قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێم لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەخۆشی لە کەسواری شەھیدەکانی شەوی رابردووی گوندی قەرەسالم دەکات و ھیوای باش بوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
راشیگەیاند، مەترسییەکانی داعشی تیرۆریست رۆژ لەدوای رۆژ گەورەتر دەبن بۆیە پێویستە پێشمەرگە لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان و ھاوپەیمانان کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەنەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە، زۆر بەوردی و لە نزیکەوە چاودێری سەرجەم بەدواداچوون، پلان و ستراتیژ و شێوازی نوێی بەرەنگاری و گورزوەشاندن لە تیرۆریستان دەکات. و دڵنیایش دەدات جموجۆڵی تیرۆریستان بە بێ وەڵام و گورزی پۆڵاینی ھێزی پێشمەرگە تێناپەڕێت.
ھەروەھا کوردستانیان ودانیشتوانی ئەو ناوچانەش دڵنیا دەکاتەوە،کە لە نزیکترین کاتدا ئەو مەرامانە پوچەڵدەکرێنەوە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆڵەی دڵۆپ بە دڵۆپی خوێنی شەھیدەکانیان دەکەنەوە و پارێزەری سەروماڵی یەک بەیەکتان دەبن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاندوە،ھۆکاری ئەوزەفەر بردنانە ئەوەیە ئەو سنوورانە پێویستیان بە پشتێنەی ئەمنی تۆکمەتر ھەیە، کە بەھێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت و پێویستە بەخێرایی لە ھەموو روویەکەوە ئامادە و پڕچەک بکرێن، ھەر بۆیە لە ئەمڕۆوە ھەنگاوی پێویست دەنرێت، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ھاوکاری سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆن و کێوماڵی بەپەلە دەکەن، تاوەکو ئاسایشی ھەرێم و ناوچەکە بپارێزرێت و رێگیر بکرێت لە ھەر پلانێک کە ئارامی لە خەڵک تێکبدات.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەداخێکی زۆرەوە شەوی رابردوو لەکاتی بە جێگەیاندنی ئەرکی یاسایی خۆیاندا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، مەفرەزەیەکی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان توشی رووداوێکی تەقەکردن بوون و بەھۆیەوە ئەفسەرێک بەپلەی نەقیب گیانی سپارد و سێ کارمەندی تریش برینداربوون.
ھاوکات پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادە و ھاوڕێ و ئازیزانی نەقیبی کۆچکردوو"محەممەد لەتیف عەبدولکەریم" کرد و ھیوای زوو چاکبونەوەی بۆ بریندارانی تری ئەو رووداوە خواست، داواشیکرد لە دەزگا ئەمنییەکان بکەری ئەو رووداوە رادەستی دادگای بکەن بۆئەوەی بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانە وەربگرێت.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە، پەرۆشی بۆ جێبەجێکردنی یاسا لەم ھەرێمەدا دووپات دەکەنەوە و راشیدەگەیەنین کە پیاوانی پۆلیس شایەنی رێزلێگرتنن بۆ ئەو ئەرکە نیشتمانییەی بەجێی دەگەیەنن لەپاراستنی ئارامی و جیبەجێکردنی یاسا و خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ھەرئەوانیش یەکەم وێستگەی پاراستنی کۆمەڵن لە تاوان و ھەڵسوکەوتە چەوتەکان.
"خدر عەلی" دانیشتووی گوندی لھێبان لە چیای قەرەچوغ سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، شەوی ڕابردوو تیرۆرستانی داعش چوار دەوری گوندەکەیان گرت و دەستیان کرد بە پەلاماردان، ھەر زوو پیاو و گەنجی گوندەکە لێیان ھاتنەدەست و سەرەڕای ئەوەی دانیشتوانی گوندەکە داوای بەھاناوەچوونیان لە ھێزە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد بەڵام بەھانایانەوە نەچوون و تا سەعات "دوو "ی شەو شەڕ بەردەوام بوو، دواتر دانیشتوانی گوندەکە پەلاماری تیرۆرستانیان تێکشکاند.
وتیشی، ئەم بەیانییە خەڵکی گوند چواردەوری گوندەکەیان پشکنی و بۆیان دەرکەوت لە شەڕەکەی دوێنێ شەو چەکداری تیرۆرستان بریندار کراوە.
خدرعەلی راشیگەیاند، گوندی لھێبان نزیکەی ٤٥ ماڵی تێدایە بەڵام بەھۆی ئەوەی ھیچ ھێزێکی سەربازی عێراق و ھەرێم نایەت بەھانایانەوە ئەمڕۆ گوندەکەیان چۆڵ دەکەن و ماڵ و زەوی و زاریان دەکەوێتە دەستی داعش.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ھەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا و ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە، ماوەکانی پێدانی کارەبا بۆ ١٠ تا ١٢ سەعات کەم بووەتەوە.
راشیگەیاند، خواستی ھاوڵاتیان لەسەر کارەبا شەش ھەزار مێگاواتە بەڵام لە ئێستادا رۆژانە وەزارەتی کارەبا تەنھا ٢٨٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت. ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کار بۆ گەڕاندنەوەی دوو یەکەی وێستگەی ھەڵمیی خەبات دەکات و تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی کارەبا دەگەڕێتەوە و رەوشی کارەبا باشتر دەبێت.
ئەم روونکردنەوەی کارەبا دوای ئەوە دێت کە رۆژی ٢٨ی تشرینی دووەم واتە ھەشت رۆژ پێش ئێستا بە ھەمان شێوە رایگەیاند رەوشی کارەبا باشتر دەبێت بەڵام تا ئێستا رۆژانە ١٠ تا ١٢ سەعات کارەبا بە ھاوڵاتیان دەدرێت.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیشدا نوێنەری خوێندكارانی ناڕازی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند: سوپاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەین كە بەدەنگ داواكارییەكانیانەوە هاتووە و بەشێك لە داواكارییەكانی جێبەجێ كردون، بەڵام داواكاری سەرەكی ئەوان گەڕانەوەی دەرماڵەیەو ئەركی حكومەتە ئەو داواكارییەیان جێبەجێ بكات ،هاوكات هەر ئەمڕۆ بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی راپەڕین گردبونەوە و داوایان كرد حكومەت بێت بەدەنگ داواكارییەكانیانەوە و سەرجەم داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات .
بەڕێوەبەری ناحیەی "زاویتە" رایگەیاند، پارساتنی ژینگە ئەركی هاووڵاتیان و حكومەتە و ژینگەپارێزانیش دەڵێن دەیانەوێت هۆشداری ژینگەیی بدەن و هاووڵاتیان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن.
"كوردۆ عومەر" بەڕێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو كەسەی تەقەی لە پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كرد ئەو كەسە نەبوو كە فەرمانی گرتنی هەبوو بەڵكو كەسێكی زۆر نزیكی بووە و دوای رووداوەكەش هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.
وتیشی، پێش دابەزینی پۆلیسەكان لە ئۆتۆمبێلەكەیان لەلایەن بكوژەكەوە تەقەیان لێكراوە و نەقیبێك شەهید كراوە و چوار پۆلیسی تریش بریندران، دواتر بەهۆی ئەوەی فیشەك بەر تانكی ئۆتۆمبێلی پۆلیسەكان كەوتووە ئۆتۆمبێلەكەشیان سوتاوە.
\
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بۆ گۆڕینی پۆستی سەرۆکی زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ڕاپەڕین و چەرموو دەکات لەگەڵ سەرۆکی دەستەی کوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی.
راشیگەیاند، ھەر کەسێک ئارەزووی وەرگرتنی ئەو پۆستانەی ھەیە و مەرجەکانی تێدایە، دەتوانێت تا ١٢ی ئەم مانگە سیڤی و و داواکارییەکەی پێشکەش بکات. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو کەسەی داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەی کاری پێشکەش بکات بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی زانکۆکەی بۆ ئەو چوار ساڵەی کە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.