات تاوتوێکردن و بە کردەیی کردنی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەشی نێوان پێشمەرگە سوپا لە ئەولەویەتی گفتوگۆکاندایە.
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە، زۆر بەداخەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی ھونەرمەند زرار محەممەد مستەفا، دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای پاشای گەورە-یان بیست.
مامۆستا زرار کەسایەتی و ھونەرمەندێکی خۆشەویست بوو کە لە بوارەکەی خۆیدا خزمەتێکی زۆر باشی کردووە، لەدەستدانی جێگەی ئەسەفی ھەمووانە.
لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکار وھونەرمەندان بە گشتی دەکەم و ھاوبەشی خەمیانن.
لە خوای گەورە داواکارم سەبوریی و دڵنەوایی بەھەموو لایەک ببەخشێت، جێگای کۆچکردووش بەھەشتی بەرین بێت.
سەرەڕای دەستپێکردنی ھەوڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و چارەسەرکردنی کەموکوڕی بەش و کۆلێژ و بەشە ناوخۆییەکان، بەڵام خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ئەمڕۆش خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان جارێکی تر خۆپیشاندانیان کرد و ڕێگەی ھاتووچۆی ھاوڵاتیانیان داخست ئەوەش نیگەرانی ھاوڵاتیان و شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە.
ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتیی ڕێواز فایق سەرۆکی پەرلەمان و ئامادەبوونی ڤاڵا فەرید وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، لە ھۆڵی پڕۆتوکۆڵ لە تەلاری پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێم بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، مەبەست لە کۆبوونەوەکە ھەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی چەند سەرنج و تێبینییەکی یاسایی بوو لەسەر پڕۆژەکە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت بوو لەبارەیەوە، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی لیژنەی کاروباری یاسایی بکرێت بە مەبەستی ئاڕاستەکردنی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان تا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند ھاوڵاتیەک ئەو زانیارییەیان پێداوین کە کەسێک یان زیاتر لە شاری سلێمانی، بە ناوی مامەڵە و تەرخانکردنی مووچە و ھاوکاری بۆ کەمئەندامان و چاودێریی خێزان، سودی لە ڕەوشی خراپی دارایی خەڵک و سادەیی ھەندێک لە ھاوڵاتیان وەگرتووە و بە بەڵێنی درۆ و چەواشە، پارە لە خەڵک دەکشێننەوە.
ئاگاداری ھاوڵاتیانیش دەکاتەوە بۆ دەستکەوتنی زانیاری یان ڕاییکردنی ھەر مامەڵەیەک بە ھیچ جۆرێک فریوی کەس نەخۆن و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فەرمانگەکانیانەوە بکەن ھەروەھا ڕاشیدەگەیەنێت ماوەی ٨ ساڵە مووچە و ھاوکاریی کۆمەڵایەتی بە ناوی چاودێریی خێزان یان کەمئەندامانەوە بۆ ھیچ کەس نەکراوە و بەھۆی قەیرانی داراییەوە ھەموو جۆرە تەرخانکردنێک لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاگیراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر کەسێک لەسەر ئەم بابەتە فێڵی لێکراوە و کەوتووەتە ھەڵەوە ئەوە دەتوانێت بە تۆمارکردنی سکاڵا مافی خۆی وەرگرێتەوە و زانیاریی لە بارەی ئەو کەسەوە بداتە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و دەزگا پەیوەندیدارەکان.
بەڕێزانمان لە خانەوادە و بنەماڵەی مامۆستا زرار محەمەد مستەفا ڕواندزی.
بە داخ و پەژارەوە ھەواڵی کۆچی دوایی مامۆستا و ھونەرمەندی دیاری گەلەکەمان، مامۆستا (زرار محەمەد مستەفا) ڕواندزیمان پێگەیشت.
مامۆستا زرار جگە لەوەی لە بواری ھونەردا خزمەتێکی بەرچاوی پێشکەش بە گەلەکەی کرد، لە کۆڕی خەبات و تێکۆشانیشدا ڕۆڵی دیار و بەرچاو بوو.
ژیانئاوایی ئەم کەڵە ھونەرمەند و تێکۆشەرەی ڕێگای ڕزگاری، جێی نیگەرانیمانە و بۆ ئەم خەمە پرسە و ھاوخەمی و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان و ھونەرمەندان و ھونەردۆستان دەکەین و ڕۆحی مامۆستای پایەداریش بۆ ھەمیشە شادبێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
بە پێی نوسراوێکی ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاسپێردرا بۆ دابینکردن و خەرجکردنی ٧ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دینار وەک پاڵپشتی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەک پێشینەیەکی مانگانە بۆ پاڵپشتی قوتابیان و خوێندکاران و چارەسەرکردنی گرفتی بەشە ناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری، وەزارەتی دارایی بڕیارەکە لە ١ی مانگی داھاتووەوە جێبەجێ دەکات بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەھێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەناو شاری ھەولێر لەلایەن کارمەند و ئەفسەرەکانیانەوە ٤ تۆمەتبار دەستگیرکران و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کران، ھاوکات لە کاتی دەستگیرکردنیاندا تونرا دەستبگیرێت بەسەر ٨ ھەزار و ٥٠٠ دۆلاری ساختە لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ٢٧ گرام ماددەی ھۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ھێرۆین و حەبی ترامادۆڵ.
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی شاری ڕواندز و مامۆستا و ھونەرمەندی گەورەی کورد (زرار محەمەد مستەفا)مان پێگەیشت .
مامۆستا زرار جگە لەوەی کەسایەتیەکی ناوداری شاری ڕواندز بوو لە ھەمان کاتیشدا گەورە ھونەمەندێکی دیار بوو بە ھونەرەکەیەوە خزمەتێکی گەورەی بە ھونەری کوردی کردووە، دامەزرێنەری تیپی میوزیکی پاشای گەورەیە لە شاری ڕواندز، کە ئەو تیپە خوێندنگایەک بوو بۆ پێگەیاندنی ھونەرمەندان.
مامۆستا زرار لە ساڵی شەستەکانەوە گرنگی زۆری بە توانا ھونەریەکانی داوە لە بواری خوشنوسی، شێوەکاری، موزیک.
بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی قوڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەکەیان و گشت ھونەرمەندان دەکەین و لە خوای گەورە داواکارین جێگای مامۆستا زرار بەھەشت بێت و سەبوری ھەموو لایەکمان بدات.
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆ لە عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی ھەرێم گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە پێی ڕێککەوتنی ڤییەنا بۆ ھاتووچۆ، لە ئێستاشدا گفتوگۆکان بەردەوامن لە بارەی شێوە و ڕەنگ و نوسین و ژمارەی سەر تابلۆکان.
لەلایەکی ترەوە، "عەمید ئەسعەد مەلا کەریم" وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی ھاتووچۆی عێراق ڕێککەوتوون لەسەر گۆڕینی ژمارە و نوسینی سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی ھەموو پارێزگاکانی عێراق لە زمانی عەرەبییەوە بۆ ئینگلیزی، لە چەند مانگی داھاتووشدا دەست بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکرێت.
وتەبێژی پۆلیسی ھاتووچۆی ھەرێم وتیشی، لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٩٥٠ ھەزار ئۆتۆمبێل ھەیە و سەرجەمیان نوسینی سەر تابلۆکانیان بۆ زمانی ئینگلیزی دەگۆڕن.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی ھەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لە بارەی ھەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد کە بنکەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھاوڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە ھۆی شەھیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و ھاوڵاتی.
کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی ھەوڵەکانی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە، لەگەڵ ھەماھەنگیی تەواو لە نێوان ھێزە چەکدارەکانی عێراقدا بە پێشمەرگە و سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی ترەوە، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنیی نێوان ھەردوولادا.
لای خۆیەوە سەرۆکی ھەرێم تەواوی ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە عیراقیەکاندا دووپات کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عیراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە.
پۆلیسی ھەولێر ڕایگەیاندووە، شەوی ڕابردوو لە گوندی (لاجان)ی سەر بە ناحیەی شەمامک لە سنووری بنکەی پۆلیسی (تووڕەق) تەرمی دوو کەس دۆزرایەوە، دواتر ھێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر چوونە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کەوا دوو کەس کوژراون بە ناوەکانی (ع. ف. ش) تەمەن (٢٤ ساڵ) لەگەڵ ئافرەتێکی تەمەن (١٨ ساڵ) بە ناوی (ح. ق. ا).
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی خێزانی، لەلایەن برایانی ژنەکەوە تەقە لە ھەردووکیان کراوە و کوژراون.
بە گوێرەی قسەی کەسوکاری ژنەکەش ھۆکاری ئەو ڕووداوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام بنەماڵەی پیاوە کوژراوەکە ڕەتی دەکەنەوە کە ڕووداوەکە پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتیەوە ھەبێت، بە گوێرەی زانیاریەکان سەرەتا براکانی ژنە کوژراوەکە پیاوەکە دەکوژن و دواتر خوشکەکەی خۆشیان دەکوژن، تەرمی کوژراوەکانیش گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی ھەولێر.
"د. پشدەر عەبدوڵا" بەڕێوبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری ڕایگەیاند، بە مەبەستی پێدان و وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشێکی زۆری منداڵ داخڵی نەخۆشخانەکەیان کراوە، لە ئێستادا ھەریەک لە بەشەکانی منداڵی تازە لە دایکبووی یەک و چاودێری وورد و بەشێک لە یەکەکانی تری ناو نەخۆشخانەکە پڕ بوون لە نەخۆش و زۆربەیان منداڵانی خوار تەمەن یەک ساڵن کە بەھۆی ھەوکردنی سنگیان داخڵی نەخۆشخانەکراون و زۆربەیان پێویستیان بە مانەوە ھەیە.
ڕاشیگەیاند، بەھۆی لۆدێکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکە بە پێویستی دەزانن ژمارەی بێدەکان زیاد بکەن، کەس و کاری نەخۆشیش دڵنیا دەکەنەوە بە تەواوبوونی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو لۆدە زۆرەی سەر نەخۆشخانەکەیان چارەسەر دەکەن.
بەرێزان: بنەماڵە و خانەوادەی مامۆستا و ھونەرمەند زرار محەمەد ڕواندزی
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی شاری ڕواندز و مامۆستا و ھونەرمەندی دیاری کورد (زرار محەمەد مستەفا)م پێگەیشت، بەم بۆنە غەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان و گشت ھونەرمەندان دەکەم، خۆم بە ھاوبەشی خەمتان دەزانم.
لە کاتێکدا خەمباریمان بە لە دەستدانی مامۆستا زرار دەردەبڕین بە شانازییشەوە دەڕوانینە کاروانە پڕ بەخششەکەی لە بواری ئەدەب و ھونەر دا.
لە پەروەردگارم داوایە سەبوریی و ئۆقرەیی بە ھەموو لایەک ببەخشێت و دوا کۆستی خانەوادەکەتان بێت، گیانی کۆچکردووش بە بەھەشتی بەرین شاد بکات.
ٳنــا للە وٳنــا ٳلــیــە راجــعــون
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد
کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی ڕێکخستنی سلێمانی