لە ١٢ی ئاداری ١٩٩١ خەڵکی جەلەولا ڕاپەرینیان کرد و تا ئێوارە ناو شاری جەلەولا و دەوروبەریان ڕزگارکرد، بەڵام دواتر ڕژێم لە ئاسمان و لە زەمینەوە بە چەکی قورس تۆپبارانی کردن و بەھۆیەوە چەندین ھاووڵاتی شەھید بوون و ڕژێمیش زیانێکی زۆری ماددی و مەعنەویی لێکەوت.

لەلایەکی ترەوە ھەر ھەمان ڕۆژ قەزای مەخمووریش لە خوارووی ھەولێر ڕزگارکرا و لە ڕێگەی موسڵیش ھاووڵاتیان لە زێی کەڵەک پەڕینەوە بۆ بادینان و ئاکرێ و ناحیەی بجیل و سورچیایەتی و بەردەڕەش تا دەگاتە شێخان و سەرزێی خازر ڕزگارکران.